نوفمبر 2016

گەشتێکى زانستى بۆ (چین) وڵاتە سەیر و سەمەرەکەى جیهان

china1

كۆمپانیای هواوی چینی له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی (seesds for the future) كه‌ خوێندكاران له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان گه‌شتیان بۆ ڕیكده‌خات بۆ ئه‌وه‌ی خولی ڕاهێنان له‌ بواری ئای تی له‌ كۆمپانیایه‌كه‌ ببینن، له‌هه‌مان كاتدا ئاشنایی مێژوی و كه‌لتور و بواری پێشكه‌وتنی ئه‌و وڵاته‌ بن، بۆیه‌ ساڵی (2017) له‌سه‌ر پێشنیازی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان، خوێندكارانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیایه‌وه‌ وه‌ك خوێندكاری وڵاتانی جیهان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كرا و، ئه‌وه‌بوو یه‌كه‌مین گروپی خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان له‌ بواری ئای تی سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌یان كرد، له‌م به‌دواداچونه‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌دا كه‌ له‌لایه‌ن (هێمن ئه‌مین شوانی- به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان) ئاماده‌كراوه‌ باس لە وێستگه‌کانى سەردانى ئەو گروپەى خوێندکاران بەتایبەت و، بوارى ئابورى و تەکنەلۆجیا و سیستمى خوێندن و بوارى گەشتیارى بەگشتى کراوە...

1

چین

چین  وڵاتى گەورە و پان و پۆڕ و پڕ حەشیمەت و  سەرسوڕهێنەرەکەى جیهان، وڵاتێک لە هونەرى تەلارسازییەوە بگرە بۆ ڕێکخستنى ژیانى کۆمەڵایەتى و ئابورى و سیاسى و تەکنەلۆژى و کشتوکاڵ و بوارى گەشتیارى  تا دەگاتە خوێندن و زانست پڕ لە شتى دانسقە و سەیر و سەمەرە، ئەم وڵاتە کە بەدرێژاى ژیانى مرۆڤایەتى مێژوى هەیە، مێژوەکەى پڕە لە دەسکەوتى جۆراو جۆر، دانیشتوانى ئەو وڵاتە کە ژمارەیان نزیک بۆتەوە لە ملیارێک و چوارسەد میلۆن کەس هەریەکەیان بەکار و پڕۆژەیەک سەرقاڵن، ئەوەى مرۆڤ بەدرێژاى ژیانى بیرى لێ دەکاتەوە و پێویستێتى بۆ ڕایکردنى کاروبارەکانى ژیان لەم وڵاتە بەرهەم هاتوە، بۆیە هیچ شتێک لاى چینیەکان ئەستەم نیە.

2

چین كە دەکەوێتە كێشوه‌رى ئاسیا‌ له‌ڕوى ژماره‌ى دانیشتوانه‌وه‌ به‌راورد به‌هه‌موو وڵاتانى دیكه‌ى جیهان زۆرترین ژماره‌ى دانیشتوانى جیهان له‌خۆده‌گرێت، چین لە پڕۆسەى چاکسازیى و کرانەوە و مۆدێرنێزەکردنى نەتەوەییدا و بەمەبەستى پیشخستنى گەشەکردنى ئابورى و کۆمەڵایەتى جۆرها پێوەرى پیادەکردوە تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەى ئەمڕۆ، کە بۆتە سەرمەشقى وڵاتانى پیشەسازى و بازرگانى و دوەمین وڵاتى ئابورى جیهان، ئەوەتا دەبینین كۆى به‌رهه‌مى ناوخۆى نیشتمانى چین ساڵانه‌ له‌سه‌روى (10) هه‌زار ملیار دۆلاره‌، ژێرخانه‌ ئابورییه‌كانى چین، له‌وانه‌ رێگەوبانه‌كان، فڕۆكه‌خانه‌كان، رێگه‌ى ئاسن‌و به‌نده‌ره‌كان لە گەشەکردن و پێشکەوتنى بەردەوامدان.

چین بەهۆى چڕی‌ زۆر له‌ دانیشتوانەکەى، باڵه‌خانه‌كانى نیشته‌جێبونى به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵكشاون،  ئەو وڵاتە ئابوریه‌كه‌ى گه‌شه‌كردنێكى خێراى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و، ڕۆڵێكى گرنگیش له‌ پرۆژه‌كانى پێشخستن و وه‌به‌رهێنان له‌ زۆرێك له‌ وڵاتاندا دەگێڕێت، له‌م ده‌یه‌ى دوایدا، وڵاتى چین په‌یوه‌ندى ئابورى و ئالۆگۆرى بازرگانى  له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ (١٠٠) وڵاتى جیهان دروستکردوە، گه‌شه‌ى ئابورى چین لە سەردەمى نوێدا، به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى له‌سه‌ر پیشه‌سازى و هەناردەکردن بونیادنراوه‌، هەروەک بنه‌ماى ڕاكێشانى سه‌رمایه‌گوزارى ده‌ره‌كى ‌و هه‌نارده‌ى كاڵا  بۆ بازاڕه‌كانى جیهان بۆتە خاڵیکى دیکەى بەهێزى پێشکەوتنى ئەو وڵاتە.

وڵاتى چین دەکەویتە ڕۆژهەڵاتى ئاسیا ڕوبەرەکەى نۆ ملیۆن و ٥٩٦ هەزار کیلۆمەتر چوار گۆشەیە. زمانى ڕەسمى چین "ماندارین"ە و، دراوى ئەو وڵاتەش ناوى یوان (ڕنمینبی)یە.

4

له‌ڕوى سیاسییه‌وه‌، چین هێشتا له‌سایه‌ى سیسته‌مێكى تاك حیزبییدایە، حزبى کۆمۆنیستى چین لە مانگى تەمووزى (١٩٢١) دامەزراوە، ئەو حزبە لە "خەباتێکى چڕدا" بووە بۆ دەرپەڕاندنى داگیرکاریى ژاپۆن و فەڕەنسا و بەریتانیا و کۆتایهێنان بە سیستمى دەرەبەگایەتى، بەرئەنجامى ئەو خەباتە ئەوەبوو، کە  حزبى کۆمۆنیستى چین لە (١)ى تشرینى یەکەمى ساڵى (١٩٤٩) بە سەرۆکایەتى (ماو) دەسەڵاتى گرتە لەو وڵاتەدا دەست.

لە چوارچێوەى ڕیفۆرمى گەشەکردنى وڵاتدا،  ئابورى چین لە ساڵانى (١٩٧٠)کان بە دواوە بە خێرایى گەشەى کرد تا گەیشتە ئەوەى ببێتە یەکێک لە ئابورییە گەورەکانى جیهان، ئابوریى چین لە ساڵى (١٩٨٠) بۆ (٢٠٠٠) ڕێگەیەکى (١٠٠) ساڵەى بڕیوە، چونکە لەو ماوەیەدا ئاستى ژیانى خەڵکى چین (٢٢) هێندەى پێشوتر گەشەى کرد، داهاتى تاک (٥٤) هێندەى پێشوو زیادیکرد، گەشەى ئابورى چین لە ساڵى (٢٠١٧) گەیشتە ڕێژەى (٦,٩%). لە بوارى پەروەردەشەدا کۆماری میللى چین لە ساڵەکانى (٨٠)ى سەدەى ڕابردودا بایەخدانەکانى بەلایەنى پەروەردە و فێرکردن دەستپێکرد و بەهۆیەوە هەزاران قوتابخانە و خوێندنگە دروستکران، بەهەمان شێوە لە کردنەوەی زانکۆ و پەیمانگە کۆمارى میللى چین کەمتەرخەم نەبوە، بەڵکو چەندین زانکۆ و پەیمانگەى لە بوارە جیاکان کردەوە...

پرۆژەى پێشخستن و گەشەپێدان بە ئابوورى چین بۆ ئابووریەکى مۆدێڕن و هاوچەرخ له‌سه‌ر بنه‌ماى راكێشانى سه‌رمایه‌گوزارى ده‌ره‌كى‌و هه‌نارده‌ى كاڵا بۆ بازاڕه‌كانى جیهان بەردەوامیى هەیە.

5

هەرێمى کوردستان سود لە ئەزمونى دەوڵەمەندى چین وەردەگرێ

بەئامانجى سود وەرگرتن لەو ئەزمونە دەوڵەمەند و گرنگەى وڵاتانى باشورى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا، بەتایبەت کۆمارى میللى چین، ساڵى (٢٠١٧) وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاى هواوى چینى ڕێکەوتنامەیەکیان بۆ ڕاهێنانى خوێندکاران لە بوارى تەکنەلۆژیایى زانیارى ئیمزا کرد تا خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان بتوانن سود لە ئەزمونى دەوڵەمەندى ئەو وڵاتە لە بوارى تەکنەلۆژیاى زانیارى وەربگرن، هەروەک ئاشنایى مێژو و کەلەپور و ئەزمونى دەوڵەمەندى ئەو وڵاتە لە بوارە جیاکان بن.

6

لەو چوارچێوەیەدا، هەر هەمان ساڵ و، لەبەر ڕۆشنایى ڕێکەوتنامەکەدا، (١٠) خوێندکاری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕاهێنانی لە بواری گەیاندن و تەکنەلۆژیای زانیاری، لەسەر ئەرکی کۆمپانیای هواوی سەردانى (کۆماری میللی چین)یان کرد.

7

ئەم گروپەى خوێندكارانى زانکۆکانى کوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن د.خه‌تاب شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی و دارایی سه‌رپه‌رشتی ده‌كران، هه‌ریه‌ك له‌ د.محمد حسین كه‌لاری به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كیه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، هێمن ئه‌مین شوانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هاوه‌ڵی ده‌كران، به‌گه‌یشتنیان به‌ به‌یجینی پایته‌ختی كۆماری میللی چین له‌لایه‌ن كۆمپانیای (هواوی)یه‌وه خولی ڕاهێنانیان له‌ بواری زمان و ئایتی بۆ ڕێكخرابوو.

9

له‌سه‌ره‌تادا ڕاسته‌وخۆ  له‌ زانكۆی (په‌كین بۆ كه‌لتور و زمان) ده‌ستیان به‌خولی فێربونی زمانی چینی كرد، له‌و خوله‌دا كه‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژ به‌رده‌وام بوو، خوێندكاران به‌شێوه‌یه‌كی تیوری و پراكیتكی له‌ بواری زمانی چینی ڕاهێنانیان پێكرا و ئاشنایى بنەماکانى ئەو زمانە کران......... دواتریش له‌ مه‌راسیمێكدا له‌لایه‌ن كۆمپانیای هواویه‌وه‌ بڕوانامه‌ی ده‌رچون به‌سه‌ر به‌شداربواندا دابه‌شكرا.

خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان لەماوەى مانەوەیان لە پەکینى پایتەخت سه‌ردانی چه‌ندین شوێنه‌واری دێرینی وه‌ك شورای چین و، كۆشكی پادشایه‌تی و، شاری قه‌ده‌خه‌كرا و، چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌یان كرد‌، له‌وه‌شدا شارەزایى ئەزمون و کەلتورى كۆماری میللی چین و، ئەزمونی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌و وڵاته‌ بون....

10

شورایى چین:

شورایى چینى مەزن (Great Wall) ڕوبەرێکى فراوانى لە خاکى چین داگیرکردوە و، بۆتە بەشێک لە هێما و نیشانەکانى ناسینەوەى چین، ئەو شوراییە بەیەکێک لە گەورەترین کارى تەلارسازى ناوازە لە جیهان دادەنرێت و، دەکەوێتە باشورى ئەو وڵاتە و هاوسنورە لەگەڵ باکورى مەنگۆلیا.

 میژوى دروستکردنى ئەو شوراییە دەگەڕێتەوە بۆ (٢٣٠٠) ساڵ لەومەوبەر، لە ساڵى (١٩٨٧) وەک شوێنەوارێکى مێژوى دانسقە ناوى لە لیستى یونسکۆ بۆ کەلتور و شوێنەوارەکان تۆمارکرا.

 (تشین شی هوانگ) یەکەم پادشا بوە، لە ساڵى (٢٢١ پ.ز) فەرمانیداوە بەدروستکردنى شوراى چین، دواتر و لەسەردەمى فەرمانڕەوایى ژماریەک پادشاى دیکە لە ساڵانى نێوان (٢٢١-٢٠٦ پ.ز) قۆناخى یەکەمى دروست کراوە، لە ساڵى (١٣٦٨-١٦٤٤) لەسەردەمى فەرمانڕاویى (مینگ) بەشێکى زۆرترى دروستکراوە.

11

درێژى شوراى چینى مەزن دەگاتە (٢١,١٩٦,١٨)کم.... لە دروستکردنى شوراى چیندا ئامێر و ئامراز و کەرەستەى سەرەتایى و سەردەمى خۆیدا تێدا بەکارهاتوە و، بەزۆرى قوڕ و بەردیان بەکارهێناوە. پانى شوراکە دەگاتە زیاتر لە (٨) مەتر و، بەرزیەکەشى بەپێى شوێنەکان دەگۆڕێ تا دەگاتە زیاتر لە (٩) مەتر لە هەندێک شوێندا، هەروەک لە نێوان هەر (١٠٠) مەترێک تاوەڕیکى چاودێرى بە بەرزى (١٢) مەتر دروستکراوە، مەبەست لە دروستکردنی ئەو تاوەرانەش بۆ چاودێریکردنى ناوچەکە بوە.

 سەرچاوە مێژوییەکان ئاماژە بەوەدەکەن ئامانج لە دروستکردنى ئەو شورایە لەسەردەمى خۆیدا بۆ لایەنى سەربازى و سیاسى بوە، لە ڕوى سەربازیەوە وەک بەربەستێک بوە بۆ هێرشەکانى دوژمن بەتایبەت هێرشەکانى مەخۆل، لە ڕوى سیاسیشەوە بۆ دورگرتنى چین بوە لە دەستوەردان لە کاروبارى سیاسى ئەوسایى چین، بەڵام لە ئێستا ئەو شورایە گرنگى تەلارسازى خۆى هەیە و بۆتە یەکێک لە کارە ناوازە تەلارسازییەکانى مێژو، چونکە لەسەر مانگ بەئاسانى دەبینرێ، هەر ئەوەش وایکردوە ببێتە یەکێک لە حەوت شتە سەرسوڕهێنەرەکەى جیهان و، ساڵانەش لەسەرانسەرى جیهان وەک ناوچەیەکى گەشتیارى گرنگ بەملیۆنان کەس ڕوى تێ بکەن و بەشە جیاکانى بەسەر بکەنەوە.   

12

لە دروستکردنى شورایى چین-دا نزیکەى (٣٠٠،٠٠٠) کرێکار کاریان کردوە و، ژمارەیەکى زۆریش لەو کرێکارانە بەهۆى سەختى ناوچەى کارکردن گیانیان لەدەستداوە، بەپێى ئامارەکان نزیکەى (١٠) هەزار کرێکار بەدرێژاى مێژوى کارکردن و دروستکردن لەو شورایە گیانیان لەدەستداوە و، هەر لە نزیک شوراکەش نێژراون، ئەو شورایە بەدرێژاى تەمەنى لەسەردەمە جیاوازەکاندا چەندین جار نۆژەنکراوتەوە.

یەکەمین گروپى خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستانیش دواى دوو سەعات بەڕێکەوتن لە پەکین- گەیشتە ئەو شورایە و، بەشە جیاکانى ئەو شوراییەیانە بەسەرکردەوە و خۆشحاڵى خۆیان پیشاندا کە لە نزیکەوە ئاشنایى ئەو شوێنە مێژوییەى جیهان بون.

14

شارى قەدەخکراو

کۆشکى ئیمپراتۆرى یاخود شارى قەدەخکراو (Forbidden City):  یەکێکە لە کۆشکە ناوازەکانى مێژوى ئیمپراتۆریەت لە جیهان.... ئەم کۆشە دەکەوێتە پەکینى پایتەختى چین، بەیەکێک لە شاکارەکانى مێژوى تەلارسازى چینى دادەنرێ، کە لە ماوەى (١٤) ساڵ و لەسەردەمى فەرمانڕەواى ئیمپراتۆریەتى بنەماڵەى (مینگ ) و (تشینگ) لە ساڵانى نێوان (١٤٠٦-١٤٢٠) بە کارکردنى نزیکەى یەک ملیۆن کرێکار و سەد هەزار پیشەوەر و هونەرمەند دروستکراوە و، گەورەترین زنجیرە کۆشکە لە چین کە تا ئێستا پارێزگارى لێکراوە. لەم زنجیرە کۆشەکەدا بەهەزاران کارى هەڵکۆڵین و کارى دەستى و هونەرى مەزنى چینى ڕازاوەتەوە، کە مڕۆڤ سەدان ڕۆژى دەوێ تا لە وردەکارییەکانى ئەو کارە گەورە و مەزنەى وەستا و هونەرمەندانى ئەو سەردەمەى چین تێ بگات، چونکە ئەو شاکارە بەرهەمى ئامێر و کەرستەى پیشەسازى نیە، بەڵکو بەرهەمى دەست و کارى داهێنەرانەى خودى مرۆڤە.... ئەم کۆشەکە بۆ نزیکەى پێنچ سەدە لە هاوڵاتى و خەڵکى ئاسایى قەدەخە کرابوو سەردانى بکەن، بۆیە بەشارى قەدەخەکراو ناسراوە.

15

لەم کۆشکەدا نزیکەى یەک میلۆن پارچە و کەلوپەلى هونەرى ناوازە پارێزگاریلێکراوە و، ئێستا بۆتە مۆزەخانەیەکى گەورەى نیشتیمانى هونەرى تەلارسازى کۆن و شوێنەوار و پاشماوەکانى ئیمپراتۆریەت و هونەرە جیاوازەکانى کۆنى وەک خۆى تێدا نمایش کراوە، هەربۆیە لە ساڵى (١٩٨٧) یونسکۆ وەک یەکێک لە شوێنەوارەکانى جیهان ناساندى و خستیە ناو لیستى شوێنەوارە کەلتورییەکانى جیهان.

19

ڕوبەرى ئەم شارە قەدەخەکراوە بریتیە لە (٧٢٠,٠٠٠) مەتر دوجا، درێژەیەکەى دەگاتە (٩٦٠) مەتر و پانیەکەشى لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا دەگاتە (٧٥٠) مەتر، زیاتر لە (٨٠٠) باڵەخانەى تێدا دروستکراوە و، لە (٨٧٠٠) ژور پێکهاتوە، بەشێوەیەک ئیمپراتۆر هەر جارەو لە ژورێک خەوتوە، بۆیە بەدرێژاى مێژوى ئەو کۆشەکە هیچ ئیمپراتۆرێک نەکوژراوە، لە چوار دەورى شارەکەشدا شواریەک بەبەرزى (١٠)مەتر دروستکراوە، هاوکات بۆ پارێزگاریکردن  لە شارەکە ڕوبارێکی دەستکردیش بەناوى ڕوبارى (هوتشنگ) بەدەورەوبەرى شوراکە دروستکراوە،...جگە لە چوار دەرگا لە باکور و باشور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هیچ دەروازەیەکى دیکە نەبوە بۆ هاتوچۆکردن، لە گۆشەکانى کۆشکەکەشدا تاوەرى چاودێرى دروستکراوە.

16

ئەو شارە لە دو بەش پێکهاتوە، بەشى یەکەمیان کە بەشى پێشەوەى شارەکەیە تایبەت بوە بەجێبەجێکردنى مەراسیم و چالاکى و فیستیڤاڵى گشتى، هەرچى بەشى دوەمیانە کە بەشى ناوەڕاست و پشتەوەى شارەکەیە تایبەت بوە بەشوینى نیشتەجێبونى ئیمپراتۆر و خێزان و شوێنى ڕایکردنى کارەکانى ڕۆژانەى ئیمپراتۆر و، کۆبونەوە و پێشوازیکردن لە مێوانان و نێردەکان.

17

لەماوەى (٤٩١) ساڵدا، لەسەردەمى فەرمانڕەواى هەردو بنەماڵەى (مینگ و تشینگ) زیاتر لە (٣٠) ئیمپراتۆر لەو شارەوە فەرمانڕەوایەتى (چین)یان کردوە....تا ساڵى (١٩١٤) بەهۆى ئەو گۆڕانکاری و شۆڕشانەى لەو سەردەمەدا ڕویدا بەشى پێشەوەى بەڕوى جەماوەردا کرایەوە، هەروەک دواى وەدەرنانى ئیمپراتۆر (بویى) دواین ئیمپراتۆرى بنەماڵەى (تشینگ) لە کۆشکى فەرمانڕەوایەتى لە ساڵى (١٩٢٤)، ئەوەبو بەشى دوەمى کۆشک لە ساڵى (١٩٢٥) بەڕوى جەماوەردا کرایەوە و ناونرا (مۆزەخانەى کۆشکى ئیمپراتۆر)، هەروەک دواى دامەزراندنى کۆمارى میللى چین لە ساڵى (١٩٤٩) ساڵانە حکومەت بودجەیەکى تەرخان دەکرد بۆ نۆژەنکردنەوەى بەشەکانى ئەو کۆشەکە، لە ئێستاشدا ئەو کۆشەکە کە سەرجەم ئامێر و کەرەستەکانى پادشاکانى فەرمانڕواى چینى تێدا نمایش کراوە بۆتە شوێنێکى گەورەى گەششتیارى و ڕۆژانە بەهەزاران کەس لەسەرانسەرى وڵاتانى جیهان و شارەکانى چین سەردانى ئەو شارە دەکەن، کە ڕۆژگارێک هاوڵاتى ئاسایى بۆى نەبوو نزیکى ببێتەوە، بەڵام ئێستا بۆتە سەرچاوەیەکى گرنگى داهات بۆ دەوڵەت و بەپێى ئامارەکان ساڵانە نزیکەى (١٠) ملیۆن گەشتیار سەردانى ئەو شوێنە دەکەن.

18

پەرستگەى ئاسمان

پەرستگەى ئاسمان Temple of heaven : بریتیە لەو شوێنەى کە (مینگ و تشینگ)ى ئیمپراتۆر بۆ سروت و بۆنەو قوربانیەکان بۆ ڕێزگرتن لە ئاسمان لە پێناو بەروبومى باشتر دروستیان کرد، ئەم پەرستگایە کە دەکەوێتە لاى باشورى شارى پەکینى کۆن، لەسەر ڕوبەرى (٢٧٣) هێکتار زەوى لە ساڵانى نێوان  (1406-1420) و لەسەردەمى ئیمپراتۆر (Yongle) دروستکراوە، کە هاوکاتە لەگەڵ دروستکردنى شارى قەدەخەکراو، ئەم پەرستگایە لەسەدەکانى شازدە و هەژدەش نۆژەن و فراوان کراوەتەوە، بەپێى بیروباوەڕى چینیەکان ئەو پەرستگایە شوێنێکى پیرۆزە، چونکە زەوى دەبەستێتەوە بەئاسمان، هەر بەهۆى ئەو بیروباوەڕەى لەو سەردەمەدا هەبوە، کە چینیەکان پێیان وابووە زەوى چوارگۆشەیەو ئاسمان بازنەیە، بۆیە بناخەى ئەو پەرستگایەیان لە شێوەى چوارگۆشە دروستکردوە و، نهۆمەکانى سەرەوەشیان لە شێوەى بازنەیەى دروستکردوە، بناخە چوارگۆشەکەش لە ژمارەیەک پلیکانە پێکهاتوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەستنەوەى ئاسمان بەزەوى.

20

پەرستگەى ئاسمان لە چەند هۆلێک پێکهاتوە لەوانە، هۆڵى (تشینیان) کە بریتیە لە هۆڵى سەرەکى قوربانیدان، ئەم هۆڵە لە ساڵى (١٤٢٠) دروستکراوە، شێوەکەى خڕە و بنەمیچى هۆڵەکە لە ئاسن دروستکراوە و زەویەکەشى زێڕپۆشکراوە و لەگەڵ سێ چین نەخشەسازى مەزن، بەرزیەکەى (٣٣) مەتر و چێوەکەشى (٢٤) مەتر دوجایە، ئەو هۆڵە لەسەر سەکۆیەکى بەردى مەڕمەڕى سپى دروستکراوە کە لە سێ چین پێکدێ و دڕێژییەکەى دەگاتە شەش مەتر، هۆڵەکە بەتەواوەتى لە دار دروستکراوە و بەهیچ شێوەیەک قرمیت و کەرپوچ بەکارنەهاتوە، لەم هۆڵەدا چوار ستون لە ناوەڕاستەکەى هەیە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ چوار وەرزى ساڵ، لەهەمان کاتدا بیست و چوار ستونى دیکە لەسەروى لاکانى هۆڵەکە هەیە ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ دوانزە مانگ و دوانزە یەکەى پێوەرى کات (سەعات)، هەروەها وەک ئاماژەیەک بەدیاریکراوە بۆ (٢٤) ڕۆژى ڕۆژمێرى هەتاوى.

21

لە هۆڵى (هوانگتشیۆ نگیوى) واتا (زانستى دەنگ لە باڵەخانە) کە لە بەشێکى ئەو پەرستاگایەیە، لە پێشەوەى دەرگاکەکان بەشێوەى کەوانەیى بەبەرد دروستکراوە ، کاتێک دەرگاى هۆڵەکە کراوە دەبێت و پەنجەرەکان داخراو دەبێ، ئەگەر یەکێک بەئاراستەى دەرگاکە قسە بکات بۆ سێ جار دەنگدانەوەکەت گوێ لێ دەبێ. ئەم کردارە لە شوێنەکانى دیکەى پەرستگاکەش دوبارە کراوەتەوە، وەک دیوارى دەنگى، ئەوەش یەکێکى دیکەیە لە داهێنانەکانى ئەو سەردەمە کە لەم پەرستاگایەدا بەکارهاتوە، بەرزى ئەم دیوارە (٣,٧٢) مەترە و درێژییەکەى (٦١,٥) مەترە و بەکەرپوچ یان خشتى قوڕ دروستکراوە، کاتێک یەکێک لەلایەکى دیوارەکە قسەیەک دەکات، کەسانى زۆر دور گوێیان لێ قسەکان دەبێ، ئەوەش وەک ئامرازێکى پەیوەندى لەو سەردەمە بەکارهاتوە بۆ ئاگادارکردنەوەیان، بەوەش تەلارسازییەکانى ئەوساى چین پیرۆزییەکى دیکەیان بەخشیوە بە پەرستاگاکە.

ئەم پەرستاگایە و شوێنە مێژوییەکانى ئەو وڵاتە چەندە توێژینەوەى لەبارەوە بکرێ، هێشتا ئەهێنێ توێژینەوەى زیاتریان لەبارەوە بکرێ، چونکە ڕەنگدانەوەى هونەرى تەلارسازى چینى کۆنمان بۆ دەرەخات، کە لە چ ئاستێکى بەرز و گەورەدا بوە.

22

هەر لەم پەرستاگایەدا بایەخێکى زۆر بەسەوزایى دراوە، بۆ نمونە دارى سنوبەرى زۆربەرى ڕوبەڕى پەرستاگاکەى پۆشیوە، لەبایەخدان بەڕێژەى سەوزایى چینیەکان ڕەنگى سەوزى تۆخیان بەکارهێناوە، چونکە لەلاى چینیەکان ڕەنگى سەوزى تۆخ ئاماژەیە بۆ ڕێزگرتن و نزا، هەربۆیە دەبینین زۆربەى شوێنەکانى قوربانیدان و نزا و پاڕانەوە و پەرستگە و گۆڕستانەکانیان بەدارى سنوبەر داپۆشیوە، ڕوبەڕى سەوزایى ئەم پەرستگایەش بریتیە لە (١٦٨) هێکتار زەوى، کە زیاتر لە (٦٠) هەزار لە جۆرەکانى دارى تێدایە و، (٣٥٠٠) داریان لە دارە کۆنەکانن، بەوەش ئەم پەرستگەیە بۆتە یەکەمین شوێن لە پەکین کە زۆرترین ڕێژەى سەوزایى تێدا بێ، هەرئەوەش وایکردوە ژینگەیەکى پاک و تەندروستى هەبێ و، هەمیشە پلەى گەرمى  لە وەرزى هاوین بەبەرارود بەناوەڕاستى پەکین پێنچ بۆ شەش پلە کەمتر بێ.

23

ئەم پەرستگەیە لە ساڵى (١٩٩٨) لە لیستى یونسکۆ بۆ شوێنەوارییە جیهانیەکان تۆمارکرا و، لەهەمان ساڵیشدا بەڕوى گەشتیاراندا کرایەوە، بەهەمان شێوە ساڵانە ڕێژەیەکى زۆرى گەشتیار لەسەرانسەرى چین و وڵاتانى جیهان سەردانى دەکەن.

24

كۆشکى هاوينە

 یەکێک لە دڵڕفێنترین ناوچە گەشتیارییەکانى پەکین کۆشکى هاوینەیە (Summer Palace)، هەڵبەت نەک تەنها لە چین بەڵکو بگرە لە سەرانسەری جیهان. ئەم کۆشکە یەکەمجار لە ساڵی (١٧٥٠) لە سەردەمی خێزانی (چینگ)دا بونیادنرا، ڕوبەری بریتیە لە (٢,٩) کیلۆمەتر چوارگۆشە، کە سێ لە چوار بەشیی ئاوە.

ئەو سەروەختە، (چیان لۆنگ)ی ئیمپراتۆر بانگەوازی بۆ ئەندازیارانی بیناسازی کرد لە هەموو شوێنێک، ئەم ئیمپراتۆرە ئەو بیناسازانەی نقومی خەڵات کرد بۆ بونیادنانی ئەو توحفە بیناسازییە ئەوەش وەک ڕێزلێنانێک لە دایکی لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا. پاش (١٥) ساڵ لە بونیادنان و بیناسازی ئەو باخچە جوان و دڵڕفێنە بونیادنرا و ناونرا کۆشکى هاوینە.

25

باخچەکانی دەوروبەری سێ گرد لێوەی دوورن و بریتین لە پێنج باخچەی پێکەوەبەستراو. هەروەها پردێکی سەرنجڕاکێشیش بە (١٧) تاق دیزاینکراوە، دەریاچەکەش دوو هێندە فراوان کراوەتەوە. لە جەنگی ئەڤیوندا، سوپای بەریتانی و فەرەنسیی ئەو کۆشکەیان کاولکرد و پاشانیش جارێکی دیکە لەلایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە دوبارە کاولکرایەوە.

خاتونە ئیمپراتۆر (دواگر تسیشی) لەو کۆشکەدا نیشتەجێ بوە، کە بەدەستێکی ئاسنین فەرمانڕەوایەتی چینی کردوە و، توانیوییەتی بۆ ماوەى (٤٧) ساڵ فەرمانڕەوایەتی بکا، فەرمانەکانی گەڕانەوە و پەشیمانبونەوەی تێدا نەبوو. سەرەڕای دڵڕفێنی ئەو کۆشکە و باخچەکانی دەوروبەری، بەڵام لەسەروەختی فەرمانڕەوایەتی ئەودا گەندەڵی بڵاوەی کرد و، وڵاتی ڕوبەڕوی چەندان کارەساتی ناوخۆیی و شکستیی دەرەکی لەبەردەم سوپا خۆرئاواییە چاوچنۆکەکان کردەوە، بەو هۆیەوە کۆشکەکە دوجارى کاولکرا و سوتان بوەوە، چونکە بەبێ کاولکردنی بەشێکی نەیدەتوانی خۆی لەبەردەم هێرشەکاندا ڕابگرێ.

26

ساڵی (١٩٩٨) یۆنسکۆ ئەم کۆشکەى وەک گەنجینەیەکی کەلەپوری شارستانی لە جیهاندا لە قەڵەمدا، لە کۆشکی هاوینەی ئیمپراتۆریدا (یی خە یوان) زیاتر لە سەد باڵەخانەی کۆن لە کۆشکی بچوک و پرد و ماڵ باخچەی بچوک هەیە، وێڕای بوونی (١٦٠٠) درەختی کۆنی هەمەجۆر. هەندێکیان بەناوبانگن لای چینیەکان وەک بورجی (فوە شیانگ)، کە  ڕێڕەوێکی درێژی وێنەدار بەناوی (چانگ لانگ) و کەشتیی بەردینی کۆن (چی فانچ) و شەقامیی (سوچوی کۆن) و پردی بەردینی حەڤدە دەلاقەیی و باخچەی (چی شو یوان) بە ستایلی دێرینی چینی و  چەندان باڵەخانەی سێمبولی دێرین و ناسراوى لەخۆگرتوە.

کۆشکی هاوینەی (یی خە یوان) وەک گەنجینەیەک لە گەنجینە کەلتورییە دڵڕفێنەکانی نێو تۆماری مێژویی چینی و جیهانیی، ساڵانە نزیکەی پێشوازی لە ملیۆنێک گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەکی دەکا. هەر گەشتیارێک کە سەردانی دەکا، بەها و ڕێزێکی زۆری بۆ دادەنێ. دەکرێ بڵێین ئەو کۆشکە پەنجەرەیەکی گرنگە بۆ خستنەڕوی شارستانیەتی میللەتی چینی و پتەوکردنی ئاڵوگۆڕێ کەلتوری لە جیهانی دەرەوەدا.

27

باخچەی (یی خە یوان) تەنها خاوەن دیمەنێکی سروشتیی جوان نییە، بەڵکو وەک مۆزەخانەیەکی مێژویی زیندوە و، چەندان دیمەنی جیهانی بە خەڵکی پیشان دەدات، چونکە لە هەندێ هۆڵ و ژوی کۆن و باخچەی دێریندا، توحفە و شتی کۆنی وەک (گۆزەی برۆنزی و نەخشێنراو، کەرەستەی بەردیی بەنرخ، وێنە و شتی نەخشێنراو و چەندان کاری دەستیی جۆراوجۆر) خراوونەتەڕو، کە تەنها ئەوە نییە ئاستیی شارستانیی چینی دێرین بخاتەڕو، بەڵکو بەرجەستەکەری بلیمەتیی کەلتوری چینی دێرین و هونەری دەستیی دڵڕفێنی سەردەمی کۆنیشە.

لە پێناو پاراستنی باخچەکە بە شێوەیەکی باشتر، لەم ساڵانەی دواییدا حکومەت چەند شوێنێکی باخچە جیاوازەکانی نۆژەنکردەوە، ئەوەش وایکرد جوانتر و زیندووتر دەربکەوێ.

28

(چانگ لانگ) کە درێژین ڕێڕەوەى دەستکردە لەسەرئاستى چین و جیهان، دەکەوێتە بەرامبەر دەریاچەی کۆن (مینگ)، درێژیەکەی (٧٢٨) مەترە، ئەو ڕێڕەوە بۆ هاتوچۆی ئیمپراتۆر و هاوسەر و دۆست و گەورە بەرپرسان بوو بۆ بینینی دیمەنە سروشتییە دڵڕفێنەکان لە ڕۆژانیی باراناوی و بەفرباریندا. لەو ڕێرەوەدا زیاتر لە (١٤٠٠٠) تابلۆی جوان لە بنمیچی ڕێڕەوە درێژەکە کێشراوە، کە بریتین لە تابلۆی دیمەنی چیا و ڕوبار و ڕوەک و ئاژەڵ و ماسیی و مێرو و پاڵەوانی هەندێ لە چیرۆکە چینیە دێرینەکان. ئەو ڕێڕەوە درێژە جوانە وەک درێژترین ڕێڕەوی دەستکردیی دێرین لەسەر ئاستیی جیهان خرایە نێو (ئینسایکلۆپێدیای گینس بۆ ژمارەی پێوانەیی)کان.

29

شوێنێکی دیکەی دڵڕفێن لە باخچەکەدا هەیە بەناوی (تینگ لی قوان)، کە ساڵی (١٧٥٠) بونیادنراوە. شوێنێکی تایبەتە بوە بۆ کاتبەسەربردنی ئیمپراتۆرەکان وەک چێژوەرگرتن لە ئۆپێرا و نمایشە هونەرییەکانی دیکە. پاش دامەزراندنیی کۆماری چینی میللی، ئەو شوێنە بوە هۆڵی میوانداری بۆ پێشوازیکردن لە میوانە بیانیەکان. لەناوەوەشدا چێشتخانەیەکی دێرینی بەناوبانگ هەیە بە هەمان ناو، کە هەمیشە بەچێژترین و بەتامترین خواردنی چینی دێرین پێشکەش بە گەشتیاران دەکا.

شەقامیی (سوچوی دێرین) لە کۆشکی هاوینەدا، شوێنێکی گەشتیاری دیکەیە کە سیمای شارە چینیەکانی باشوری چینە، لە هەردوو لایەوە، هەندێ چایخانە و مەیخانە و شوێنی بازرگانی هەمەجۆر هەیە، گەشتیاران هەمیشە لەو شوێنە سەرقاڵیی بازاڕی و چایخواردنەوە و پشودان و دیمەنیی یاری میللیی و نەتەوەیی تایبەتن وەک سەمای شێر و نمایشیی هونەری و سترانیی ناوخۆیی و چەندان شتی دیکە. سەرەڕای ئەوەش، هەندێ تابلۆی نوسراو بە زمانیی بیانی لە هەندێ شوێنی گرنگی باخچەکە دانراوە بۆ ئەوەی گەشتیاران ئاگاداری بارودۆخ و مێژوی کۆشکی هاوینەی یی خە یوانی دڵڕفێن بێ.

30

یەکێکە لە دڵڕفێنترین و سەرنجڕاکێشترین باخچەی جیهان (چیای هو چان)ە، کە دەکەوێتە ئەوپەڕی باکوری کۆشکی هاوینە و، بە پارکیی دەریاچەی پشتەوە دادەنرێ. ئەو چیایە تەواو جیاوازە لە تایبەتمەندی و شکۆی پارکیی چیای پێشەوە، کە هیچ باڵەخانەیەکی شکۆداری زۆری لێ نییە وەک ئەوەی لە پارکیی شاخاوی پێشەوە هەیە، گەرچیی درەختە سەوزە چڕوپڕەکان و ڕێگە شاخاوییە پڕپێچاوپێچەکان ئارامیی و ئەفسونی ئەو شوێنە دەنوێنن.

پارکی دەریاچەی پێشەوە دەکەوێتە باشوری کۆشکی هاوینە کە ئاوێکی ڕوونی پێدا دەڕوا. لێرەوە دەکرێ لای خۆرئاواوە زنجیرە چیایەک ببینرێ و لای باکوریشەوە چەند باڵەخانە و کۆمەڵێک بورجی شکۆمەندانە هەیە. ڕێڕەوێک دەریاچەکە دوولەت دەکا و پڕە لە درەختیی خۆخ و بیی، هەروەها لەسەر دەریاچەکە شەش پرد لەسەر شێوەی کەوانەیی و سێ دوڕگە هەن کە باڵەخانەی کلاسیکی هەمەجۆر و جیاوازی لەسەر بونیادنراوە، هەروەک کۆشکەکەی (فو شیانگ) لەسەر چیای (وان شو) بە باڵەخانەیەکی سەرەکی لە کۆشکی هاوینە دادەنرێ. ئەو کۆشکەیە لەسەر بنکەیەکی چوارگۆشەیە کە بەرزییەکەی دەگاتە (٢١) مەتر. درێژیەکەشى (٤٠) مەترە و لە (٨) بەش و (٣) نهۆم و (٤) گوێسوانە پێکهاتوە. لەناو کۆشکۆکەدا (٨) ستونی گەورە هەیە، پەیکەری ئەو کۆشکەش زۆر ئاڵۆزە و بە باشترین باڵەخانەی نەریتی چینی دادەنرێ.

کۆشکی هاوینە دووجار لە مێژودا ڕوبەڕوی کاولکاری بۆتەوە. جاری یەکەم هێزە بەریتانی-فەرەنسییە هاوپەیمانەکان لە ساڵی (١٨٦٠) سوتێنرا، پاش ئەوەى نۆژەنکرایەوە. ساڵی (١٩٠٠) جارێکی دیکە لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە دوبارە کاولکرایەوە، جارێکى دیکە لە ساڵی (١٩٠٢) نۆژەنکرایەوە.

31

سیستمى پەروەردە و خوێندن لە چین

خوێندن و فێرکردن، یەکێک لە پایە سەرەکى و گرنگەکانى پێشکەوتنی کۆمارى میللى چین، ئەو وڵاتە لەگەڵ کرانەوەى بەڕوى جیهان، بەبەرزکردنەوەى دروشمى "خوێندن بەدرێژایى ژیان"  و پێداچونەوە بە کوالێتیی خوێندن لە ڕوى چەندایەتى و چۆنایەتى هەنگاوى مەزنى نا...

لە ڕوى چەندایەتیەوە لە ئێستادا لە کۆمارى میللى چین تەنها یەک وەزارەت بۆ سەرپەرشتیکردنى سەرجەم دامەزراوەکانى پەروەردە و فێرکردن هەیە، کە (٢٥٥) ملیۆن قوتابى و خوێندکار لە خۆدەگرن، قۆناخەکانى خوێندنیش لەو وڵاتە دابەش کراوەتە سەر قۆناخى (باخچەى منداڵان) کە لە تەمەنى سێ ساڵیەوە دەست پێدەکات، (قۆناخى سەرەتایى) لە تەمەنى شەش ساڵیەوە دەست پێدەکات و قۆناخى (ناوەندى)یش،  ماوەکەى سێ ساڵە، هەروەک قۆناخى ئامادەیی ماوەکەى سێ ساڵە، بەڵام قۆناخى ئامادەیى خوێندکار بەپێیى توانا و لێهاتویى دابەشى سەر چەند بەشێک دەکرێن لەوانە، قۆناخى ئامادەیى ئەکادیمى، ئامادەیى پیشەیى، پەروردەى مامۆستایان، لە قۆناخى ئامادەیى بابەتى ئارەزومەندان و بابەتى بەزۆری واتا الزامى هەیە، هەرچى ماوەى خوێندنى زانکۆییە لە نێوان (٣ بۆ ٥) ساڵ دەبێ، تێچوى خوێندن تا قۆناخى سێیى ناوەندى بەخۆڕایى و بەزۆرییە، لە قۆناخى زانکۆششدا، زانکۆى تایبەت و زانکۆى حکومى هەیە...لە ئێستادا لە چین زیاتر (٣٠٠٠) زانکۆ هەیە، کە (١٣٠٠)یان زانکۆى حکومین، پێشتر (٨١٣) پسپۆڕى جیا لە زانکۆکانى ئەو وڵاتە دەخوێندرا، بەڵام بۆ ئەوەى بتوانن پێداویستیەکانى بازارى کار و کۆمەڵگە پربکەنەوە و، لەگەڵ پێشکەوتنى زانستى و تەکنەلۆژی بڕۆن و دوانەکەون، بەبریارێکى حکومى ژمارەى پسپۆڕییەکان کەمکرایەوە بۆ (٥٠٤) پسپۆڕى..   

27

لە ڕوى چۆنایەتیشەوە، لە چین بایەخێکى زۆر بەپەروەردە و خوێندن دراوە، بۆ نمونە لە سیستمى خوێندنى ئەو وڵاتە بایەخێکى ئیجگار زۆر بەبابەتى بیرکارى و زمانى ئینگلیزى دەدرێ، هەروەک لەچوارچێوەى پەروەردەى (کۆنفشیوس) بایەخێکى زۆر بەپاراستن و گەشەپێدان و کەلتور و زمانى ئەو وڵاتە و ڕێزگرتن لە مامۆستا دەدرێ، جگە لەوەش فێربونى خوێندنى پیشەیى و کردارى زیاتر لەهەر جۆرێکى دیکەى خوێندن جەختى زۆرى لەسەر کراوەتەوە، لەهەمان کاتدا دەبێ قوتابى نزیکەى (١٠) سەعات لە قوتابخانە بۆ خوێندن بمێننەوە...

لە داڕشتنى پڕۆگرامەکانى خوێندنیشیدا پەیوەندییەکى بەهێز لە نێوان سیاسەتى پارتى کۆمەنیست لەلایەک و خوێندنى ئامادەیى لەگەڵ زانکۆ و خوێندنى پیشەیى لەلایەکى دیکە لەگەڵ پێداویستى بازارى کار و کۆمەڵگە هەیە، هەربۆیە سەرجەم دامەزراوە حکومیەکان لەلایەن حکومەتى ناوەندى و کۆمپانیاکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان پاڵپشتى دارایى دەکرێن...

وەرگرتن لە زانکۆ، جگە لە دەرچون لە قۆناخى ئامادەیى ئەکادیمى لەهەمان کاتدا، خوێندکار دەبێ لە تاقیکردنەوەى (گاوکاو) دەربچێ و نمرەیەکى بەرز بەدەست بهێنێت...

33

تاقیکردنەوەى (گاوکاو) بریتیە لە سیستمێکى ئاڵۆز و ساڵانە لە مانگى (یونیۆ) لەسەرانسەرى وڵات بەڕێوەدەچێت و بەدەیان ملیۆن خوێندکارى بەشدارى تێدا دەکەن، بەهۆى ئەوەى ئەو تاقیکردنەوەیە تاقیکردنەوەیەکى چارەنوسسازە، بۆیە حکومەت ژینگەیەکى لەبار بۆ خوێندکاران دەڕخسێنێ، بەشێوەیەک لە ڕۆژانى تاقیکردنەوەدا کارکردن لە باڵەخانەکانى نزیک هۆڵەکانى تاقیکردنەوە ڕادەگیرێ و، هاتوچۆى ئۆتۆمبێل بەتایبەت ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن قەدەخە دەکرێ، هەروەک میکانزمى گونجا و پتەودادەنرێ بۆ ڕێگریکردن لە گزیکردن، ئەوەشى گزى بکات ڕوبەڕوى توندرین سزا دەبێتەوە، لە کۆتایى تاقیکردنەوەکەشدا کەس و کارى قوتابیان لەبەردەم هۆڵى تاقیکردنەوەى کۆدەبنەوە بۆ پێشوازیکردن لە کوڕ و کچەکانیان تا زوتر گوێبستى سەرکەوتنەکانیان بن و لە بەشێکى باش لە زانکۆ وەربگیرێن، وەرگرتن لە زانکۆ و تەواوکردنى کۆتا ڕێگەى خوێندن نیە، بەڵکو دواى تەواوکردنى زانکۆ، دەرچو بۆ ئەوەى دەرفەتى باشى کارکردنى بۆ بڕخسێ دەبێ بەردەوام بێ لە خولى ڕاهێنان و خۆپێگەیاندن، بەوەش چینیەکان بەپشودرێژى و هەوڵدانى بەردەوام ئایندەى خۆیان و نیشتمانەکەیان مسۆگەردەکەن.

32

هۆنتۆنگ

هۆنتۆنگ (Hutong) کە لە بنەڕەتدا وشەیەکى مەنگۆلیە بەماناى بیرى ئاو دێ، هەر گەشتیارێک کە سەردانى پەکین دەکات دەبێ گوزەرێکیش بەنێو کۆنترین گەڕەکى چین لەو شارەدا بکات، ماڵەکانى ئەو گەڕەکانە کە بە (هۆنتۆنگ) ناسراوە، بەچەند قۆناخێکى جیاى مێژو بەچواردەوەرى حەوشەى شارى قەدەخەکراو بونیادنراون، بۆ یەکەمین جاریش لەسەردەمى فەرمانڕاوى بنەماڵەى یوان لە نێوان ساڵانى (١٢٠٦-١٣٤١) دروستکرا، کە ئەو کات ژماریان تەنها (٢٩) خانو بوو، دواتر و لەسەردەمى فەرمانڕەواى بنەماڵەى مینگ لە ساڵانى (١٣٦٨-١٦٢٨) و تشینگ لە ساڵانى (١٦٤٤-١٩٠٨) ژمارەیان فراوانتر کرا، بەشێوەیەک تا لە ساڵى (١٩٤٩) ژمارەی ئەو خانونانە گەیشتە (٣٢٥٠)، بەڵام  دواى کرانەوەى چین بەڕوى دنیا و بونیادنانى شار و باڵەخانەى مۆدێرن، ژمارەیان بەڕادەیەکى بەرچاو کەمى کرد و، لە ئێستا نزیکەى (١٠٠٠) خانو بەو شێوەیە ماوەتەوە، کاتێک سەردانى ئەو گەڕەکە دەکەیت بەسەدان ئامێرى گواستنەوەى کۆن کە پێیى دەوترێت (ڕیکشاو) وەستاون و خاوەنەکانیان چاویان بڕیوەتە گەشتیاران بۆ ئەوەى لەبەرامبەر بڕێک پارە گەشتێک بەگەشتیاران بەناو کۆڵانە تەنگ و باریکەکان و ماڵ و بازار و گوزەرەکانى ئەو گەڕەکە بکەن.

34

ئێستا ئەو گەڕەکە سەربارى ئەوەى خەڵکى تێدا دەژى، بەڵام پارێزگارى تەواوى لێ دەکرێ و بۆتە ناوچەیەکى گەشتیارى گرنگ، چونکە تەواو گوزارشت لە کەلتور و کەلەپور و شێوازى ژیانى چینى میللى دەکات، خانوەکانى ئەو گەڕەکە وا دروستکراون کە هەموو ماڵەکان ئاگادارى یەکبونە و پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتى توندوتۆڵ لە نێوان دانیشتوانى گەڕەک هەبوە، ئەوەش بۆ پارێزگاریکردن بوە لە مەترسیەکانى سەر شارى قەدەخکراو، بۆ جیاکردنەوە و ناسینەوەى ماڵەکان لە یەکتر لە برى ژمارە لەبەر دەرگاى هەر ماڵێک بەبەرد وێناى (ئاژەڵێک) کراوە،لەو گەڕەکەدا حەمام و تەوالیتى گشتیش دروستکراوە، جگە لەوەش بەدەیان دوکان دەبینى کە خاوەنەکانیان بەپیشە و کارى دەستیەوە سەرقاڵن، هەمو ئەوانەش بۆنەتە هۆکارێکى سەرەکى بۆ ڕاکێشیانى ژمارەیەکى زۆرى گەشتیار، کە ساڵانە لە وڵاتانى جیهان و تەواوى (چین)ەوە سەردانى ئەو گەڕەکە میللیە بکەن و بۆن و چێژى زیاتر کەلتور و ژیانى کۆنى (چین)ى بکەن. 

35

کۆنفۆ (Kung fu):

کۆنفۆ بریتیە لە سیستمێکى گەورەى پراکتیکى و تیورى وەرزشى چینى، ئەوەش کۆکردنەوەى تەکنیکەکانى بەرگرى لەخۆکردن و پاراستنى تەندروستیە، سەرچاوە مێژوییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کە کۆنفۆى چینى دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگەى سەرتایى، لەو سەردەمەدا خەڵکى بۆ لەناوبردنى ئاژڵە دڕندەکان خۆیان فێرى ئەو هونەرە کردوە، پێ بەپێ ئەزمونى بەرگری لەخۆکردنیان زیاتر کردوە تا خێزانى (شانگ) ڕاوکردنیان بەپێوەرێکى گرنگى ڕاهێنانى کۆنفۆ دانا، لەسەردەمەکانى فەرمانڕەواى بنەماڵەکانى (شانگ و تشو) لەسەدەى حەڤدەى پێش زاین تا ساڵى (٢٢١ پ.ز) هونەرى بەرگریکردن بەشێوەیەکى گەشەیسەند تا بوە جۆرێک لە جۆرەکانى سەماکردن و، بۆ ڕاهێنان و بەرزکردنەوەى ورەى سەربازەکان کارى لەسەرکرا و بایەخى پێدرا تا وایلێهات لەسەردەمى فەرمانڕەوایى (تشو) کۆنفۆ کرا بە ڕەگەزێک لە ڕەگەزەکانى فێربون و، ساڵانەش لە وەرزەکانى بەهار و پایز لەلایەن پادشاوە دوو کێبرکێ ڕیکدەخرا بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنى باشترین کەسانى ڕاهاتو لە هونەرى بەرگریکردن لە خود.

36

هونەرى کۆنفۆ بەدرێژاى مێژوى چین گەشەکردن و داهێنانى تێدا کراوە تا لاسایکردنەوەى ڕفتار و کرداى ئاژەڵە دڕندەکانى وەک شێر و مار و مەیمون و چەندانى دیکە تا گەشیتە ئەوەى ببیتە هونەرێکى سەربەخۆى و باوانى چەندین هونەرى دیکەى وەک کیک بوکسێن، کاراتێ، ئەکیدیۆ و جودو.

لە ئێستاشدا کۆنفۆ بۆتە هونەرێکى میللى و لەلایەن چەندین ڕێکخراى کۆمەڵى مەدەنى و ناوەندى وەرزشى و ئەکادیمى و بایەخى زیاتر و زیاترى پێ دەدرێ، هەندێ لەوانە وەک یاریکردن لێیى دەڕوانن بەمانە دەوترێ (یەن جۆو) و، هەندێکى دیکەش وەک هونەرێکى پەرستراو لێى دەڕوانن بەوانەش دەوترێ (ئەر شینگ مەنە شا)، لەگەڵ ئەوەشدا جۆرێکى دیکە هەیە پێیى دەوترێت (لوکى)، کە  وەک ئامرازێکى هونەرى بەرگریکردن لەخود لە کۆنفۆ (وو شو) دەڕوانن و ئەمیان لەسەرانسەرى وڵاتى چین بەربڵاوترە.

37

شانۆگەرى سور، یەکێکە لەو شانۆگەرییە گرنگ و بەناوبانگەى هونەرى کۆنفۆ، کە ڕۆژانە بۆ چەند جارێک لە هۆڵى پەکین-ى سور لە شارى پەکین نمایش دەکرێ و بەسەدان گەشتیار لەناوخۆ و دەرەوەى وڵات بینەرى دەبن.

لەو شانۆگەرییەدا، کە گروپەکەى خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان ئامادەیبون، تێدا مێژوى گەشەکردن و فێرکردنى کۆنفۆ لە چین دەگەڕێتەوە، لە سەرەتاى شنۆگەرییەکەدا دایکێک منداڵەکەى دێنێتە لاى گەوەرى کۆنفۆ بۆ ئەوەى بگات بەئامانجى باڵا و فێرى هونەرى بەرگریکردن لەخۆى بکات، وەک لە شانۆگەریەکەدا نمایش کرا خوێندکارەکە تا گەورە دەبێت و دەگات بەئامانجى باڵا لەلایەن پیاوى ڕاهێنەر و گەورەى کۆنفۆ ڕوبەڕوى دەیان ئاستەنگ و داواکارى قورس و گران دەبێتەوە و بەئاسانى متمانەى پێنادات تا بەتەواوەتى پێ دەگات و دڵنیا دەبێتەوە لە بەرگریکردن لەخود.

38

ناوەڕۆکى ئەو شانۆگەریەش لە ئەفسانەى (کۆنفۆ) وەرگیراوە و، بۆ یەکەمین جار لە ساڵى (٢٠٠٤) نمایش کرا و، لەو کاتەوە تا ئێستا بەبەردەوامى ئەو نمایشە دوبارە دەکرێتەوە و ڕۆژانە بەسەدان گەشتیار ڕوو لەو شانۆیە دەکەن، ئەو شانۆیە لە بنەڕەتدا ناىو "شانۆى کۆشکى کرێکارانى تشوون گۆن" بوو، بەڵام دواتر نوێکارى تێدا کرا و ناوەکەشى گۆڕدرا بە "شانۆگەرى سور"، بێگومان بەشداربون و ئامادەبون لەو شانۆگەرییە کە بەرزترین کوالیتى دەنگ و ڕەنگ و لۆکەیشنى تێدا بەکارهاتوە چێژێکى تایبەتى چینى بەئامادەبوان دەبەخشێ، ئەوەش جیاوازییەکى دیکەى هونەرى وڵاتى چینە کە لە وڵاتەکانى دیکەدا بەدى ناکرێ.

39

نمایشی پاڵەوانبازی چینی

کاتێک گەشتیار سەردانى شارەکانى چین دەکات، جۆرەها شانۆ هەیە بۆ نمایشکردنى توانا و لێهاتوى گەنجانى ئەو وڵاتە، ئەو نمایشانە کە پێیى دەوترێت (ئەکرۆبات) لە زۆربەى شارەکان هەیە، بۆیە خوێندکارانى کوردستانیش لە بەشێک لە شارەکانى ئامادەیى ئەو شانۆییانە بون و دیمەنى پاڵەوانبازى و سێرکەکانى گەنجانى چینى بون.

40

لەگەڵ مێژوی زیاتر لە سێ هەزار ساڵ، یارییە پاڵەوانبازییە چینیەکان بەناوی "مرواریەک لە هونەری خۆرهەڵاتی"، هەیە، لەکاتی بینینی نمایشیی یارییە پاڵەوانبازییە چینیەکان، بینەر ڕوبەڕوی سەرنجڕاکێشان و سەرسامییەکی زۆر دەبێ جا ئەقڵی بێ یا جەستەیی، کۆکردنەوەی نمایشی پاڵەوانبازی لەسەر بنەمای سەما و هونەری ئۆپێرا و، پێکهاتن و دیزاین و جلوبەرگ و  دەنگ و ڕوناکی، بۆیە لەگەڵ پێشکەوتنی ئابوری جیهانیدا، نمایشی پاڵەوانبازی پەرەیپێدرا بۆ جۆرێک لە نمایشی هونەری بەناوبانگ لە سەرانسەری جیهان.

42

لەو شانۆیانە چەندان جۆری پاڵەوانبازی کلاسیکی هەیە وەک: تەنافبازی لەسەر لوتکەی بەرز، خۆهەڵدان بەناو ئەڵقەدا، هەروەها ڕۆیشتن بەسەر گوریس، گۆڕینی ماسیی بۆ ئەژدیها، قوتدانی چەقۆ و تفکردنەوەی ئاگر و وێنەکێشانی هێڵی دوور لە زەوی.

43

 شانۆی (چاویانگ) یەکێکە لە باشترین شوێنەکانی چێژوەرگرتن لە نمایشی پاڵەوانبازی چینی لە پەکین. ئەو شوێنە لە ساڵی (١٩٨٤) دامەزراوە، شانۆی (چاویانگ) لە کۆتایی ساڵی (١٩٨٠) و بە نمایشە دووبارەبۆوەکانی گەشتیاری بیانیی و ناوخۆیی بەلای خۆیدا ڕادەکێشێ، تاکو ئێستا نزیکەی ٢٠ ساڵە ئەو شانۆیە نمایشەکانی خۆی پیشکەش دەکا و، پێشوازی زیاتر لە ملیۆنێ میوانی دەرەکی کردوە، زۆرێک لە سەرکردە بیانیەکان و میوانی تایبەت سەردانی ئەو شانۆیەیان کردوە بۆ بینینی نمایشی پاڵەوانبازی تایبەت.

44

تایبەتمەندی یارییە پاڵەوانبازییە چینیەکان:

  • نەرمیی و هاوسەنگی: پاڵەوانبازییە چینیەکان زۆر زیاتر لەوەی لە ڕوسیا و خۆرئاوادا هەیە، جەخت لەسەر هاوسەنگی و نەرمیی دەکەنەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری هونەری بەرگری لە خۆکردن، کە پەیوەستە بە پەرەپێدان بە نیانیی و هاوسەنگیی.
  • هەماهەنگی گروپ: پاڵەوانبازی چینی کردەیەکی چڕ و هاوکاتی و هەماهەنگییە، هونەرمەندان زۆر بە وردی هاوئاهەنگی و هاوکاری دەنوێنن.
  • هونەرمەندی بەرگری لەخۆکردنی خۆشیی: لەم نمایشەدا توانستی هونەری بەرگری لەخۆکردن بە شێوازێکى سەرنجڕاکێش و، هەندێ جاریش کۆمیدی دەخرێتەڕوو، نمایشی "ئەفسانەی کۆنگفۆ" لە شانۆی سوری پەکین نمونەیەکە لەم بارەوە.
  • مۆسیقای چینی و شانۆ: زۆرێک لە نمایشەکان بریتین لە میوزیکی چینی دێرین، کە تۆمارکراون یا ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەو موزیسیانانەوە پێشکەش دەکرێن کە ئامێرە کلاسیکیەکان دەژەنن، دەکرێ پۆشاک و بابەتی وەک ئۆپێراش نمایش بکرێ.
  • چیرۆکە چینیەکان: پاڵەوانبازییەکان لە دیمەنی ئەفسانەی میللی و چیرۆک و حیکایەتی دێرینی وەک پاشای مەیمونەکان پێکدێن.
45

نمایشی پاڵەوانبازیی چینیی، لە پێناو پەرەپێداندا، پاڵەوانبازی چینی لەماوەی (٤٠) ساڵدا ڕۆڵێکی گەورەی لە ئاڵوگۆڕی کەلتوری نێوان چین و وڵاتانی دیکەدا گێڕا، پاڵەوانبازی چینی تا ئێستا زیاتر لە (١٠٠) دەوڵەت و ناوچەی سەرانسەری جیهان پێشوازی گەرمی لێکراوە و، لە (١٣) پێشبڕکێی نێودەوڵەتی ئامادەیی هەبوە و، زیاتر لە (٢٣) خەڵاتی زێڕینی بردۆتەوە. لە هەمان ساڵدا، هەربۆیە خوێندکارانى کوردستان لە ماوەى مانەوەیان لە شارەکانى چین بەشدارى چەندین لەو جۆرە نمایشانەیان کرد و، نمایشەکانیش بونە جێیى سەرەنجى خوێندکاران و ئامادەبوان.

46

وێستگەى هەفتەى دوەمى گەشتى خوێندکاران

له‌ هه‌فته‌ی دوه‌می سه‌ردانه‌كه‌شیاندا هه‌مان گروپی خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان له‌ شاری (شینژین)ی هه‌مان وڵات هه‌ر له‌لایه‌ن كۆمپانیای هواویه‌وه‌ خولی تایبه‌تیان له‌ بواری ئایتی بۆ ڕێكخرا، له‌و خوله‌شه‌دا خوێندكاران به‌نوێترین ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م له‌ بواری ICT) ئاشنا كران، له‌ كۆتایشدا له‌لایه‌ن كۆمپانیای هواویه‌وه‌ بڕوانامه‌ی ده‌رچون به‌سه‌ر خوێندكارانی به‌شداربو دابه‌شكرا.

47

کۆمپانیای هواوی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان، لەم کۆمپانیایەدا (۱۸۰٫۰۰۰) هەزار فەرمانبەرە کاردەکەن و نوسینگەیان لە (۱۷۰) وڵاتی دنیا هەیە، لەناو خودی کۆمپانیاکەدا (۸۰،۰۰۰) هەزار کارمەند لە سێکتەرە جیاوازەکانی بیرۆکە و دیزاین و دروستکردن و بەرهەمهێنان و بەبازارکردن کاردەکەن...داهاتی ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی (۲۰۱٦)دا گەیشتۆتە (۷٥٫۱) بلێۆن دۆلار، ئەو کۆمپانیایە لەسەرجەم سێکتەرەکانی پەیوەندی و گەیاندن، فرۆکەوانی، کشتوکاڵی، تەندوستی، خوێندن، لایەنی ئەمنی و زۆر بواری دیکە بەرهەم و داهێنایان هەیە و، لە زۆربەی وڵاتانی دنیا پڕۆژە و کاری جۆراو جۆریان هەیە....

48

لە پەراوێزى ڕۆژانى خولەکەشدا خوێندکارانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان چەند شوێنێکى کەلتورى و گەشتیارى کۆمارى چینى میللیان لە شارى شینژن بەسەرکردەوە..

49

شینژن

شینژن کە هاوسنورە لەگەڵ (هۆنگ کۆنگ) یەکێک لە شارە نوێیەکانى کۆمارى میللى چین، ئەو شارە بەر لەوەى بونیاد بنرێ، ناوى (باو ئان) بوو، ژمارەى دانیشتوانەکەى (٢٠) هەزار کەسى تێپەر نەدەکرد، جگە لە ماسیگرتن، هیچ جۆرە چالاکیەکى ئابورى و کشتوکاڵى لێ نەبوە، بەڵام دواى ئەوەى لە ساڵى (١٩٨٠) پلانى بونیادنانى ئەو شارە کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، گەشەکردنێکى گەورە و خێرایى بەخۆیەوە بینى، شانازى ئەو دامەزراندنەش دەگەڕێتەوە بۆ گەورە ئەندازیار سەرۆک (دنگ شیاو بینگ) کە لە ساڵى (١٩٩٧) کۆچى دوایى کرد، ئێستاش حکومەتى چینى بایەخێکى گەورە بەو شارە دەدات و چاودێرى دەکات و ڕکابەرى (هۆنگ کۆنگ) دەکات.

50

شیژن بۆتە یەکێک لە شارە گەورەکانى چین، هەروەک بۆتە ناوچەیەکى گەورەى پیشاسازى نوێ و پیشەسازى سوک و کارى هونەرى، هەروەک کارگە و بارەگاى چەند کۆمپانیایەکى جیهانى وەک کۆمپانیاکانى هواوى (Huawei)، لينۆڤۆ (Lenovo)، تينسنت (Tencent) وچەندانى دیکە لەو شارەیە، هەربۆیە زۆترین ڕێژەى بەکارهێنەرانى کۆمپیوتەر لەسەر ئاستى جیهان لەم شارەدایە، بەشێوەیەک لەهەر (١٠٠) کەسێک زیاتر لە (٧٤)یان کۆمپیوتەر بەکاردەهێنن، ئەو شارە.

51

لەهەمان کاتدا لە ڕوى گەشتیاریی و کەش و هەوا بایەخێکى زۆر بەشینژن دراوە، ئەم شارە بە جوان و پاکى شەقام و ڕێگەوبانەکانى و ڕازاندنەوەى بە گوڵ و گوڵزار و تابلۆ سەرەنجڕاکێشەکانى پێشوازى بەناوبانگە،  شینژن سەربارى ژمارەى زۆرى دانیشتوانى، بەڵام شارێکى ئارام و بێ دەنگە و شەقامەکانى زۆر قەرەباڵخ نین، ئەوەش بەهۆى دانیشتوانەکەى ئامرازەکانى گواستنەوەى گشتى و پاسکیل بۆ سەرکار و ڕایکردنى کاروبارەکانیان بەکاردەهێنن، جگە لەوەش چەند  شوێنێکى گەشتیارى سەرەنجڕاکیشى تێدا دروستکراوە.

52

پەنجەرەیەک بەڕوى جیهان

پەنجەرەیەک بەڕوى جیهان( Window of the World)، بریتیە لە پارکێکى گەورە لە شینژن، کە بەناوبانگترین ناوچە و شوێن  و تەلارە ناسراوەکانى جیهان بەقەبارەى بچوکتر دروستکراوە و، لەو پارکەدا نمایشکراوە، وەک ئەوەى لە وڵاتانى کێشوەرەکانى ئەمریکا و ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکاى لاتین هەیە.

53

لەم پارەکەدا، کە لە ساڵى (١٩٩٤) دروستکراوە هێما و نیشان و شوێنە بەناوبانگ و ناسراوەکانى (١٣٠) وڵاتی جیهانی تێدا وەک خۆی دروستکراوەتەوە....هەر لە تاوەرى ئیڤڵ بگرە تا دەگاتە کوخەکانی ئەفریقا...لە پەرستگەکانی تایلەندەوە بگرە تا دەچیتە هەرەمەکانی میسر زیاتر لەوەش بەردەوامبە لە پەیکەری ئازادی و کۆنگرێسی ئەمریکا و سەعاتى بینگ بین لە بەریتانیاوە بڕۆ تا دەگەیتە شوێنە ناسراوە مێژوییەکانی کۆریای باشور و کۆریای باکور و ئیتاڵیا و نەمسا و تاج محل لە هیندستان و چەندین وڵاتی دیکە.....

54

لەم پارکەدا بەڕاستی کارێکی تا بڵێی ناوازەو جوان بۆ ڕاکێشانی سەرەنجی گەشتیاران بۆ شارەکە کراوە.

55

یەکێکى دیکە لە شوێنە گەشتیارییەکانى ئەو شارە (پەنجەرەیەک بەڕوى چین)ە، لەو پارکەشدا بەهەمان شێوە، شوێنە ناسراوەکانى (چین)ى تێدا وەک خۆى دروستکراوتەوە، خوێندکارانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستانیش لەبەسەرکردنەوەى بەشەکانى ئەو دوو پارەکەدا خۆشحاڵبون و کاتێکى خۆشیان بەسەربرد و، ئاشنایى ئەو کارە هونەرییە ناوازانە بون کە لەو پارکانەدا لەلایەن هونەرمەندانەوە نمایشکرابون.

56

مۆزەخانەی شینژن

کۆرییەکان وتەیەکیان هەیە ئەڵێن: "ئەگەر دەتانەوێ مێژوی میللەتێک ببینن بڕۆن سەیری مۆزەخانەکانیان بکە، ئەگەر دەتانەوێ ئایندەیان ببینن بڕون تەماشای کتێبخانەکانیان بکەن"

شینژین یەکێک لە شارە هاوچەرخەکانی جیهان و چین، مێژوی دامەزراندن و بونیادنانی ئەم شارە کۆن نیە، هەر بۆیە مۆزەخانەکەشی (Shenzhen Museum) ئەوەندەی کەلوپەل و کەرەستەى تازەی تێدا بوو، ئەوەندە کەلوپەل و پارچە شوێنەواری کۆن و مێژوى تێدا نیە...

57

مێژوی دامەزراندنی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (۱۹۸۰) زاینی، لە ساڵی (۱۹۷۸) پلانێکی شارنشینی ستراتیژی بۆ بونیادنان و دروستکردنى ئەو شارە داڕێژرا و، لە ساڵی (۱۹۸۰) پلانەکە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە...

58

لە مۆزەخانەش شینژین هەمو دیمەن و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلان و پڕۆژەکانى ئەو شارە نمایش کراوە، کە گوزەرێک بە نێو مۆزەخانەکە دەکەیت و لە وێنەکان ڕادەمێنیت ئینجا بۆت ڕون دەبێتەوە کە پلانی شارنشینی و ستراتیژی واتای چی..

59

ئێستا لە شاری شینژین بەپێی نوێترین ئامار زیاتر لە (۱۲) ملیۆن کەس دەژی، بەدەیان کارگە و کۆمپانیای گەورە لێرە کاردەکەن، ئەوە جگە لە ڕوی گەشتیار کە دەیان شوێن بۆ گەشتیاران و ڕاکێشانی گەشتیار بۆ شارەکە دروست کراوە...

60

گەڕانەوە بۆ کوردستان

بەوەش دواى بەشداریکردن لە چەند نمایشێکى هونەرى و بەسەرکردنەوەى چەند شوێنێکى دیکەى کەلتورى و هونەرى، خوێندکارانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کۆتاییان بەگەشتەکەیان هێنا و گەڕانەوە هەرێمى کوردستان، هەروەک هیوایان خواست بەردەوامى بەو جۆرە گەشت و بەسەرکردنەوانە بدرێ بۆ خوێندکارانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، چونکە لە پاڵ ئاشنابون بەکەلتور و مێژوى ئەو وڵاتە، لەهەمان کاتدا بەهۆى خولەکانى بوارى ئاى تى ئاشناى نوێترین ئامرازەکانى گواستنەوە و گەیاندن بون، بۆ ئەوەش سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، کۆمپانیاى هواویان کرد، کە ئەرکى ڕێکخستن و بەشداریکردنیان لەو گەشتە زانستیە گرتە ئەستۆ.

61