نوفمبر 2016

د.يوسف گۆران: له‌ دوای ڕوخانی سه‌دامه‌وه‌ نه‌تواندرا شوناسێكی گشتگیر بۆ هاوڵاتیان و ده‌وڵه‌ت بونیاد بنرێت

8.jpg

 د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: عیراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت له‌به‌رده‌م قه‌یرانێكی گه‌وره‌دایه‌، قه‌یرانی سه‌ره‌كی ئێراق دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌ددام له‌وه‌دایه‌ كه‌ نه‌تواندرا شوناسێكی گشتگیر بۆ هاوڵاتیان و ده‌وڵه‌ت بونیاد بنرێت، شوناسێك كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی ئێراق نه‌ك تاكه‌ پێكهاته‌یه‌ك بێت.

پێكهێنانی هه‌رێمه‌كان له‌ ئیڕاق و چاره‌نوسی هه‌رێمی كوردستان

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ میانه‌ی پێشكه‌شكردنی وتارێكیدا له‌ شه‌شه‌مین كۆنفرانسی ساڵانه‌ی كۆلێژی زانسته‌ كارگێڕی و ڕامیارییه‌كانی زانكۆی چه‌رموو هات، له‌و كۆنفرانسه‌دا كه به‌ناونیشانی (پێكهێنانی هه‌رێمه‌كان له‌ ئیڕاق و چاره‌نوسی هه‌رێمی كوردستان)‌ ڕێكخرابوو، ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (17/4/2016) به‌ئاماده‌بونی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان و توێژه‌ران ده‌ستی به‌كاروچالاكیه‌كانی كرد، ماوه‌ی دوو ڕۆژه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌شدا‌ چه‌ند وته‌یه‌ك پێشكه‌ش كرا.

ته‌وافوقی سیاسی له‌ ئێراق ڕوبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆته‌وه‌

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ وتاره‌كه‌یدا دوای ئه‌وه‌ی سەرەتا سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆی چه‌رمۆ  و ڕێکخەرانی ئەم كۆنفرانسه‌ی كرد ، خۆشحاڵی خۆشی به‌و كۆبونه‌وه‌ ئه‌كادیمیه‌ ده‌بڕی کە تێیدا گفتوگۆکردن دەربارەی كێشه‌یه‌كی چاره‌نوسسازی وه‌ك ئاینده‌ی هه‌رێم و هه‌رێمه‌كانی له‌ ئێراق ده‌كه‌ن، وتیشی ئه‌وه‌ ئه‌ركێكه‌ پێویسته‌ زانكۆكان و سێنته‌ره‌كانی بیركردنه‌وه‌ به‌رده‌وام ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ بكه‌ن، چونكه‌ بابه‌تێكی هه‌نوكه‌یی هه‌ستیارو مه‌ترسیداره و،‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاینده‌ی ئێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتوو، هه‌روه‌ك په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێراق به‌ مانه‌وه‌ یان هه‌ڵبژاردنی بژارده‌یه‌كی دیكه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ڕۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆدا كه‌ مه‌سه‌له‌ی ته‌وافوقی سیاسی له‌ ئێراق ڕوبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆته‌وه‌.

كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مانه‌وه‌ی ئێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت ده‌كات

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: شاراوه‌ نیه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی نوێی ئێراق له‌سه‌ر بنه‌مای هاوپه‌یمانێتی سه‌ره‌كی كوردو شیعه‌و به‌شێكی سوننه‌ دامه‌زا. ده‌قی ده‌ستوری (٢٠٠٥) به‌ ڕونی  شوێن په‌نجه‌ی دیدی شیعه‌ و كوردی پێوه‌ دیاره‌، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌م ده‌ستوره‌ نوێیه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری كێشه‌ سیاسییه‌كان به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی مایه‌وه‌ و، ئێستا ئه‌م كێشه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مانه‌وه‌ی ئێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت ده‌كات.

مه‌یلی پاوانخوازی ده‌سه‌ڵاتی سه‌نتڕاڵی شوێنی ته‌وافوق سیاسیی ده‌گرێته‌وه‌

د.یوسف گۆران وتی: ده‌ستوری نوێی ئێراق بۆ كورده‌كان ته‌نها شه‌رعیه‌تی به‌خشییه‌ ئه‌و ماف و دۆخه‌ سیاسییه‌ی كه‌ پێشتر له‌ ساڵی (١٩٩١) وه‌ك دیفاكتۆ هه‌یانبووه‌. مه‌سه‌له‌ گرنگه‌كانی میلله‌تی كوردستان وه‌ك كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و دانپییانانی فه‌رمی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و شێوه‌ی كۆتایی په‌یوه‌ندی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستوردا نه‌خشه‌ ڕێگةی بۆ دانرابوو، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كراو بێ چاره‌سه‌ر مایه‌وه‌. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پێگه‌و رۆڵی سوننه‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی ئێراق كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌منی و سیاسی بۆ ئێراق دروست كرد، سه‌رئه‌‌نجام مه‌یلی پاوانخوازی ده‌سه‌ڵاتی سه‌نتڕاڵی ڕۆژ به‌رۆژ شوێنی ئه‌و ته‌وافوقه‌ سیاسییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ گرته‌وه‌.

كورد و سوننه‌و پێكهاته‌كانی دیكه‌ له‌ ئاینده‌ی خۆیان دڵنیا نین

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: ئێمه‌ له‌ ئێراقێكدا ده‌ژیننه‌ كوردو نه‌ سوننه‌ و نه‌ پێكهاته‌كانی تریش تیایدا له‌ ئاینده‌ی خۆیان دڵنیا نین، به‌ڵكو نیگه‌رانن له‌ پاشه‌رۆژی خۆیان، گه‌ر بمانه‌وێ ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ ئێراق دابین بكرێت، پێویسته‌‌‌ ئیراده‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان شوێنی ئیراده‌و ئه‌قڵییه‌تی پاوانخوازی و سه‌پاندنی زۆرینه‌ بگرێته‌وه‌، ئه‌قڵییه‌تی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو قوڵتری ده‌كات...دوریش نیه‌ به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ببات. چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م زۆرینه‌و كه‌مینه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بییه‌ نه‌ك به‌رنامه‌ی سیاسی و دیمو‌كراتییه‌ت داڕێژراوه‌.

هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ییه‌ كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غداد چاره‌سه‌ر بكات

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا د.یوسف گۆران باسی له‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد كرد وتی: حكومه‌تی هه‌رێمی كور‌دستان به‌رده‌وام ئاماده‌ بووه‌ و ئاماده‌یه‌ كه‌ به‌ دایه‌لۆك و به‌پێی ده‌ستور كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غداد چاره‌سه‌ر بكات، وتیشی میلله‌تی كورد سه‌رباری مێژوی پڕ نه‌هامه‌تی ئه‌نفال و بۆردومانكردن به‌چه‌كی كیمیایی و ته‌عریب و ڕاگواستن، به‌ڵام به‌ باوه‌ڕی ته‌واوه‌وه‌ به‌شداری له‌ بونیادنانه‌وه‌ی ئێراقی پاش سه‌دام كرد، له‌ماوه‌ی ١٣ ساڵی ڕابردوشدا سه‌رباری باوه‌ڕی ته‌واومان به‌ پێكه‌وه‌ژیان و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌كان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌مانتوانی ئه‌و كێشه‌ مێژویانه‌ی گه‌له‌كه‌مان كه‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌كانی سه‌ددام و پێش ئه‌ویش هه‌مانبوو، له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی عه‌لاوی و جه‌عفه‌ری و مالكی چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئاشكرایه‌ گه‌له‌كه‌مان هیچ كاتێك بۆ پۆست و پایه‌ نه‌چۆته‌ به‌غداد گه‌ر نه‌یتوانیبێ ئه‌و پۆست پایه‌یه‌‌ بۆ مه‌سه‌له‌ ره‌واكان به‌كار بێنێ.

ئه‌م جۆره‌ ده‌وڵه‌ت و سیستمه‌ پێویستی به‌ ئه‌قڵییه‌تی دیموكراسییه‌

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتری خسته‌ڕو  و وتی: كێشه‌كانی نێوان به‌غداد و هه‌ولێر هی ئه‌مڕۆ نیه‌، به‌ڵكو كه‌ڵه‌كه‌بوی پێش و (١٣) ساڵی پاش ڕوخانی سه‌ددامه، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌زمو‌نه‌ تاڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ئێراق ئێستاش پێمان وایه‌ ده‌كرێت پێكه‌وه‌ ده‌وڵه‌تێكی دیموكرات و فیدراڵ و فره‌یی دروست بكه‌ین، كه‌ پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی و یه‌كسانی دور له‌ پشك پشكێنه‌ی تایفی ونه‌ته‌وه‌یی فه‌راهه‌م بكات، ئه‌م جۆره‌ ده‌وڵه‌ت وسیستمه‌ پێویستی به‌ ئه‌قڵییه‌تی دیموكراسی وباڵاده‌ستی یاساو دامه‌زراوه‌كان هه‌یه‌، چونكه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ناوی ته‌كنۆكراتی و دو‌ركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پشك پشكێنه‌‌ مافی پێكهاته‌كان _ دژ به‌ حوكمی ده‌ستور و ده‌سه‌ڵاتی یاسا_ پێشێل ده‌كرێت و، مه‌یلی خۆسه‌پاندنی تاكلایه‌نه‌ به‌سه‌ر سازانی سیاسی زاڵ ده‌كات.

گه‌له‌كه‌مان به‌ ئازادی چاره‌نوسی سیاسی خۆی دیاری ده‌كات

د. یوسف گۆران به‌شێكی وتاره‌كه‌ی ته‌رخان كرد بۆ بڕیاره‌كانی ئاینده‌ی كوردستان و له‌و باریه‌وه‌ وتی: ڕاستییه‌كی گرنگ هه‌یه‌ پێویسته‌ له‌ یاد نه‌كرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌له‌كه‌مان چیتر ناتوانێ و نایه‌وێ به‌ ئه‌قڵییه‌تی كه‌مینه‌و زۆرینه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ مافه‌ ده‌ستورییه‌ ڕه‌واكانی بكرێت، چیتر له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكدا ناژین كه‌ ئاماده‌ نیه‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی جێبه‌جێ بكات، مێژوش سه‌لماندویه‌تی كه‌ گه‌له‌كه‌مان سه‌ربه‌ست و ئازاده‌و، ده‌توانێت هه‌ر به‌ ئازادی چاره‌نوسی سیاسی خۆی دیاری بكات‌.

با به‌یه‌كه‌وه‌ بڕیاری چاره‌نوسساز بۆ ئاینده‌ی هه‌ردولا بده‌ین

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی خواستی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئاینده‌ی ئێراق خسته‌ڕو ڕاگه‌یاند: ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ له‌ ئێراقێكی فره‌‌یی و دیموكرات و فیدراڵدا بژین، كه‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان_ به‌تایبه‌ت كێشه‌ی خاك_ تیایدا دیموكراسیانه‌ چاره‌سه‌ر كرابێت، ئێمه‌ به‌و هیوایه‌ین كه‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌زی نه‌ك كێشه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و دانیشتوانه‌كه‌ی دروست نه‌كات، به‌ڵكو داكۆكی له‌ كوردانی سه‌رجه‌م پارچه‌كانی تری كور‌دستانیش بكات، میلله‌ته‌كه‌مان‌ هه‌زاران ساڵه‌ له‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌ ده‌ژێت، نه‌ به‌رێككه‌وت هاتۆ‌ته‌ سه‌ر خاكی كه‌س و نه‌ تیایدا كرێچیه‌، با پێكه‌وه‌ یان به‌ یه‌كسانی و ئارامی بژین، یان دولایه‌نه‌ بڕیاری چاره‌نوسساز بۆ ئاینده‌ی هه‌ردولا بده‌ین.

كۆتایی

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا هیوای خواست گفتوگۆ و بابه‌ته‌كانی كۆنفرانسهكه‌‌ ببێته‌ مایه‌ی به‌هێزكردنی گیانی پێكه‌وه‌ ژیان و ئاشتی و دیموكراسی و فره‌یی دامه‌زراوه‌یی له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ی كوردیدا