قوباد تاڵەبانى: بۆ ئەوەى بەرهەمى زانکۆکان لەگەڵ بازارى کار بگونجێنین، دەبێت گۆڕانکارى لە پڕۆگرامەکانى خوێندن و فەرهەنگى کارکردندا بکەین
د.یوسف گۆران: بەرنامەى ڕاهێنانى تواناکان هەنگاوێکى گرنگە بۆ زیاتر ئاشناکردنى خویندکاران بەو ژینگەیەى کە لە ئایندەدا کارى تێدا دەکەن
قوباد تالەبانى ڕاگەیاند: سیستەمى حکومڕانى لە هەرێمى کوردستان هاریکارى کەرتى تایبەتى نەکردوە تا بتوانێت لەسەر پێیى خۆى ڕابوەستێت، ڕونیشیکردەوە بۆ ئەوەى بەرهەمى زانکۆکان لەگەڵ بازارى کار بگونجێنین دەبێت گۆڕانکارى لە پڕۆگرامەکانى خوێندن بکەین.
ئەو ڕاگەیاندنەى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە میانەى وتارێکیدا هات کە بەبۆنەى تەواوبونى خولى دوەمى (پڕۆگرامى ڕاهێنانى تواناکان) پێشکەشى کرد.
لەو بۆنەیەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە, ڕێکەوتى (٩/١١/٢٠١٥) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى سەعد عەبدوڵلا لە شارى هەولێر بەئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى و ژمارەیەک لە وەزیرەکان و سەرۆکى زانکۆکان و نوێنەرى کۆمپانیا بەشداربوەکان و، دەرچوانى دوەمین خولى (پڕۆگرامى ڕاهێنانى تواناکان) بەڕێوەچوو، چەند وتەیەک پێشکەش کرا.
لەسەرەتادا قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وتارێکدا دواى ئەوەى سوپاسى حکومەتى پێشکەش بە بەشداربوانى خولەکەو وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەت و وەزیرى پەروەردەو کۆمپانیا بەشداربوەکان کرد، لەهەمان کاتدا ڕۆڵى هەموانى بەرزنرخاند لە سەرکەوتنى ئەو بەرنامەیەو پێگەیاندنى پۆلێکى دیکە لە خوێندکارانى زانکۆ و ئامادهكردنیان بۆ بازارى کار، هەر لە وتەکهیدا باسى لە ئامانج و گرنگى پڕۆگرامەکە بۆ کەرتى تایبەت و حکومەت کرد و، ڕاگەیاند: ساڵى پار (٢٨) خوێندکار خولى یەکەمیان بەسەرکەوتوى تەواو کرد، کاتێک خولى دوەمیشمان ڕاگەیاند: پێشوازییەکى زۆرى لێکراو (٢٠٠٠) دوو هەزار خوێندکار داواکاریان پێشکەشکرد، لەناویان (١٢٧) خوێندکار لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ ڕاهێنان و کارکردن وەرگیران، هیواشى خواست لە خولەکانى داهاتودا کۆمپانیاکان بەشێوەیەکى بەرفراوانتر دەرفەت بۆ خوێندکاران بڕخسێنن تا سود لە توانا مرۆییە ناوخۆییەکان وەربگرن بۆ کارکردن، هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئامانجیان لەو پڕۆگرامە ڕەخساندنى دەرفەتە بۆ خوێندکاران بۆ ئەوەى ئەزمونى کارى مەیدانى لهو بوارهی كه له زانكۆ دهیخوێنن وەربگرن، لەهەمان کاتدا دەرفەتێکیش بدرێت بەکۆمپانیاکان بۆ ئەوەى سود لە تواناى زانکۆکان وەربگرن.
هەر لە وتارەکەیدا جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر بازارى کار پێویستى بەکەسانى شارەزاو بەتوانا هەیە بۆ بەشداریکردن لە بوژانەوەو پەرەپێدانى بارى ئابورى کوردستان، هەروەک ئەرکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیشە کە هەلى کار بۆ دەرچوانى زانکۆ بڕخسێنێت تا لەو ڕێگەیەوە گەشە بەبازارى کارو ئاوەدانکردنەوەى زیاتر وڵات بدین، هەر لە وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانى ڕۆڵى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەرزنرخاند لە ڕیفۆرمکردن لە بوارى خوێندنى باڵا و بەستنەوەى زانکۆکان بەبازارى کار، وتیشى تەنها لەو ڕێگەیەوە دەتوانین گەشە بە کۆمەڵگەکەمان بدەین، هەر لەو چوارچێوەیەدا جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند: سیستەمى حکومڕانى لە هەرێمى کوردستان هاریکارى کەرتى تایبەتى نەکردوە تا بتوانێت لەسەر پێیى خۆى ڕابوەستێت، ڕونیشیکردەوە بۆ ئەوەى بەرهەمى زانکۆکان لەگەڵ بازارى کار بگونجێنین دەبێت گۆڕانکارى لە پڕۆگرامەکانى خوێندن و فەرهەنگى کارکردندا بکەین، پڕۆگرامى ڕاهێنانى تواناکانیش هەنگاوێکى گرنگە بەئاڕاستەى گۆڕینى ئەو فەرهەنگە، کە بەهۆیەوە دەتوانرێت بارگرانى سەر حکومەت کەمبکرێتەوە و بەرهەمى کەرتى تایبەت زیاتر گەشە بکات.
لە کۆتایى وتارەکەشیدا پشتیوانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى بۆ گەشەکردنى زیاتر بەرنامەکە دوپات کردەوە لە پیناو دابینکردنى هەلى کارو بوژانەوەى کوردستان و بەگەرخستنى توانا مرۆییەکان لە کوردستان.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەش کرد، لە سەرەتایى وتارەکەیدا وتى: ئەمڕۆ هەمومان لەم مەراسیمەدا کۆبوینەتەوە تا پێکەوە ئەرک و ماندوبونى بەشداربوانى ئەم خولە بەرز بنرخێنین.
ههر له وتارهكهیدا د.یوسف گۆران باسى لە گرنگى خوێندن و ڕاهێنان کردو ڕاگەیاند: لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا خوێندن و ڕاهێنان بەردى بناغەى گەشەسەندنى مەعریفى و کۆمەڵگەیە، پڕۆسەى خوێندن و پەروەردە بەهۆى گەشەکردنى خێرایى کۆمەڵگەکان لەسەرجەم بوارەکان و ئاڵۆزبونى پەیوەندییەکان له نێوان کایە جیاکانى زانست و کۆمەڵگە، پێوییستى بە گەشەپێدان و ئامرازى فێرکردنى پراکتیکى و زانستى بەردەوام و هەمەلایەن هەیە. بەرنامەى ڕاهێنانى تواناکان هەنگاوێکى گرنگە بۆ زیاتر ئاشناکردنى خویندکاران بەو ژینگەیەى کە لە ئایندەدا کارى تێدا دەکەن، هەروەک گرنگى ئەم جۆرە ڕاهێنانە لەوەدایە کە فێرخوازان دواى وەرگرتنى بنەما زانستى و ئەکادیمیەکان ئینجا بەچۆنیەتى بەکارهێنانى ئهو زانسته لە ژیانى ڕۆژانەدا زیاتر ئەناسێنێ و، دەرگایەک بۆ زوتر بەستنەوەى مەعریفەى ئەکادیمى بەپسپۆڕى كرداری دەکاتەوە، د.یوسف گۆران ڕونیشیکردەوە ئەو دەرگایە دەتوانێت کاریگەرى لەسەر ئەرکى زانکۆکانیش جێبهێڵێت، کە نەک تەنها شوێنى بەخشینى مەعریفەى ئەکادیمى بێت، بەڵکو بەخشینى شارەزایى کردارەکانى بکاتە یەکێک لە ئەرکەکانى خوێندنى باڵا و زانکۆکان، چونکە بۆ دروستکردنى تواناکان ناتوانێت لە کێبڕکێ كرداری و ئەکادیمیەکان سەرکەوت بەدى بێنن.
هەر لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەکارى وەزارەتەکەى کرد و ڕاگەیاند: ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا باوەڕی تەواومان بەو ڕاستیە هەیە کە پێویستە زانکۆکانمان مەڵبەندێک بن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى کۆمەڵگە، گرنگە خوێندکارانى زانکۆکانمان گۆش بکرێن بە زانست و مەعریفەى کردارەکى تا لە ئایندەدا تاکێکى چالاک و بەرپرس و داهێنەرى ئەم وڵاتە بن، هەربۆیە وەزارەتەکەمان لە سۆنگەى ئەم بڕوایەوە ئەمساڵ بۆ یەکەمین جار بەڕێوەبەرایەتى (ڕەخساندنى کار)ی لەسەرجەم زانکۆکانى کردەوە تا لەو ڕێگەیەوە پردێکى بەهێز لە نێوان تواناى پڕۆگرامى زانکۆکان و پێداویستیە بەردەستەکانى کۆمەڵگە دروست بکات.
هەر لە چوارچێوەى ئاماژەدان بەکارو بەرنامەکانى وەزارەت، د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: لە پێناو گەشەسەندنى ئاستى ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان و، دروستکردنى کێبرکێى زانستى لە نێوانیان بۆ یەکەمین جار دەستمان بەجێبەجێکردنى پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان کرد، وتیشى ئەو ڕیزبەندییە لە دوا قۆناغەکانیەتى و، بەهیواى ئەوەین لە مانگى داهاتودا بۆ یەکەمین جار لە کوردستان ڕیزبەندى زانکۆکان ڕابگەێنین، ڕاشگەیاند: ئەم ڕیزبەندییە جێبەجیکردنى ئەرکێکى ئەخلاقی بەرامبەر بەباوک و دایکى خوێندکاران تا بزانن نەوەکانیان ڕەوانەى کام زانکۆ بکەن تا داهاتویهكی گهشیان ههبێت، وتیشى جگە لەوەش بەهۆى ئەم ڕیزبەندیەوە ئاستى بەستنەوەى زانکۆکان بەبازارى کار بەهێزتر دەبێت، چونکە دۆزینەوەى هەلى کار لەلایەن دەرچوانى زانکۆکان لە بازارى کار یەکێکە لە پێوەرەکانی ئهو ڕیزبهندییه.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: بۆ بەهێزکردنى کەلتورى توێژینەوە و زمانى مەعریفە، بایەخێکى زۆرمان بەو دوو بوارەش داوە، بەو هۆیەوە توانیومانە سێنتەرەکانى تویژینەوە لە زانکۆکان لە (١١) سێنتەرەوە بۆ (٤٠) سێنتەرى توێژینەوە زیاد بکەین، لەهەمان کاتدا لە داڕشتنەوەى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ماستەرو دکتۆرا بایەخیکى زۆرمان بە توێژینەوە داوە. بۆ بایەخدان بەزمانیش د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: بەهێزکردنى زمانى مەعریفە یەکیکى دیکەیە لە کارەکانمان، بەتایبەت زمانى ئینگلیزى، چونکە بەپێیى توێژینەوەیەک کە کراوە لە سهر ئاستی جیهان (٩٥%) بەرهەمە ئەکادیمیە ئاستە بەرزەکان بەزمانى ئینگلیزى دەنوسرێن، بۆیە ناتوانین چاوەڕێى مامۆستایەک بکەین نەوەیەکمان بۆ پێبگەێنێت کە زمانى مەعریفە لەم سەردەمەدا نەزانێت، بۆ ئەوەش بەهەمان شێوەى خوێندنى دکتۆرا لە داڕشتنەوەى ڕێنماییەکاندا بایەخى زۆرمان بەزانینى زمانى ئینگلیزى داوە، جگە لەوەش لە پێدانى نازناوى زانستى بەهەمان شێوە زانینى زمانى ئینگلیزیمان کردۆتە یەکێک لە پێوەرەکان.
هەر سەبارەت بە کاروبەرنامەى وەزارەت وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: هەموو هەوڵێکى خۆمان داوە بۆ ئهوهی زانکۆکانمان بەپڕۆسەى بۆلۆنیا ببەستینەوە، وتیشى خاڵێکى گرنگى ئەم پڕۆسەیە لەوەدایە کە بایەخ به بەستنەوەى پڕۆگرامەکانى خوێندن بەبازارى کار دەدات.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: هەماهەنگى تەواومان لەگەڵ وەزارەتى پەروەردەو وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى هەیە، بەتایبەت لەگەڵ وەزارەتى کار هەنگاوى باشمان ناوەو لە ئیستادا کار بۆ نوسینەوەى ڕێکەوتننامەیەکى لێکتێگەیشتن دەکەین بۆ ئەوەى کارى هاوبەش بکەین لە پێناو خزمەتکرد بە کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان.ڕونیشیکردەوە لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ چارەکردنى کێشەى خوێندکاران بەتایبەت لە ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، ڕاشگەیاند: بۆ ساڵى نوێى خوێندن، خوێندکارانى دەرچوى (٦)ى ئامادەیى لە ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بۆ یەکەمین جار بەهەمان پێوەرو ماف کە بۆ دەرچوانى (١٢)ى ئامادەیى لە کوردستان هەیە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەردەگیرێن.
لە کۆتایى وتارەکەشیدا دواى پیرۆزبایکردن لە بەشداربوانى خولەکە، سوپاسى هەموو ئەو لایەنانەشى کرد کە بەشداربون لە ڕاپەڕاندنى کارەکانى ئەو بەرنامەیە.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا فیلمێکى دۆکێۆمێنتارى لەسەر خولى پڕۆگرامى ڕاهێنانى تواناکان نمایش کرا، دواتریش سێ خوێندکارى بەشداربوى خولەکە ئاماژەیان بەئەزمونى کارى خۆیان کرد.
لە بەشى کۆتایى مەراسیمەکەشدا بڕوانامەى دەرچون لەلایەن قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى و، ژمارەیەک لە وەزیرەکان و سەرۆکى زانکۆکان بەسەر (١٢٧) بەشداربوى خولەکە و نوێنەرى کۆمپانیاکان و زانکۆ بەشداربوەکان کرا.