وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەى هەرێم کاردەکات بۆ پێکهێنانى بۆردێکى هاوبەشى ژینگەیى لەنێوان هەردوولا، ئامانج لە پێکهێنانى ئەم بۆردەش پاراستن و پاک راگرتنى ژینگە و تاوتوێکردنى بابەتە ژینگەییەکانى پەیوەست بە زانکۆکان و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستیە لە بوارى ژینگەدا.
پێکهێنانى بۆردى هاوبەشى ژینگەیى لەسەر پێشنیازى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیارى لەبارەوە درا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٩/٩/٢٠١٥) پێشوازى لە عبدالرحمن عبدالرحیم وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە و وەفدێکى دەستەکە کرد.
لە دیدارەکەدا وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە داواى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد هەماهەنگى و هاوکارییەکان لە نێوان هەردوولا هەیە فراوانتر بکرێت، بەمەبەستى سوود وەرگرتن لە توێژینەوەى زانکۆکان و گرنگى دانى زیاتر بە توێژینەوە ژینگەییەکان و بایەخدان بە توێژینەوەکانى زانستى لەبوارى خاک و ئاو هەوادا.
لەبەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ئاماژە کردن بەگرنگى پاراستن و پاک ڕاگرتنى ژینگەى هەرێمى کوردستان، دوپاتیکردەوە وەک وەزارەت دەمانەوێت هاوکارو بەشداربین لە هەڵمەتەکانى هۆشیارى و ئەنجامدانى توێژینەوەى ژینگەیى لە زانکۆکان و ئەو هەنگاوانەى ئاراستەیان بۆ پاک ڕاگرتنى ژینگەى هەرێمەکەمانە. بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران پێشنیازى کرد بۆردێکى هاوبەشى ژینگەیى لەنێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەى هەنگاو بنێت بۆ دانانى پلانێکى ستراتیژى کارکردن و بەرنامەو پلانى هاوبەش لەنێوان هەردوولا، بەو پێیەى ئەم بۆردە دەتوانێت پرسە ژینگەییەکانى نێوان هەردوولا تاوتوێبکات و بڕیاریان لەبارەوە بدرێت. لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دەستەى ژینگە پشتگیرى خۆى بۆ پێشنیازەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتکردەوەو هەردوولا ڕێککەوتن بۆ کارکردن لەسەر پێکهێنانى بۆردە هاوبەشەکە.