نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: پێویستە نمونەى زانکۆى قازانج نەویست لە کوردستان دروست و پشتگیرى بکرێن

IMG_0025.JPG

 د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: لە نێوان زانکۆ تایبەت و زانکۆ حکومیەکاندا، نمونەى زانکۆ قازانج نەویستەکانیش زیاد بکەین، هەربۆیە كارئاسانى تەواو بۆ ئەو زانکۆیان دەکەین کە بەشێوەى قازانج نەویست کار دەکەن.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکی لەگەڵ پڕۆفیسۆر بروس فێرگه‌سن سه‌رۆكی زانكۆى ئه‌مه‌ریكی له‌ عێراق-سلێمانی (AUIS) هات.

 لەو دیدارەدا، کە ئەمڕۆ یەک شەممە، بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و ، د.جەمال کەمال یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەى ستراتیژى خوێندنى باڵا کرا.

لەو چوارچێوەیەدا، پڕۆفیسۆر بروس فێرگه‌سن سه‌رۆكی زانكۆى ئه‌مه‌ریكی له‌ عێراق-سلێمانی، خۆشحاڵى بەو پێشوازییە دەربڕى و، کورتەیەکیشى لەبارەى پلانى ستراتیژى زانکۆکەیانى پێشکەش بەوەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، هەروەک هیواشى خواست وەک چۆن لە ڕابردو وەزارەت هەماهەنگ و پشتگیرى زانکۆکەیانى کردوە، لەداهاتوشدا بەردەوام بن بەئامانجى خزمەتکردن بەڕەوتى زانست و خوێندن و توێژینەوەو بەرزکردنەوەى ڕانکینگى زانکۆکانى کوردستان.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، پیرۆزباىى لە پڕۆفیسۆر بروس فێرگه‌سن کرد، کە وەک سەرۆکى نوێى  زانكۆى ئه‌مه‌ریكی له‌ عێراق-سلێمانی دەستبەکاربوە، لە میانەى وتەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە زانکۆ قازانج نەویستەکان کرد و وتى: بەدەرکردنى ڕێنمایى تایبەت ڕێوشوێنەکانى چۆنیەتى پشتگیریکردنى زانکۆ قازانج نەویستەکان ڕێکدەخەین، چونکە ئەخوازین لە نێوان زانکۆ حکومى و زانکۆ تایبەتەکاندا، نمونەى زانکۆ قازانج نەویستەکان لە کوردستانیش زیاد بکەین.