د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەیى وەزارەتى پیشاندا کە ساڵانە کورسى تایبەت تەرخان بکات بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى خوێندنى باڵا ماستەر و دکتۆرا، بۆ هەردوو بەشى کوردى لە کۆلێژى زمان و کۆلێژى پەروەردەى ئیبن ڕوشد لە زانکۆى بەغداد.
د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: بەشى کوردى لە زانکۆى بەغداد ساڵانێکى زۆرە خزمەتى بەفەرهەنگ و زمان و ئەدەبى کوردى کردوە و، لەو چوارچێوەیەدا کێشەى ئەو بەشەمان لە دەزگاکانى ڕاگەیاندن خوێندەوە، بۆیە وەک ئەرکێکى نیشتیمانى و نەتەوەى ئێمە لاى خۆمانەوە بەڵێن دەدەین کە ساڵانە کورسى خوێندنى باڵا ماستەر و دکتۆرا بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکەین، کە ئامادەن لە بەشى کوردى کۆلێژى زمانى لە زانکۆى بەغداد خزمەت بکەن و، برەو بەزمان و ئەدەبى کوردى بدەن، هەروەک هەموو هەوڵێکى خۆمان دەدەین بۆ ئەوەى بەشە بەردەوام بێت لە خزمەتکردن و گەشەى زیاتر بکات و دانەخرێت.