د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ هەیسەم ئەبولفول کونسوڵی ئوردون لە هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لەبارەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئوردون کرا.
لە دیدارێکدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (١٧/٨/٢٠١٦)، بەئامادەبونى د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەرى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان بەڕێوەچو، لە سەرەتادا کونسڵى ئوردن خۆشحاڵى خۆى دەبڕى و بەگرنگیەوە باسى لە پەیوەندییە دوقوڵییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئوردونى کرد و، جەختى لەسەر پەرەپێدانى زیاتر پەیوەندییە ئەکادیمییەکانى نێوان هەردوو لا کردەوە، وتیشى من لێرم بۆ خزمەتکردن و گەشەپێدانى پەیوەندییەکانمان نێوانمان، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا کورتەیەکى لەبارەى سیستمى سیاسى و بەڕێوەبردن و چۆنیەتى ڕێزگرتن لە مافى کەمینەکان پێشکەش کرد.
لەبەرامبەر د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى کونسڵى ئوردون ئاماژەى بە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئوردون کرد و وتى: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئوردون پەیوەندییەکى تایبەتە، مێژوەکەى دەگەڕێتەوە بۆ پیش (٢٠٠٣) کە سەرکردە سیاسیەکانى کورد بەردى بناغەى ئەو پەیوەندییانەیان داناوە، وتیشى ئێمە بەگرنیگەوە لە ئەزمونى ئوردون دەڕوانین، چونکە جیاواز لە وڵاتانى ناوچەکەو سەربارى نەبونى سەرچاوەکانى سامانى سروشتى، توانیویەتى بەهۆى سەرچاوەى مرۆیى و ئەقڵى مرۆیى ئەزمونى سەرکەوتو پێشکەش بکات، بۆ نمونە ئێستا ئێمە دەبینین خوێندن بۆتە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانى داهات بۆ ئەو وڵاتە، بێگومان ئەوەش بەبێ بونى ئەقڵێکى ژیر بەدینەهاتوە، لەهەمان کاتدا لە ڕوى ڕێزگرتن لە مافى کەمینە نەتەوەکان یەکێکە لەو وڵاتانەى کە مافى تەواوى بۆ کەمینە نەتەوەکانى وڵاتەکەى دابین کردوە.
هەر لە میانەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کورتەیەکى لەبارەى مێژو و ئەزمونى خوێندنى باڵا لە کوردستان پێشکەش بەکونسڵى ئوردون کرد و ڕایگەیاند: لە دواى ساڵى (١٩٩١)ەوە بوارى خوێندنى باڵا لە کوردستان گەشەکردنێکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە، لە یەک زانکۆوە ئێستا سی زانکۆمان هەیە، بۆیە من گەشبینم بە پەیوەندییەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ووڵاتى ئوردون و، ئەخوازین سود لە ئەزمونى زانکۆکانیش وەربگرین، بۆیە پێشبینى دەکەم ئاستى ئەو پەیوەندییانە هەیەو بەردەوامى پێ دەدرێ، بەڵام ئێستا پێویستمان بەفراوانکردنى زیاترى ئاستى پەیوەندییەکانمانە، لە هەموشى گرنگترى پێویستە پەیوەندییەکانمان بەدامەزراوەیى بکەین، بۆ ئەوەى باشترو زوتر ئەو کێشانە چارەسەر بکەین کە دێنە پێش.
سەبارەت بەدانپیانانى زانکۆکانى کوردستان بەتایبەت زانکۆ تایبەتەکان لەلایەن حکومەتى ئێراقیەوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کێشەکان کێشەى زانستى و ئەکادیمى نێن، بەڵکو تەنها کێشەى سیاسین، چونکە بەشێک لە زانکۆ تایبەتەکان لە ڕوى ئاستى زانستیەوە زۆر بەرزترە لە ئاستى زانستى زانکۆکانى ئێراق، بۆیە هەوڵەکانیشمان بەردەوامە بۆ چارەکردنى کێشەکان.
د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: هانى ئەو پزیشکانە دەدەین کە بێنە هەرێمى کوردستان و لە کوردستان بگیرسێنەوە خزمەت بە بوارەکە بکەن.