نوفمبر 2016

لە ڕۆژى ئاڵادا لە وەزارەتى خوێندنى باڵا مەراسیمێک بەڕێوەچو

Ala

هاوشێوەى دەزگا و دامەزراوەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان و، ئەمڕۆ یەک شەممە ڕێکەوتى (١٧/١٢/٢٠١٧) لە ڕۆژى ئاڵادا لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى،  مەراسیمێک بۆ ڕۆژى ئاڵا بەڕێوەچو.

لەو مەراسیمەدا، کە بەئامادەبونى د.کەریم عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و, بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرەکان و فەرمانبەرانى  وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، مەراسیمەکە بەهەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لە گۆڕەپانى وەزارەت لەلایەن د. نورى هەرزانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى پشکین و دڵنیایى جۆرى دەستى پێکرد.

 پاشان  د. ( کەریم عەبدول ) ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ,  وتارێکى پێشکەشکرد و وتى: ئەمرۆ ڕۆژێکى پیرۆزە لە مێژوى گەلەکەمان، بۆیەکەم جار لە مێژودا و لە ڕێکەوتى(۱۷/۱۲/۱۹٤٦)لەشارى مەهاباد ئاڵاى پیرۆزى کوردستان هەڵکراو، بۆیە لەم ڕۆژە بەدواوە هەڵکردنى ئاڵاى پیرۆزى کوردستان لەپارچەکانى ترى کوردستان بوە نەریتێکى نەتەوەیى، لەو ساوە تا ئەمڕۆ  لەژێر پەرچەمى ئەم ئاڵایەشدا ئاگرى شۆرش و بەرخودانى گەلى کورد دژ بەدوژمنانى میللەتەکەمان پەرەى سەند و بلێسەى گیانفیداى و خۆبەختکردن لەپێناو خاک و نیشتمان گەشەى کرد.

ئەوەشى ڕاگەیاند: پاڕلەمانى کوردستان لە ڕێکەوتى (١٧/ ١٢/٢٠٠٩) لەکۆبونەوەیەکیدا ئەم ڕۆژەى بە ڕۆژى ئاڵاى کوردستان دیاریکرد، لەو کاتەوە هەمو ساڵێک لە سەرجەم شارو شارۆچکەکان و دەزگا و دامەزراوە جکومیەکان مەراسیم و سمینارو چالاکى جۆراو جۆرو تایبەتى بۆ رێک ئەخرێت.

پاشان، د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەى پەرەپێدان، سەربارى پیرۆزکردنى ئەو ڕۆژە، کورتە باسێکى لەبارەى مێژویی ئەو ڕۆژە و گرنگى ئاڵا باسکرد و، وتى لە شوڕشى ئاراراتەوە تا ئەمڕۆ ئاڵا بۆتە سیمبولێکى پیرۆزى نەتەوەکەمان و، لەپێناوبەشکۆهێشتنەوەى ئاڵاکەى و سەربەخۆی یەکجارەکى , بەهەزاران گەنج و لاوى بەخشیوەو ڕوبارێک خوێنى ڕەشتوە.