د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆدا کۆمەڵگەکەمان پێویستى زۆرى بەزیادکردن و فراوانکردنى توانا مرۆییەکانە، بەبێ زیادکردنى توانا مرۆییەکان هەوڵەکان بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەى کوردستان دەسکەوتى گرنگ و گەورەى لێ بەدینایات.
ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى پێشکەشکردنى وتەیەک هات، کە ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (٣٠/١/٢٠١٧) لە ئیڤێنتى تایبەت بەهەڵسەنگاندنى کاروچالاکیەکانى سێنتەرەکانى بەکارخستن و بەرنامەى (ئینتێرنشیپ) ڕێکخرابو.
لەو ئیڤێنتەدا، کە بەئامادەبونى د.جوان جەلال بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە دیوانى وەزارەت و، خاتو دیلان ئاکرێى لە نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرى سێنتەرەکان بەکارخستن و نوێنەرى ڕێکخراوى ئایرێکس بەڕێوەچو، چەند وتەیەک پێشکەشکرا.
د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا بەگرنگیەوە باسى لە سێنتەرەکانى بەکارخستن و ڕاهێنانى خوێندکاران کرد وتى: هەرچەندە بەستنەوەى زانکۆ و پرۆگرامەکانى خوێندن بەپێویستیەکانى کۆمەڵگە بیرۆکەیەکى کۆنە، بەڵام بۆ کۆمەڵگەى ئێمە بیرۆکەیەکى تازەیە، چونکە پێشتر لە سایەى سیستمە سیاسیە حکومڕانەکانى ئێراق هەمو شتێک سێنتراڵ (مرکزى) بو، سیستمى خوێندنیش هاوشێوەى کەرتەکانى دیکەى ژیان ناوەندى بو، شێوازى خوێندن و، وەرگرتنى خوێندکاران و دامەزراندنى دەرچوان هەمو شتێک ناوەندى بو، بەڵام کە سیستمى سیاسى دەگۆڕى، بەهەمان شێوەى سیستمى ئابوریش گۆڕا بۆ سیستمێک کە لە بوارى ئابورى دەکەشیتەوە و، چالاکیە ئابورییەکانى بچوک دەکاتەوە.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى لەبەر ڕۆشنایى گۆڕانکارى سیستمى حکومڕانى دەبێ وەزارەت و زانکۆکانیش شێوازى کار و ئەرک و ئامانجەکانیان بگۆڕن، بەشێوەیەک بتوانن خوێندکار بۆ بازارى کار کار و پێداویستیەکانى کۆمەڵگە ئامادە بکەن، د.یوسف گۆران وتیشى کردنەوەى سێنتەرەکانى بەکارخستن و، بەرنامەى (ئینتێرنشیپ) کە لەلایەن جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە سەرپەرشتى دەکرێ دەسکەوتى گەورەى بۆ بەدیهێناوین، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: دەبێ ئێمە بەشێوەیەک کار بکەین خوێندکار دواى تەواوکردنى زانکۆ خۆى بتوانێ دەرفەتى کار بۆخۆى بڕخسێنێ یان خۆى ببێتە سێنتەرى کار، چونکە بەهۆى ئەو گۆڕانکارییانەى لە دنیا ڕودەدەن هەر (١٠) دە ساڵ جارێک (٥٠%)ى ئەو کارانەى کە هەن دەگۆڕدرێن، ئەوەش ئاماژەیەکى گرنگە بۆ ئەوەى زانکۆکان خۆیان بۆ گۆڕانکارییەکانى داهاتو ئامادە بکەن و کادرى لێهاتو بۆ بازارى کار و پێدایستیەکانى داهاتوى کۆمەڵگە دروست بکەن.
د.یوسف گۆران ڕونیشیکردەوە بازارى کارى جیهان و وڵاتان کێبڕکێى یەکتر دەکەن، ئەوانەى خاوەن ئابوریەکى سەرکەوتو و خوێندنێکى سەرکەوتون، لەو کێبڕکێیە سەرکەوتو دەبن، بەڵام ئەوانەى ناتوانن خۆیان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە بکەن، لەو کێبڕکێیە شکست دەهێنن، بۆیە ئامانجى وەزارەتەکەشمان لە بەستنەوەى زانکۆکان بەپێویستیەکانى کۆمەڵگەو پڕۆگرامەکانى خوێندن بەبازارى کار بۆ ئەوەیە تا لەگەڵ گۆڕانکارییەکان خۆمان بگونجێنین و لە کێبڕکێیە ئابورییە جیهانیەکان پێگەمان دیاربێ.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: لە ئەمڕۆدا کۆمەڵگەکەمان پێویستى زۆرى بەزیادکردن و فراوانکردنى توانا مرۆییەکانە، بەبێ زیادکردنى توانا مرۆییەکان هەوڵەکان بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەى کوردستان دەسکەوتى گرنگ و گەورەى لێ بەدینایات، وتیشى نمونەى ئەو وڵاتە سەرکەوتوانە زۆرە کە سەربارى نەبونى سەرچاوەى سروشتى، بەڵام بەهۆى بابەخدان بەسەرچاوە و توانا مرۆییەکان دەسکەوتى گەورەیان بەدیهێناوەو چونەتە ڕیزى وڵاتە پێشکەوتوەکانى دنیا، بۆیە کردنەوەى ئەم سێنتەرەو جێبەجێکردنى بەرنامەکان سەرەتاییەکى باشە بۆ بەدیهێنانى ئامانجە گەورەکانمان لە داهاتودا، لەوەشدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، سەرۆکى زانکۆکان و، ڕێکخراوى ئایرێکس و سێنتەرەکانى بەکارخستن و کۆمپانیاکانى کرد، هیواشى خواست زانکۆکان و کۆمپانیاکان هەوڵى بەردەوام بدەن بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانیان.