وەزارەتەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، ڕێککەوتنامەى نێوانیان لەبوارى پراکتیکدا زیاتر کارا دەکەن و، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیش ڕایدەگەیەنێت، بۆ چاودێرى زیاترى ڕێککەوتنەکەو جێبەجێکردنى خاڵەکانى، چەند بڕیارێک دراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٤/٨/٢٠١٦) د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی کرد لە عەبدولستار مەجید وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو و وەفدێکى وەزارەتى کشتوکاڵ کە پێکهاتبوو لە راوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى.
لەدیدارێکدا کە بەئامادەبونى د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان بەڕێوەچو، تێیدا گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتێکى هاوبەشى نێوان هەردوولا کرا، لەنێویاندا ڕێککەوتنامەى هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەت، بۆ ئەو مەبەستەو لەپێناو گەشەپێدانى زیاترى ڕێککەوتنەکە و فراوانکردنى، بڕیاردرا لە مەودوا نوێنەرى وەزارەتى کشتوکاڵ وەک ئەندامى ئەنجومەنى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئامادەى کۆبونەوەکان بێت، لەهەمان کاتیشدا نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى وەک ئەندامى ئەنجومەنى ڕاوێژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ ئامادەى کۆبونەوەکان دەبێت. هەروەک بڕیاریش درا لێژنەیەکى هەمیشەیى لەنێوان هەردوولا پێکبهێنرێت بۆ چاودێریکردنى ڕێککەوتنەکەو ئەو بڕیارانەى بۆ جێبەجێ کردنى خاڵەکان دەدرێت.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بڕیارەکان لە ئەمڕۆ وە دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە و، ئامانجیش لەم بڕیارانە زیاتر ئاگاداربونە لە کێشەو بابەتە پەیوەستەکانى نێوان هەردوولا بۆ ئەوەى لە بوارى پراکتیکدا لە نزیکەوە چارەسەریان بۆ بکرێت و پلانى هاوبەشیان بۆ بدرێت. وتیشى وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا گشتاندن بۆ سەرجەم زانکۆکان دەکرێت بۆ جێبەجێکردنى خاڵەکانى ترى ڕێککەوتنەکەو کاراکردنەوەى لە ئاستى کۆلێژ و پەیمانگەکان.
عەبدولستار مەجید وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ڕایگەیاند: هەردوو وەزارەتى کشتوکاڵ و خوێندنى باڵا لە زۆر بوار و ئەرکدا دەتوانن هاوکارو هەماهەنگى یەکتر بن بۆ خزمەتکردنى زیاترى بوارەکان و، پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستاندا، بۆ ئەوەش وتى: لە کۆبونەوەکەدا باسمان لە ڕێککەوتنامەى هاوبەشى نێوان هەردولا کرد و ڕێگەچارە و پلانمان بۆ سەرجەم بابەتە هاوبەشەکانى نێوانمان دانا.
لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەدا چەند بابەتێکى ترى پەیوەستى نێوان هەردو وەزارەت گفتوگۆیان لەبارەوە کراو و، بڕیارو ڕاسپاردەى پێویستیان بۆ دەکرا.
لەسەرەتاى ئەمساڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەشیان لەبارەى بابەتە پەیوەندارەکانى نێوانیان ئیمزا کرد، لەئێستاشدا خاڵەکانى ڕێککەوتنە کەوتۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە