پێویستمان بەشێوازى نوێى لۆبیکردنە
د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێک لە کۆنفرانسى زانستى زانکۆى جیهان ڕایگەیاند: گەلى کورد لە بوارى سیاسەتى دەرەوەیدا پێویستى بە شێوازی نوێی لۆبیکردنە، بە تایبەت ئەمڕۆ هەرێمەکەمان بەرەو ڕیفراندۆم و مافی چارەنوس و سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، کە هیوادارم بە کۆدەنگی و یەکڕیزی نیشتیمانی هەمومان پێکەوە بچینە ناو ئەم پرۆسەیە.
سێیەمین کۆنفرانسى زانستى بەپێشکەشکردنى چەند وتارێک دەستیپێکرد
لەو کۆنفرانسەدا، کە ئەمڕۆ چوار شەممە، ڕێکەوتى (١٢/٤/٢٠١٧) بەچاودیرى و ئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ژمارەیەک لە سەرۆکى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و، ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایان و توێژەران دەستى بەکارەکانى کرد، لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا چەند وتەیەک پێشکەشکران.
کۆنفرانسەکە گرنگى خۆى هەیە
لەسەرەتادا، د.نەوزاد باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆکانى جیهان وتەیەکى پێشکەشکرد، لەو وتەکەیدا دواى بەخێرهێنانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و میوانى کۆنفرانسەک، ئینجا کورتەیەکى لەبارەى کاروچالاکى زانکۆکەیان پێشکەشکرد کرد، هەروەک ئاژمارەى بەگرنگى لایەنەکانى کۆنفرانسەکەیان کرد و ڕۆڵى گرنگى چەسپاندنى یاسا لە کۆمەڵگە کرد وتى: ئەو وڵاتەى بتوانێ یاسا جێبەجێ بکات و سەروەرى یاسا بپارێزێ ئەوا دەتوانێ بەئامانجەکانى بگات، هەر لە میانەى وتارەکەیدا سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆکانى جیهان سوپاسى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد لە بەرامبەر هاوکاریکردن و پشتیوانیە بەردەوامەکان لە زانکۆکانى کوردستان.
بوارەکانى کۆنفرانسەکە بۆ ئێستا و ئایندەى وڵاتەکەمان گرنگن
پاشان د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد، لە سەرەتایى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان کرد بۆ ڕێکخستنى سێهەمین کۆنفرانسی زانستی دەربارەی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و میدیا، هەروەک سوپاس ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکەى کرد، کە توانیان ئەمڕۆ هەمومان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆبکەنەوە بۆ مەبەستی لێکنزیککردنەوەی مامۆستایان و توێژەرانی بوارەکانی (یاسا، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بواری میدیا)، ڕاشیگەیاند: بوارەکانی گفتوگۆی کۆنفرانسەکەتان سێ بواری گرنگ و کاریگەریگەرن، دید و تێڕوانین و دنیابینی ئەکادیمی لە سەر هەر یەک لەم بوارانە بۆ ئێستا و ئایندەی وڵاتەکەمان زۆر زۆر گرنگن.
کۆنفرانس دەرفەت بۆ کارلێکی نێوان زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگە دەڕەخسێنێت
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕو لە توێژەران و ئەکادیمیستەکان وتى: ئەم جۆرە کۆبونەوەیە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئێوەی توێژەر تا ئاڵوگۆڕی دیدو تێڕوانینەکانیان بکەن و دەرئەنجامی توێژینەوە زانستییەکانیان لەگەڵ یەکرتری هاوبەش بکەن و، لە هەمان کاتدا بیگەییەننە ڕای گشتی، ئەوەش خۆی لە خۆیدا دەرفەتی کارلێکی نێوان زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوە و کۆمەڵگاکەمان دەڕەخسێنێت.
وەزارەتى خوێندنى باڵا گرنگى زۆرى بە یاسا داوە و گۆڕانکارى زۆرى لە پرۆگرامى خوێندن کردوە
هەر لە وتارەکەیدا د.یوسف گۆران باسى لە کاروچالاکى وەزارەتەکەى کرد بۆ بایەخدان بەبەشەکانى یاسا و لەو بارەیەوە وتى: گەشەپێدانی سستمی یاسایی و دادوەری وڵاتەکامان، دەبێت توێژەرانمان بەشدار بن، بە هەنگاوی زانستیی نەخشەڕێگەی چەسپاندنی بنەماکانی سەروەری یاسا و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دابڕێژینەوە، وتیشى ئەمساڵ توانیمان گۆڕانکاری لە ناوەرۆکی پڕۆگرامەکان و سستمی خوێندنی یاسا لە زانکۆکانمان بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین لە ژینگەیەکی باشتر و بە پرۆگرام و میتۆدی نوێ دەرفەتی فێربونی باشتر بۆ نەوەی نوێی یاساناس و پارێزەر و دادوەری ئایندەی وڵاتەکەمان بڕەخسێنین، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە ستانداردێکیان داناوە گرنگە بۆ چەساندنى یاسا و دادپەروەرى لە کۆمەڵگەدا.
بەشەکانى زانستە سیاسیەکان گۆڕانکارى تێدا دەکرێ
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ باسکردن لە بەشەکانى سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: ئەزمونی کوردستان لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەزمونێکی نوێێە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕوی ئابوری و سیاسی ئێستا لە هەمو کات زیاتر پێگەوە گرێدراوە، وتیشى ئێمە چیتر ناتوانین لە سەردەمی گڵۆباڵیزەیشندا خۆمان گۆشەگیر بگرین، بەڵکو پێوسیتمان بە تێگەیشتنی وردو زیاترە لە بارەی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕێکدەخەن، د.یوسف گۆران وتیشى ئەمڕۆ یەکەمین کۆبونەوەى بەشەکانى زانستە سیاسیەکان لە زانکۆکانى کوردستان ئەنجامدا، چونکە بارتەقاى یاسا پێویستمان بە گۆڕانکارى لە بەشەکانى زانستە سیاسیەکان هەیە و، نامانەوێ ژمارەى دەرچوە بێکارەکانمان زیاد بکات، بەڵکو دەمانەوێ نەوەیەک پێ بگەێنین کە دەرفەتى کار بۆ خەڵکى دیکەش بدۆزێتەوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونیشکردەوە ئەرکى زانکۆ دۆزینەوەى دەرفەتە بۆ خوێندکار، هەر خوێندکارێک کە دێتە زانکۆ و پارە لە خۆى خەرج دەکات زیاتر لەوە دەبێ زانیارى زانستى پێ ببخشرێ بۆ ئەوەى دەرفەتى کاری هەبێ.
دەبێ هەموان بەکۆدەنگى و یەکڕیزى نیشتیمانى بەرو ڕیفراندۆم هەنگاو بنێن
هەر لە چوارچێوەى بایەدان و بەسیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: زۆر بابەتی گرنگ هەیە کە پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاری بۆ بکرێت، بەتایببەت جۆڵاندنى کەیسىەکانى ناساندنى تاوانى بۆردومانکردنى هەڵەبجە بەچەکى کیمیایى، کە دەبێ لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بەشێوەیەکى ىسیاسى کارى بۆ بکرێت و، هەوڵ بۆ قەرەبوکردنەوەى قوربانیان بدرێ، لەهەمان کاتدا سزاى ئەو کۆمپانیانانەش بدرێ، کە مامەڵەیان بەچەکى قەدەغەکراو لەگەڵ ڕژێمى بەعسى لەناوچو کردوە. د.یوسف گۆران جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە کوردستان پێویستى بە شێوازی نوێی لۆبیکردنە، بەتایبەت ئەمڕۆ هەرێمەکەمان بەرەو ڕیفراندۆم و مافی چارەنوس و سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، هیواشى خواست بە کۆدەنگی و یەکڕیزی نیشتیمانی هەمومان پێکەوە بچینە ناو ئەم پرۆسەیە.
ئەزمونى کورد دەبێ ڕۆڵى لە گۆڕینى بنەما یاسا نێودەوڵەتیەکان هەبێ
لە تەوەرێکى دیکەى وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گرنگى ڕیفراندۆم کرد و وتى: زۆر قسە لەسەر ڕێفراندۆم کراوە کە ئایا پێویستى بەیاسا یاخو پێویستى پێ نیە؟ بۆ وەڵامى ئەو پرسیارە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: هەمو ئەو بنەما یاسایانەى کە وەک واقیعیک دەبنیرێن، ئەو بنەما یاسا نێودەوڵەتیانەن کە کاتى خۆى لەسەر بنەماى دەوڵەتى نەتەوەیى دروست بون، بەڵام ئێستا ئەو بنەمایان هێواش هێواش گۆڕانکاریان تێدا دەکرێ، چونکە لەگەڵ واقیعى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى یەک نگرێتەوە، وتیشى دەبێ ئێمەش وەک گەلى کورد هاوشێوەى کۆسۆڤۆ ڕۆڵمان لەو گۆڕانکارییانە هەبێ، چونکە ئەوەى ئێمە ئەمڕۆ بۆ ڕیفراندۆم بریارى لەسەر دەدەین لە داهاتودا دەچێتە ناو چوارچێوەى یاسا نێودەوڵەتیەکان، بۆیە ئیستا کاتى ئەوە نیە کە خۆمان بەوە سەرقاڵ بکەین، چونکە کات دەرفەتمان پێ نادات.
ئەرکى میدیا گواستنەوەى پڕۆفێشناڵەتى ڕوداوەکانە، نەک دروستکردنى ڕوداو
هەر لە وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران تەوەرێکى دیکەى تەرخانکرد بۆ کار و ئەرکى میدیا و میدیاکاران لە کۆمەڵگە و لەوبارەیەوە وتى: بواری میدیا ک دەسەڵاتی چوارەمە ڕۆڵی گەورە دەبینێت لە دروستکردن و گەیاندنی ڕای گشتی و دروستکردنی دیبەیتی نیشتیمانی، وتیشى ئێمە میدیایەکمان پێویستە کە بەگیانی بەرپرسیارێتی و ڕەچاوکردنی هەستیاری بارودۆخی هەرێمی کوردستان و دور لە تێروانینی پۆپۆلیستی، بەشداربێت لە پرۆسەی ڕیفۆرم و گۆڕانکارییەکانی هەرێمەکەمان، دامەزراوەکانی میدیا و میدیاکاران نەبنە ئامرازی پەرتبوونی نیشتیمانی، بەڵکو بەشداربن لە کۆکردنەوەی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان بەئاڕاستەی چارەسەرکردنی گرفتەکان، وتیشى بۆیە کاتێ قسە لەسەر میدیا دەکەین، دەبێ بزانین لە چ قۆناخێکداین و ئەرکى پیشەى و نیشتمیانى میدیا چیە، چونکە ئەرکى میدیا گواستنەوەى ڕوداوە، نەک دروستکردنى ڕوداو، هیواشى خواست میدیایەکى پڕۆفیشناڵى نیشتیمانى دروست ببێ، بەشێوەیەک خزمەت بە نیشتبمان بکات بەدەر لە بیرکردنەوەى ئایدۆلۆژى و سیاسى..
لە کۆتایى وتارەکەشیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى خواست کۆنفرانسەکە سەرکەوتوبێت، وتیشى چاوەڕوانین بڕیار و ڕاسپاردەى جیا گەڵاڵە بکەن و لەگەڵ وەزارەتەکەمان هاوبەشی بکەن.
زیاتر لە (٥٠) توێژینەوە دەخرێتەڕو
واش بڕیارە لە ماوەى دو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا، لەبەر ڕۆشنایى تەوەرەکانى (یاسا، پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، میدیا) (٥٤) توێژینەوە لەلایەن توێژەرانەوە بخرێتەڕو و، لەلایەن ئامادەبوانەوە تاوتوێ بکرێ.