نوفمبر 2016

وەزاره‌تی خوێندنى باڵا له‌گه‌ڵ سریلانکا ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كی لێكگه‌یشتن ئیمزا ده‌كه‌ن

srilanka

بەمەبەستى پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەریمى کوردستان و وڵاتى سریلانکا، ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتى 26/7/2018 د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پێشوازیکرد لە (نيرانجان اسوكا راناسنگها) باڵیۆزى کۆمارى سریلانکا لە ئێراق و،  (ئەحمەد جەلالەدین) کونسوڵى فەخرى ئەو وڵاتە لە هەرێمى کوردستان.

لە دیدارێکدا کە د. محمد حسین سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری و، د.خه‌تاب شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی و دارایی ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا کرا، بەتایبەت لەڕوى ئەکادیمى و زانستى و کلتورى لەبوارەکانى ئاڵوگۆرى خوێندکاران و ڕاهێنان و توێژینەوە.

لە وتەیەکدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى بەخێرهێنانى باڵیۆزى کۆمارى سریلانکا لە ئێراق بۆ هەرێمى کوردستان، وتی: خۆشحاڵین كه‌ سریلانکا په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌ خوێندنی باڵا-وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ن.

بۆ گەشەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان وڵاتى سریلانکا و حکومەتى هەرێمى کوردستان به‌تایبه‌ت له‌ بواری خوێندنی باڵا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتى کردوە بۆ ئێمە گرنگە پەیوەندیمان لەگەڵ سریلانكا هه‌بێ، بەتایبەت لەبوارى گۆڕینەوەى ئاڵوگۆڕى خوێندكاران و ستافی مامۆستایان و دروستكردنی په‌یوه‌ندی زانستی و ئه‌كادیمی له‌ نێوان زانكۆكاندا، وتیشی خوێندكارانی سریلانکا هاوشێوه‌ی خوێندكارانی وڵاتانی دنیا ده‌توانن سود له‌ به‌رنامه‌ی (کورد سکۆلەرشیپ) وه‌ربگرن و، بێنه‌ كوردستان لەبوارەکانى زمان و مێژو و جوگرافیا و ئەدەب و كه‌لتوری کوردى بخوێنن.

 له‌ به‌رامبه‌ردا، (نيرانجان اسوكا راناسنگها) باڵیۆزى کۆمارى سریلانکا لە ئێراق وێڕاى سوپاسگوزارى بۆ ئەم پێشوازیە گه‌رمه‌، باسى لە گرنگى دیدارى لەگەڵ وەزیرى خوێندنى باڵا کرد و وتى: ده‌مانه‌وێ پەیوەندیەکانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان فراوانتر بکەین، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: كه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وڵاته‌كه‌ی ڕه‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ له‌سه‌ر پێشنیازێكی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاڵوگۆڕى خوێندکاران له‌ نێوان هه‌ردولا، هیواشی خواست ئه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌ك بێ بۆ دانانی به‌ردی بناخه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی زانستی له‌ نێوان هه‌ردولا له‌پێناو بەرژەوەندى زانستى نێوانمان.

لە کۆتایى دیدارەکەدا، گفتوگۆ له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی ڕشنوسی ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ك له‌ نێوان هه‌ردولا كرا، بۆ ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان لەبوارى زانستى و ئەکادیمی و راهێنان، هه‌روه‌ك تاوتوێکردنى ئەنجامدانى یەکەمین قۆناخى ئاڵوگۆڕى خوێندکاران جه‌ختی له‌سه‌ر كرایه‌وه‌.