د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی ڕێكخراوی سۆڵیداریه‌تی له‌گه‌ڵ كوردستان گفتوگۆی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ڕێكخراوه و دامه‌زراوه جیاكانی هه‌رێمی كوردستان كرد، هه‌روه‌ك جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی لابردن و نه‌هێشتنی شوێنه‌واره خراپه‌كانی ڕه‌فتاره‌كانی داعشی له كوردستان كرد.
له‌سه‌ره‌تای ئه‌و دیداره‌دا (ئاشنا مه‌جید كاكه) سه‌رۆكی وه‌فدی ڕێكخراویی سۆڵیداریه‌تی له‌گه‌ڵ كوردستان، دوای ئه‌وه‌ی سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ی كرد، كورته‌یه‌كی له‌باره‌ی ڕێكخراوه‌كه‌یان پێشكه‌شكرد و ڕایگه‌یاند: ڕێكخراوه‌كه‌مان له ساڵی (2014) دامه‌زراوه و باره‌گای سه‌ره‌كی له (ئۆسلۆ)ی پایه‌تختی نه‌رویجه، وتیشی رێكخراوه‌كه‌مان كارده‌كات بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پالپشتی و پشتیوانی بۆ گه‌لی كورد له پێناو چه‌سپاندنی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و مافه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ڕونیشیكرده‌وه كه هه‌نگاوی یه‌كه‌می كاره‌كانمان بریتیه له لۆبیكردن و كۆكردنه‌وه‌ی پاڵپشتی له ناو دۆستانمان و گۆڕینی ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه‌ی نه‌یارانمانه بۆ پشتیوانیكردنی دۆزی كورد، له‌هه‌مان كاتدا ده‌مانه‌وێ په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه كوردیه‌كان له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان دروست و به‌هێزبكه‌ین.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌و دیدار وكۆبونهوانه كرد، كه له ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له كوردستان له سێكته‌ر و بواره جیاوازه‌كان له شاره‌كانی كوردستان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
له به‌رامبه‌ردا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌خێرهێنانی وه‌فدی میوانی كرد و وتی: ئێمه ئاماده‌ین بۆ هه‌ر جۆره هاوكاریه‌ك بۆ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردولا، وتیشی هاتنی ئێوه بۆ كوردستانه ئاماژه‌یه‌كی گرنگه به‌وه‌ی كه بایه‌خدانێكی زۆرتان بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ كوردستان هه‌یه، له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا د.یوسف گۆران وتی: ئێمه تازه له شه‌ڕی دژ به‌داعش ته‌واوبوین، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه سه‌ركه‌وتوبوین، به‌ڵام داعش و ڕه‌فتاره‌كانی داعش شوێنه‌واری خراپی دوای خۆیی جێهێشتوه، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌ئاواره‌كان و ژنانی ئێزیدی كه دوچاری ده‌یان كێشه بون، به‌تایبه‌ت كێشه‌ی ده‌رونی كۆمه‌ڵایه‌تی بون، بۆیه ده‌كرێ هاوكاری كۆمه‌ڵایه‌تی – ده‌رونی ژنانی ئێزدی ئێمه بن بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه ناو كۆمه‌ڵگه، ئاشكراشیكرد ئه‌وه كار و پڕۆژه‌یه‌كی گرنگه گه‌ر بتوانن هاوكارمان بن له جێبه‌جێكردنیدا، هه‌روه‌ك جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه، كه هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی دیكه كه ڕێكخراوه‌كه‌تان هه‌یانه و پێویستی به‌لایه‌نی ئه‌كادیمی بێ ئێمه ئاماده‌ی هه‌ماهه‌نگی و هاوكارین له‌گه‌ڵتان، چونكه به‌شی ئه‌كادیمی تایبه‌ت به‌و بواره (كلینیكل سایكۆلۆجی)مان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و به‌شه زانستیانه پێویستیان به‌هاوكاری لۆجیستیه، وتیشی ئه‌وه له كاتێكدایه كه ئه‌و به‌شه زانستیانه له ئێراق بونی نیه، بۆیه هاوكاریكردنی ئه‌و به‌شانه سودی بۆ سه‌رانسه‌ری ئێراقیش ده‌بێ، هیوای خواست به وردی ئه‌وه پڕۆژه‌یه تاوتوێ بكه‌ن و كاری جدی له‌سه‌ر بكه‌ن.
ئه‌و دیداره، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ڕێكه‌وتی (26/11/2018) له دیوانی وه‌زاره‌ت به‌ئاماده‌بونی د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، د.جوان جه‌لال شه‌ریف به‌رێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی نێردراوان و په‌یوه‌ندییه ڕۆشنبیرییه‌كان و، ژماره‌یه‌ك له ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتیارانی ڕێكخراوی سۆڵیداریه‌تی له‌گه‌ڵ كوردستان به‌ڕێوه‌چو، گفتوگۆ له‌باره‌ی چه‌ندین لایه‌نێكی دیكه‌ی زانستی و ئه‌كادیمی و بواره‌كانی خوێندن و خوێندنی باڵا له كوردستان كرا.