نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: ده‌بێت زانكۆكان ببنه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌كانی بڕیاری سیاسی له‌ هه‌ریمی كوردستان

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت ببنه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌كانی بڕیاری سیاسی له‌ هه‌ریمی كوردستان.

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ پانێڵێكی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له‌ سلێمانی هات كه‌ ته‌رخان كرابوو بۆ ((گفتوگركردن له‌باره‌ی دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان و ڕێگه‌كانی چاره‌سه‌ر)).

له‌و پانێڵه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (30/1/2016) له‌ هۆڵی د.عه‌لی قه‌ره‌داغی له‌ زانكۆكی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له‌ سلێمانی به‌ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی پاڕله‌مان و، سه‌رۆكی ژماره‌یه‌ك له‌ زانكۆكانی كوردستان و مامۆستایانی زانكۆك و پسپۆڕو شاره‌زاییانی بواری ئابوری به‌ڕێوه‌چوو، له‌سه‌ره‌تادا چه‌ند وته‌یه‌ك پێشكه‌ش كرا.

له‌و باره‌یه‌وه‌ د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی پێشكه‌ش كرد، له‌ وتاره‌كه‌یدا د.یوسف گۆران خۆشحالی خۆی ده‌ربڕی كه‌ له‌ بۆنه‌یه‌كی زانستیدا باس له‌ قه‌یرانی دارایی هه‌ریمی كوردستان كرده‌و له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: "كه‌ باس له‌ قه‌یران و كێشه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت خۆشحاڵم له‌ نێو ئه‌و هه‌موو قسه‌و باسه‌ سیاسی و حزبیانه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، گوێبیستی دیدی زانستی و ڕێگه‌چاره‌ی ئه‌كادیمی و ئه‌كادیمییه‌كان  سه‌باره‌ت به‌قه‌یرانی دارایی ئێستای هه‌رێمی كوردستان بین"،   هه‌روه‌ك ده‌ستخۆشی له‌ زانكۆكانی (گه‌شه‌پێدانی مرۆیی، سه‌ڵاحه‌ددین و سلێمانی)‌ كرد بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ زانستیه‌، هیواشی خواست قسه‌كردن و لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌سه‌ر كیشه‌و قه‌یرانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ كه‌لتورێكی باوی كاری زانكۆكان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ ئاینده‌دا زانكۆكان بكه‌ینه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌كانی بریاری سیاسی له‌ هه‌ریمی كوردستان.

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا د.یوسف گۆران ئاماژه‌ی به‌قه‌یرانی دارایی هه‌رێمی كوردستان كرد و به‌قه‌یرانێكی مه‌ترسیداری له‌ قه‌ڵه‌مدا و ڕاگه‌یاند: ئه‌مڕۆ قه‌یرانی دارایی و ئابوری هه‌ریمی كوردستان مه‌ترسیدارترین كێشه‌یه‌، كه‌ له‌ دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس ڕوبه‌روی هه‌ریمی كوردستان بۆته‌وه، ڕونیشیكرده‌وه‌ هاوته‌ریب بونی ئه‌م كێشه‌یه‌‌ له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌ سیاسی و یاساییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی قوڵتر كردۆته‌وه‌.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر به‌چاوێكی ئه‌كادیمیانه‌وه‌ سه‌یری قه‌یرانه‌كانی ئێستای حكومه‌ت و هه‌رێم بكه‌ین ده‌توانین له‌وه‌ دڵنیا بین كه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ئه‌وه‌نده‌ی قه‌یرانی شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و  حكومڕانی هه‌رێمه‌كه‌مانه‌ له‌ (12) ساڵی ڕابردودا‌ ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ست نیه ته‌نها به‌دۆخێكی تایبه‌تی ئابوری و سیاسی‌ هه‌ڵاوسانی كارگێڕی و ده‌زگا دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و ناهاوسه‌نگی نێوان خه‌رجی و داهاته‌كان و ناشه‌فافیه‌تی كارگێڕی و دارایی كه‌لتوریكه‌ ئه‌م حكومه‌تی ئیستا له‌ كابینه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان دیكه‌ به‌ میرات بۆی ماوه‌ته‌وه،‌ میراتێك كه‌ ئێستا ئه‌ركی ئه‌م حكومه‌ته‌یه‌ چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا د.یوسف گۆران باسی له‌ هه‌نگاوه‌كانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كان و له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ره‌تایی كابینه‌ی نوێوه‌ هه‌نگاوی جددی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی شێوه‌ی حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان له‌ زۆربه‌ی بواره‌كان و به‌ڕێژه‌ی جیا ناوه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك كرد و وتی: شه‌فافكردنی به‌ڕێوه‌بردنی سێكته‌ری نه‌وت و گاز و زیادكردن و دابینكردنی بڕی پێویستی داهات له‌ ئیستادا ئه‌ركی هه‌نوكه‌یی حكومه‌تی هه‌رێمه‌، وتیشی هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ئه‌ركی به‌په‌له‌ی حكومه‌ت دابینكردنی موچه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌م حكومه‌ته‌ گۆڕینی سیستمی به‌ڕێوه‌بردن و حكومڕانی كوردستانه‌، چونكه‌ ئه‌و شێوه‌ به‌ڕێوه‌بردن و حكومڕانیه‌ی هه‌مانبووه‌ و هه‌مانه‌ گه‌ر قه‌یرانی ئێستای دارایش نه‌بوایه‌ دوای چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ ئه‌و شیوازی به‌ڕێوه‌بردنه‌ به‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌مانی ده‌گرت.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتیشیی گۆڕێنی سیستم به‌تایبه‌ت له‌كاتی بونی قه‌یراندا كارێكی دژوار و سه‌خته‌، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ پێویسته‌ بكرێت، چونكه‌ ئێستاو و ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مان و نه‌وه‌كانی پێوه‌ به‌نده‌، ئاشكراشیكرد كه‌ گرنگه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و پاڕله‌مان و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی..له‌و ئه‌ركه‌ مێژوییه‌دا ده‌بێت ڕۆڵی كارای خۆیان بگێڕن، وتیشیی زۆر پێویسته‌ بۆ ده‌ربازبون له‌و قه‌یریانه‌ پاڕله‌مانی كوردستان كارا بكرێته‌وه‌و شانبه‌شانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌‌‌جێكردن ئه‌ركی یاسایی سیاسی خۆی جێبه‌جێ بكات.

د.یوسف گۆران باسی له‌ پێویستی یه‌ك ده‌نگ و بونی ڕه‌خنه‌ی بونیادنه‌ر كرده‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌و ده‌ستنیشانكردنی ڕێگه‌ر چاه‌ری گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: به‌هاوكاری و هاوده‌نگی هه‌موان ده‌توانین ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ به‌سه‌ركه‌وتویی تێپه‌ڕێنین، وتیشی ئێمه‌ خۆمان له‌و ئه‌ركه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ نادزینه‌وه‌ و به‌وپه‌ڕی ئیراده‌وه‌ ڕوبه‌روی قه‌یرانه‌كان ده‌بینه‌وه‌ ئاشكراشیكرد كه‌ گوێ له‌ هه‌موو ده‌نگ و پێشنیازه‌ و ڕه‌خنه‌ی دڵسۆزانی ئه‌م وڵاته‌ ده‌گرین، وتیشی گرنگه‌ ڕه‌خنه‌كانیش له‌م ڕۆژگاره‌ قه‌یراناویه‌دا بونیادنه‌ر و دڵسۆزانه‌ بیت و هه‌ڵقوڵاوی په‌رۆشیمان بۆ كوردستان بێت، نه‌ك ڕه‌نگدانه‌وه‌ به‌رنامه‌و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی تاكه‌ كه‌سی و به‌خشینه‌وه‌ی تۆمه‌ت و خۆده‌ربازبكردن بێت له‌هه‌ڵه‌و به‌رپرسیارێتیه‌كانی ڕابردوو بێت، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ گه‌له‌كه‌مان هۆشیاره‌و جیاوازی نیوان ده‌نگ و ئاڕاستانه‌ ده‌كات.

سه‌باره‌ت به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، د.یوسف گۆران ئاماژه‌ی به‌كاروچالاكی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كرد بۆ چاكسازیكردن له‌ كه‌رتی خوێندنی باڵا ناویه‌تی و له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی: وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی زیاتر له‌ ساڵێكه‌ پڕۆژه‌ی چاكسازی خۆی ده‌ست پێكرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ی به‌ كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ كرد و وتی: ناساندنی زیاتری زانكۆكانمان به‌پێوه‌ره‌ ئه‌كادیمییه‌ جیهانییه‌كان و‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ له‌ ڕێگه‌ی پڕۆسه‌ی ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی زانكۆكان یه‌كێكه‌ له‌و پڕۆژانه‌ی له‌ ساڵی رابردودا له‌گه‌ڵ زانكۆكان ده‌ستمان پێكرد و جێبه‌جێمان كرد، هه‌روه‌ك دامه‌زراندنی په‌یمانگه‌ی په‌ره‌پێدانی ئه‌كادیمی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و ئه‌كادیمی مامۆستایان و سێنته‌‌ره‌كانی كار و ئه‌نجومه‌نی باڵای توێژینه‌وه‌و ڕێنمایی نوێی دكتۆرا و گۆڕانكاری له‌ پڕۆگرام و ساڵی خوێندن و گرنگیدان به‌زمانی ئینگلیزی چه‌ند نمونه‌یكن له‌و چاكسازیانه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی جێبه‌جێ كراون.

د.یوسف گۆران ئه‌ركی ئه‌م قۆناغه‌ی زانكۆكانی كوردستانی ده‌ستنیشان كرد و ڕایگه‌یاند: ئه‌ركی ئیستای زانكۆكان به‌هۆی گۆڕانكاری فره‌ڕه‌هه‌ندی جیهانییه‌وه‌ له‌ گۆرانی به‌رده‌وامدایه‌و بۆیه‌ پێوسته‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گۆڕانكاری له‌ ڕۆڵی مامۆستاو خوێندكار و پڕۆگرامه‌كان بكرێت، جاران ئه‌وه‌نده‌ به‌س بوو كه‌ زانكۆ و مامۆستا به‌پێی پڕۆگرامی پێشوه‌ختی ئاماده‌كراو بڕوانامه‌ی ده‌رچون ببه‌خشنه‌ خوێندكاران بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دامه‌زراندندا سودی لێوه‌رگرن، به‌ڵام له‌ ئه‌مڕۆدا گه‌وره‌ترین ته‌حدای به‌رده‌م زانكۆ و پڕۆگرامه‌كانی گه‌یشتن‌ به‌و گه‌شه‌كردنه‌ خێرایه‌و گۆرانكارییه‌ هه‌مه‌لایه‌نانه‌یه‌ كه‌ ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری ئه‌مڕۆ له‌ جیهاندا دروستی كردوه، پڕۆگرامه‌كانمان و مامۆستایانمان چۆن ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاڕاسته‌ خێرایه‌ی جیهان بڕۆن و به‌شدار بن تێیدا.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتیشی گرنگه‌ مامۆستا و زانكۆكان پێش بڕوانامه‌ توانای كاركردن و پیشبڕكێ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی خوێندن پێشكه‌شی ‌خوێندكاران بكه‌ن، ڕونیشیكرده‌وه‌ پێویسته‌ مامۆستایان نویترین زانستی سه‌رده‌م پێشكه‌ش به‌خوێندكارانی خۆیان بكه‌ن تا خویندكاران له‌ دوای ده‌رچونیان بتوانین له‌گه‌ڵ گۆرانكارییه‌ خێراكان هه‌ڵ بكه‌ن و هه‌لی كاری شایسته‌ بدۆزنه‌وه‌و سه‌ركه‌وتوبن تیایدا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر مامۆستایان زمانی ده‌سته‌به‌ركردنی زانستی و ئینگلیزی نه‌زانێ  چۆن ده‌توانن له‌و ئه‌ركه‌دا سه‌ركه‌وتوو بێ.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا د.یوسف گۆران باسی له‌ كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا كرد كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له‌ له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌چوو، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: له‌ كۆنفرانسی خوێندنی باڵا له‌ بریتانیا به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن كۆمپانیای مایكرۆسۆفته‌وه‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك پێشكه‌ش كرد، به‌شێكی توێژینه‌وه‌كه تایبه‌ت بوو به‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌ ماوه‌ی (10) ساڵی داهاتودا ڕوده‌ده‌ن، وه‌ك له‌ ده‌رئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌دا‌ هاتبوو هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كان له‌ نێوان ساڵانی (2015تا 2025) له‌ 50% ئه‌و پیشانه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ نامێنیت. وه‌ك وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ پێویست ده‌كات كه‌ زانكۆ‌ خوێندكار بۆ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ ئاماده‌ بكات تا بتوانێت ئه‌و هه‌لی كارانه‌ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی (10)ساڵی داهاتودا دێنه‌ ئاراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ تێچوی خوێندنی باڵا و به‌رهه‌مه‌كانی له‌ ماوه‌ی (7) ساڵی ڕابردودا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: له‌ (7) ساڵی ڕابردودا نزیكه‌ی (4 تا 5) ملیار دۆلار له‌ كه‌رتی خوێندنی باڵای هه‌رێمی كوردستان خه‌رج كراوه،‌ به‌ڵام به‌به‌راورد به‌ربه‌رهه‌مه‌كانیان به‌شیوه‌یه‌كی پیویست نیه‌، بۆ نمونه‌ ئاستی توێژینه‌وه‌كانمان وه‌ك پێویسته‌ نیه‌، ساڵی ڕابردوو به‌(5) مامۆستا یه‌ك توێژینه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌، ژماره‌ی‌ توێژینه‌وه‌كان نه‌گه‌یشتۆته‌ هه‌زارو پێنچ سه‌د توێژینه‌وه، ئه‌وه‌ له‌كاتێكیدایه‌ كه‌ ئێمه‌ زیاتر له‌ (8) هه‌زار مامۆستامان هه‌یه،‌ بۆیه‌ ئه‌ركمان بزانین چۆن داهات بۆ ئاماده‌كردنی توێژینه‌وه‌ ئاماده‌ بكه‌ین و زمانی توێژینه‌وه‌ بۆ مامۆستاكان دابین بكه‌ین.

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی داوا له‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كان كرد كه‌ ڕه‌چاوی دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و هاریكاری خوێندكاران بكه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنیئه‌و دۆخه‌ داراییه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ كرێی خوێندنی خوێندكارانه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سوپاسی تایبه‌تی خۆی ئاڕاسته‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆكان و سه‌رجه‌م ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد له‌پای سه‌برو ته‌حه‌مولیان بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ی بێموچه‌یی و ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان به‌ئه‌وپه‌ڕی دڵسۆزی و پێشمه‌رگه‌ ئاسا و ماندونه‌ناسانه، وتیشی:"سوپاستان ده‌كه‌م ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ نیشتیمانی و زانستیه‌ له‌یاد ناكه‌ین و به‌رز ده‌نرخێنین و، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ داكۆكه‌ری به‌رده‌وامی مافه‌كانتان ده‌بین".

هه‌ر له‌و پانێڵه‌دا د.مه‌ریوان ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد، له‌ وته‌كه‌یدا دوای به‌خێرهێنانی میوانه‌كان، ئاماژه‌ی به‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ كرد كه‌ ڕوبه‌ڕوی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ش به‌پێویستیزانی كه‌ پسپۆڕانی بواره‌كه‌و شاره‌زاییه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌‌ هه‌نوكه‌یهوه‌‌ بكه‌ن و ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو پێشنیاز بكه‌ن بۆ ده‌ربازبون له‌و قه‌یرانه‌ و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان. ڕونیشیكرده‌وه‌ زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی به‌درككردن به‌و به‌رپرسیارێتیه‌ ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامداوه‌.

پاشان به‌رنامه‌ی كاری پانێڵه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد، له‌سه‌ره‌تادا باس له‌ دۆخی دارایی و ئابوری ئێستاو داهاتوی هه‌رێمی كوردستان كرا، هه‌روه‌ك له‌ پانیڵی دوه‌میشدا باس له‌ پڕۆژه‌كانی چاره‌سه‌ر بۆ دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان كرا.

دوابه‌دوای پێشكه‌شكردنی پانێڵه‌كانیش له‌لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌وه‌ گفتوگۆ ورد له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانه‌كان و ڕێگه‌چاره‌كانیش كرا، هه‌روه‌ك چه‌ندین پێشنیازیش به‌و ئاڕاسته‌یه‌ خرایه‌ڕوو.