نوفمبر 2016

یه‌كه‌مین سه‌نته‌ری ئاکادیمی جێنده‌رناسی لە كوردستان كرایه‌وه‌

IMG_1600.JPG

 

 

 قوباد تاڵه‌بانی: هێشتا له‌ باشوری كوردستان سیاسه‌ت وه‌ك یاریه‌كی پیاون مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ

 

د.یوسف گۆران: كچان ڕێژه‌ی (52%) خوێندكارانی زانكۆ پێك دێنن

هاوكات له‌گه‌ڵ كاروچالاكییه‌كانی هه‌ڵمه‌تی شازده‌ ڕۆژه‌ی به‌رنگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ژنان، به‌چاودێری و ئاماده‌بونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا (سه‌نته‌ری كوردستان بۆ جێنده‌رناسی) له‌ زانكۆی سۆران كرایه‌وه‌.

له‌ مه‌راسیمه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (2/12/2015) له‌ هۆڵی بۆنه‌كان له‌ شارۆچكه‌ی سۆران به‌ئاماده‌بونی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، محمد هاودیانی وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و، نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار و، په‌خشان زه‌نگنه‌ ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له نوێنه‌ری‌ ڕێكخراوه‌كانی ژنان و ژنانی سنوره‌كه‌ ئاماده‌یبون، چه‌ند وتارێك پێشكه‌ش كران.

مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ساتێك ڕێزگرتن بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستی پێكرد، پاشان د.مسڵح مسته‌فا سه‌رۆكی زانكۆی سۆران وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد، له‌ وته‌كه‌یدا، سه‌رۆكی زانكۆی سۆران دوای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بوان، ڕایگه‌یاند: ڕاهێنان و توێژینه‌وه‌و پێداچونه‌وه‌ی به‌بریاری سیاسی و دادگای كاری سه‌ره‌كی سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌بێت، وتیشی كردنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌نته‌ره‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ له‌ خه‌باتی زانستی و ئه‌كادیمی له‌ كوردستان، هه‌روه‌ك مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیمان له‌ كردنه‌وه‌ی گرنگیدان ده‌بێت‌ به‌خوێندنه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ و ڕاهێنان له‌ بواری جێنده‌رناسی له‌ كوردستان، سه‌رۆكی زانكۆی سۆران ئاشكراشیكرد كردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ له‌ زانكۆی سۆران ته‌نها بۆ سۆران نیه،‌ به‌ڵكو بۆ هه‌موو كوردستان ده‌بێت و، له‌ناو هه‌موو پێكهاته‌كانیش كارده‌كات، د.مسڵح مسته‌فا ڕونیشیكرده‌وه‌ له‌ ڕابردودا كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی گه‌وره‌یان ناو و، چه‌ندین میتۆدیان له‌و بواره‌دا تاوتوێ كردوه‌، كه‌ له‌ئه‌نجامدا به‌ڕچاوكردنی كه‌لتوری كوردی میتۆدی نوێی كاری سه‌نته‌ره‌كه‌مان داڕشتوه، وتیشیی وه‌ك چۆن له‌ ڕابردودا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ژن و پیاو هاوشانی یه‌كتر كاریان ده‌كرد و ڕوبه‌ڕوی سه‌ختیه‌كانی ژیان ده‌بونه‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ سه‌نته‌ره‌كه‌مان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ كار ده‌كات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی مه‌رسیمه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌شه‌كرد، له‌ وتاره‌كه‌یدا جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوای ئه‌وه‌ی خۆشحاڵی خۆی به‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ له‌ شاری كه‌ڵه‌ژنی كورد خانزادی میری سۆران ده‌ربڕی، ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ش كرد كه‌ ڕۆڵیان هه‌بوه‌ له‌ گه‌ڵاڵه‌كردن و كردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ له‌ زانكۆی سۆران.

قوباد تاڵه‌بانی ڕاگه‌یاند: دامه‌زراندنی ئه‌م سه‌نته‌ره‌‌ به‌بێ چالاكی هاوكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و زانكۆی سۆران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی نه‌ده‌هاته‌دی، وتیشی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی ئاوا له‌م بارودۆخ سه‌خته‌ی ئابوری ئاماژه‌یه‌كی گرنگه‌ كه‌سه‌رباری سه‌ختیه‌كان هه‌وڵه‌كان بۆ به‌رپاكردنی یه‌كسانی جێنده‌ر له‌ كوردستان به‌رده‌امه‌. جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی: یه‌كسانی جێنده‌ر یه‌كیكه‌ له‌ بنه‌ما گرنگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتو و یه‌كسان، وتیشی له‌ كوردستان له‌و بواره‌دا هێشتا كارو هه‌نگاوی دیكه‌مان له‌ پێشدا‌ ماوه‌‌، هیواشی خواست ئه‌و سه‌نته‌ره‌ هاریكاریان بێت بۆ تێگه‌یشتن له‌ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری.

هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا قوباد تاڵه‌بانی ڕاگه‌یاند: پسپۆڕانی بواری جێندر كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌بونی یه‌كسانی جێنده‌رو ده‌رفه‌ت نه‌دان به‌ژنان زیان به‌ئابوری و كه‌رتی گشتی و حكومه‌ت ده‌گه‌ێینت، وتیشی له‌ كوردستان ده‌بێت ئێمه‌ دان به‌وه‌دا بنێن كه‌ كاریگه‌ری ژن له‌سه‌ر سیاسه‌تی گشتی كوردستان سنورداره،‌ ئه‌وه‌ش‌ ته‌نها له‌ كوردستان نیه‌ به‌ڵكو ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرتۆته‌وه،‌ به‌ڵام ده‌بێت ئێمه‌ به‌رده‌وامبین له‌ كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریكردنی ژنان له‌ به‌ڕێوه‌بردن و سایه‌سه‌ت زیاتر بكه‌ین.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌خستنه‌ڕوی ژماره‌و داتا باسی له‌ دۆخی ژنان كردو ڕایگه‌یاند: ژماره‌یه‌كی زۆری قوتابخانه‌كان له‌ كچان خوێندكارن تێیاندا، به‌ڵام ژماره‌كی ‌كه‌متر له‌ بازاره‌كانی كاردا ده‌بینین، بۆ نمونه‌ له‌ كه‌رتی گشتیدا ڕێژه‌ی (35%) فه‌رمانبه‌ران له‌ ژنان، به‌ڵام ڕیژه‌یه‌كی كه‌متر له‌و ژنانه‌ له‌ پۆسته‌ باڵاكان یان پۆستی جێبه‌جیكردندان، بۆ نمونه‌ له‌ كۆی (411) پۆستی باڵا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها (38) پۆستیان له‌لایه‌ن ژنه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، له‌ ناو وه‌زیره‌كانیش ته‌نها تاقانه‌یه‌كمان هه‌یه‌، له‌ پارێزگاو قایمقامه‌كان ژماره‌كان خراپترن، وتیشی ڕاسته‌ ئێمه‌ له‌ پاریس نین ‌و ئێره‌ كوردستانه‌، به‌ڵام به‌هۆی چه‌ند بۆچونێكی كۆنه‌په‌رستانه‌ ڕۆڵی ژنان سنوردار كراوه‌، ڕونیشیكرده‌وه‌ ژن و پیاو ڕۆلی ته‌واوكاری یه‌كتر ده‌بینن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بۆچونێك له‌ كوردستان زاڵه‌ كه‌ ده‌بێت كچ زوو شو بكات و منداڵ بخاته‌وه‌ ماڵ‌ به‌رێوه‌ ببات، ئه‌وه‌ بۆچونی سه‌رده‌مێكی دیكه‌و شوێنێكی دیكه‌یه‌، چونكه‌‌ له‌ ڕابردودا له‌ كوردستان یه‌كسانیه‌كی باشتر له‌ ئێستا له‌ نێو خێزانه‌كان هه‌بوه‌.

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا قوباد تاڵه‌بانی ڕاگه‌یاند: یه‌كسانی جێنده‌ر گرنگن بۆ حكومرانی دروست و باشی ئابوری، وتیشی مایه‌یی خۆشحاڵیه‌ ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردو له‌ پاڕله‌مانی كوردستان ده‌كراون یاسای باشن، به‌ڵام ده‌بیت به‌كردار ئه‌و یاسایانه‌ جێبه‌جێ بكرێن. بۆ ئه‌وه‌ش ڕاگه‌یاند: ده‌بیت هه‌موان خۆمان به‌به‌ر پرسیار بزانین له‌ به‌شداریپێكردنی زیاتری ژنان له‌ پۆسته‌كان و بواری جێبه‌جێكردندن له‌ كوردستان. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا قوباد تاڵه‌بانی ڕایگه‌یاند: هێشتا له‌ باشوری كوردستان سیاسه‌ت وه‌ك یاریه‌كی پیاون مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ، هه‌ربۆیه‌ كه‌ دێته‌ سه‌ر ڕۆڵی ژن له‌ كۆمه‌ڵ ‌و سیاسه‌ت و به‌ڕیوه‌بردن جێگه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ شانازی پێوه‌ بكه‌ین، بۆیه‌ هیواخوازین ئه‌و سه‌نته‌ره‌ بتوانێت ڕۆڵێكی باش بگێڕێت‌ به‌ئاڕاسته‌ی گۆڕینی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ی كه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ك داواشی له‌ لێپرسراوانی سه‌نته‌ره‌كه‌ كرد كه‌ خولی باش بۆ لێپرسراوانی هه‌رێمی كوردستان و، پارته‌ سیاسیه‌كان بكه‌نه‌وه‌‌. له‌ كۆتایشدا ڕایگه‌یاند: وه‌ك چۆن له‌ ڕابردودا خه‌باتمان بۆ مافی چاره‌نوس كردوه‌، ده‌بێت به‌هه‌مان گڕوتین خه‌بات  بۆ مافی جێنده‌رو یه‌كسانی بكه‌ین.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی مه‌راسیمه‌كه‌دا د.یوسف گۆران وه‌زیری خویندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی پێشكه‌ش كرد، له‌ وتاره‌كه‌یدا دوای پیرۆزبایكردن له‌ زانكۆی سۆران كرد كه‌ به‌هاوبه‌شی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان سه‌نته‌ری كوردستان بۆ جێنده‌رناسیان كرده‌وه‌، ئاشكراشیكرد‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی كردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ بریتیه‌ له‌ توێژینه‌وه‌و ڕاهێنان و به‌شدارپێكردنی ژنان له‌ یاساو بریاره‌ سیاسیه‌كانی كوردستان، هه‌روه‌ك جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ كاره‌كانی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ ته‌نها تایبه‌ت نابێت به‌ زانكۆی سۆران، به‌ڵكو چالاكیه‌كانی هه‌موو كوردستان‌ به‌هه‌موو سێكته‌رو بوارو كه‌رته‌ جیاكان ده‌گرێته‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا كار ده‌كات بۆ دروستكردنی تۆری په‌یوه‌ندی زانستی به‌هیز له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌ نێوده‌وله‌تیه‌كانی بواره‌كه‌.

سه‌باره‌ت به‌به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ بواری‌ یه‌سكانكردنی جێنده‌ر د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: یه‌كسانی جێنده‌ری له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان بوه‌و، باوه‌ریشمان به‌وه‌ هه‌یه‌‌ كه‌ ته‌واوی تواناكانمان بخه‌ینه‌ گه‌ر بۆ یه‌كسانی جێنده‌رو ڕیشكیشكردنی توندوتیژی و به‌شداریپێكردنی ژنان و كچان له‌ هه‌موو كایه‌ جیاكان.

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ژماره‌و داتا ئاماژه‌ی به‌دۆخی كچان و ژنان له‌ بواری خوێندنی باڵا كرد و ڕاگه‌یاند: له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ كچان ڕێژه‌ی (52%) خوێندكارانی زانكۆ پێك دێن، به‌ڵام له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی كه‌لتوری و ئابوری ژنان و كچان هه‌لی یه‌كسانیان نه‌بوه‌ تا بتوانن له‌ خوێندنی باڵا خزمه‌ت بكه‌ن، بۆیه‌ بۆ له‌و بواره‌دا پێویستمان به‌هاندانی زیاتر و گۆڕینی ئه‌و ژینگه‌یه‌ هه‌یه‌ تا بگه‌ینه‌‌‌ ئه‌و شوینه‌ی كه‌ ئێمه‌ هه‌ولی بۆ ده‌ده‌ین، د.یوسف كوردستان ئاشكراشیكرد ڕیژه‌ی ژنان له‌ ستافی وانه‌بێژی له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا (33%) پێك ده‌هێنن، وتی ئه‌م ڕێژه‌یه‌ تا ئاستیك باشه‌، به‌ڵام تا پله‌كانی به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌ ڕیژه‌كان به‌داخه‌وه‌ كه‌متر ده‌بێته‌وه، بۆ نمونه‌‌ له‌ ناو پله‌ی پڕۆفیسیۆر ته‌نها (16%) ژنانن، پڕۆفیسۆری یاریده‌ره‌ ژنان ڕێژه‌ی (25%) پێك ده‌هێنن، ئه‌وانه‌ی نازناوی زانستیان مامۆستایه‌ ڕێژه‌ی ژنان تێیاندا (30 %)، هه‌روه‌ك مامۆستایانی یاریده‌ده‌ریش ژنان ڕێژه‌ی (37%) پیك دێنن، د.یوسف گۆران وتیشیی ئه‌وه ده‌بێت‌ یه‌كێك بێت له‌و كارانه‌ی كه‌ ئه‌و سه‌نته‌ره‌ تویژینه‌وه‌ له‌و حاڵاتانه‌ بكات كه‌ ئه‌و ژنانه‌ی بۆ كه‌متر ده‌گه‌نه‌ ئه‌و پۆسته‌ زانستیانه‌ی كه‌ پێویستی به‌ هه‌وڵ و ماندبونی خۆیانه‌، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕونیشیكرده‌وه‌ له‌ ناو ئه‌و (3000) كاندیده‌ی تواناسازی، كچان ڕێژه‌ی (27%) پێك دێنن، وتیشی له‌ پۆسته‌كانی وه‌زاره‌ت ڕیژهی ژنان و كچان‌ كه‌متر ده‌بێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ناو ڕاگرو فاكه‌ڵتیه‌كان له‌سه‌رجه‌م زانكۆكان ژنان ته‌نها (8%) پێك ده‌هێنن، وتیشی ئه‌و ڕیژه‌یه‌ له‌ناو سه‌رۆك به‌شه‌كان كه‌ گرنگترین یه‌كه‌ی زانستیه زۆر كه‌متر  بۆته‌وه‌و ڕێژه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ (14%)، د.یوسف گۆران ڕاشگه‌یاند: ئه‌و ڕیژانه‌ بۆ ئێمه‌ دڵخۆشكه‌ر نین و‌ هیوامان زیاتره‌، بۆیه‌‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت پڕۆژه‌یه‌كمان هه‌یه‌و قسه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی خانومان كردوه‌و پرۆژه‌كه‌مان بۆ ڕه‌وانه‌ كردون، ئاشكراشیكرد كه‌ بریاریانداوه‌ یه‌كیه‌كی تایبه‌ت له‌ وه‌زاره‌ت بكه‌نه‌وه‌، ئه‌و یه‌كه‌یه‌ كاری لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچون ده‌بێت بۆ بابه‌تی جێنده‌ری تا باشترین هه‌لی یه‌كسان بۆ ژنان بڕخسێنێت، وتیشی وه‌ك چۆن له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی یاریده‌ری سه‌رۆك بۆ كاروباری جێنده‌ر هه‌یه، ئێمه‌ش له‌ به‌رنامه‌ماندایه‌ كار به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بكه‌ین،  ئه‌و یاریده‌ده‌رانه‌‌ له‌ وڵاته‌ پێشكه‌توه‌كان هه‌یه‌ چ جای ئێمه‌ كه‌ پێویسته‌ كاری زیاتر بكه‌ین، وتیشی جێنده‌ر ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌یه‌كسانی نیه،‌ به‌ڵكو هاتنی ڕه‌گه‌زی ژنان بۆ ناو كایه‌ جیاكان هاوكار ده‌بێت بۆ هێنانی كه‌لتورێكی تازه‌ بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان‌ ساخ كردۆته‌وه‌،‌ كه‌ زیادكردنی ڕۆڵی ژنان بۆ ناو كایه‌ جیاكانی كۆمه‌ڵ مه‌یلی توندتیژی به‌تایبه‌ت له‌ بواری سیاسیدا كه‌م ده‌كاته‌وه‌،‌ بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ چه‌نده‌ ڕۆلی ژنان له‌ كایه‌یی سیاسیدا زیاتر بێت ئاشی كۆمه‌ڵایه‌تی و زیاتر ده‌بێت، چونكه‌‌ ئه‌وه‌ بابه‌تێكی مرۆڤایه‌تیه‌ و ته‌ننها په‌یوه‌ندی به‌ڕه‌گه‌زه‌ نیه‌، به‌وه‌ش‌ ده‌توانین ڕه‌هه‌ندیكی دیكه‌ی كه‌لتوری خۆمان به‌هێز بكه‌ین.

له‌ كۆتای قسه‌كانیدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: بۆ هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ پێویستمان به‌توێژینه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه‌، هه‌روه‌ك پێویستمان به‌ تێكه‌ڵكردنی زیاتر كۆمه‌ڵگه‌ش هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌ركێكی دیكه‌ی ئه‌م سه‌نته‌ره‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ توێژینه‌وه‌ له‌وه‌ بكات كۆمه‌ڵگه‌ بۆ ئه‌و دیدگای لای دروست بوه، كه‌ كاری سه‌ره‌كی ژن ماله‌وه‌ بێت! بۆیه‌ ئه‌و سه‌نته‌ره‌ به‌توێژینه‌وه‌ ده‌توانێت ڕۆڵێیكی سه‌ره‌كی بگێڕی به‌ئاڕاسته‌ی گۆڕینی ئه‌و كه‌لتوره‌، به‌شێوه‌یه‌ك  باوه‌ڕ به‌كۆمه‌ڵگه‌و ژنان بهێنێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ شوێنی هه‌موانه‌ و بۆ هه‌موانه‌، هیواشی خواست سه‌نته‌ره‌كه‌ هه‌نگاوی گرنگ بۆ جێبهه‌جێكردنی ئه‌و ئامانجه‌ پیرۆزه كار بكات‌.

هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر و، نوێنه‌ری وه‌زیری پلاندانان و، په‌خشان زه‌نگنه‌ ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان وتاریان پێشكه‌ش كرد، له‌ وتاره‌كانیاندا جه‌ختی له‌ پێویستی دامه‌زراندنی سه‌نته‌ره‌كه‌ كرد به‌هه‌نگاوێكی گرنگ و گه‌وره‌یان دانا تا به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و ئه‌كادیمی كار بۆ به‌رنگاربونه‌وه‌ی توندوتێژی و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كوردستان بكرێ.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی مه‌راسیمه‌كه‌دا چه‌ند چالاكیه‌كی هونه‌ری كه‌ بریتبون له‌ پیشانگه‌یه‌كی فۆتۆگرافی و شانۆگه‌ریه‌ك و چه‌ند پارچه‌ مۆسیقایه‌ك پێشكه‌ش كران.

دوای پێشكه‌شكردنی وتاره‌كان، سه‌نته‌ری كوردستان بۆ جێنده‌رناسی له‌لایه‌ن قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و د.مسڵح مسته‌فا سه‌رۆكی زانكۆی سۆران كرایه‌وه‌، دوای كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كه‌و به‌سه‌كردنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی، قوباد تاڵه‌بانی هیوای سه‌ركه‌وتن و كاری باشی بۆ سه‌رپه‌رشتیارانی سه‌نته‌ره‌كه‌ خواست.

سه‌نته‌ری كوردستان بۆ جێنده‌رناسی به‌یه‌كه‌مین سه‌نته‌ری ئه‌كادیمی له‌ كوردستان داده‌نرێت كه‌ له‌ بواری جێنده‌رناسیدا كار ده‌كات، سه‌نته‌ره‌كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی (وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، زانكۆی سۆران، وه‌زاره‌تی پلاندانان، ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و ئاژانسه‌كانی UNDP , UNWOME) دامه‌زراوه‌، به‌ئامانجی به‌رپاكردنی تێگه‌یشتنێكی یه‌كسان له‌سه‌ر هۆشیاری جێنده‌ری له‌ نێوان كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی.

سه‌نته‌ری كوردستان بۆ جێنده‌رناسی له‌ سێ یه‌كه‌ی سه‌ره‌كی پێك دێت، كه‌ بریتین له‌ (یه‌كه‌ی ڕاهێنان، یه‌كه‌ی توێژینه‌وه‌، یه‌كه‌ی پێداچونه‌وه‌)، سه‌نته‌ره‌كه‌ ئامانجی دامه‌زراندنه‌كه‌ی له‌ پێنچ خأل كورتكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ (كردنه‌وه‌ی كۆرسی ڕاهێنان له‌سه‌ر هۆشیاری جێنده‌ری و بێزاری له‌ شوێنی كاركردن و، ئامرازه‌ یاساییه‌كان بۆ به‌رگیریكردن له‌ قوربانیان و پلانی دارایی جێنده‌رناسی، سه‌نته‌ره‌كه‌ كار ده‌كات بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری له‌سه‌ر جێنده‌رناسی، له‌هه‌مان كاتدا زانیاری له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی كێشه‌كانی جێنده‌ر له‌ نێو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت كۆده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ك سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌بێته‌ سه‌نته‌رێكی ڕاوێژكاری و گؤڕینه‌وه‌ی بیروڕا بۆ دارشتنی پلان و سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌ت).

 

بڕوانه‌ وێنه‌ی زیاتری مه‌راسیمه‌كه‌....