نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: لە مانگى ئەیلولى داهاتودا ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان ڕادەگەێنین

1 (17).jpg

 وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگەیاند: لە مانگى ئەیلولى داهاتودا ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان ڕادەگەێنین.

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى پێشکەشکردنى کۆڕێک بەناونیشانى (نه‌خشه‌ ڕێگەیه‌ك بۆ پێشخستنی ره‌وتی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان) ئاماژەى بەدۆخى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرد و  وتى: له‌ ئێستادا زانكۆكانی هه‌رێم له‌ ئاستێكی باشدا نین هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕووی ژماره‌ و به‌شه‌وه‌ زۆر زیادی كردوه‌ بەشێوەیەک خاوه‌نی 14 زانكۆی حكومی و 15 زانكۆی ئه‌هلیین‌.
 
لەبارەى بایەخدان بەتوێژینەوەو تواناى زانکۆکانى کوردستان لە ئامادەکردنى توێژینەوەى زانستى د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: گرنگی توێژینه‌وه‌ی زانستی نه‌ك ته‌نها بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕانكی زانكۆکان, به‌ڵكو بۆ بونیادنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و په‌یوه‌ستبونی زانكۆ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ش گرنگە، بەڵاەم لە زانکۆکانى کوردستان ئەنجامدانى توێژینەوەکان لە ئاستى پێویستى کۆمەڵگەکەماندا نیە, لەو چوارچێوەیەداو بەئاماژەدان بەچەند داتاو ئامارێک وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: بەپێیى داتا بەیس و تۆمارى (ISI) له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵانى (٢٠٠٣-٢٠١٢) له ‌هه‌موو عیراق كه‌متر له‌ سێ‌ هه‌زار توێژینه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام به‌ به‌راورد به‌ میسر كه‌ ئه‌ویش وڵاتێكی عه‌ره‌بییه‌ له‌ هەمان ماوەدا‌ توانیویانه(55) هه‌زار توێژینه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن. له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یان وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش ده‌بینین له‌ توركیا (235) هه‌زار توێژینه‌وه‌ و، له‌ ئێران (156) هه‌زار توێژینه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، راشیگه‌یاند: له‌ وڵاتێكی وه‌ك ئیسرائیل كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانیان نزیكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌و سێ‌ ساڵه‌دا (153) هه‌زار توێژینه‌وه‌ی جیان ئه‌نجامداوه‌.
 
سەبارەت بەئاستى توێژینەوەى زانستى لە زانکۆکانى هه‌رێمی كوردستان وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: "زانكۆكانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕوی ئەنجامدانى توێژینه‌وه‌ى زانستى‌ زۆر لاوازن، به‌جۆرێك له‌ ساڵی (2014)دا به‌ هه‌موو زانكۆكان كه‌ (٧) حه‌وت هه‌زار مامۆستا وانه‌ی تێدا ده‌ڵێنه‌وه‌ توانیویانه‌ (١٣٧٨) هه‌زار و سێ و حەفتاو هەشت توێژینه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن، واته‌ به‌ (5,2) مامۆستا یه‌ك توێژینه‌وه‌یان ئەنجامداوە, ئه‌گه‌ر به‌راوردی ساڵیشی بۆ بكه‌ین هه‌ر مامۆستایه‌ك به‌ پێنج ساڵ جارێك ده‌توانێت توێژینه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامبدات، كه‌ ئه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌مه‌ و ده‌بێت هه‌وڵی چاككردنی بده‌ین". ڕونیشی کردەوە له‌نێوان زانكۆكان و شاره‌كان ژماره‌كه‌ جیاوازه‌ و زۆرترین توێژینه‌وه‌ له‌ زانكۆی سلێمانی ئه‌نجامدراوه‌ كه ژمارەیان(‌336) توێژینه‌وه‌یه‌ و، زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ش كه‌مترین توێژینەوەى ئەنجامداوە‌ كه‌ (11) توێژینەوەیە, ئەوەش به‌هۆی بچوكی زانكۆكەوەیە‌.
 
لە بەشێکى دیکەى کۆڕەکەیدا د.یوسف گۆران نەخشە ڕێگە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕون کردەوە و باسى لە چۆنێتى بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکان کردو ڕایگەیاند: بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕانكی زانكۆكانی كوردستان له‌ ئاستی جیهانیدا پێوسته‌ سیسته‌می ڕانكینی نیشتمانی بۆ زانكۆكان په‌یڕه‌و بكرێت و (BLOOSNA PROAN) كه‌ سیسته‌مێكی زانستی جیهانیه‌و له‌ ئێستادا په‌یره‌وده‌كرێت، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ ئێستادا كار بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌كات تا پێشبڕكێیه‌ك بكه‌وێته‌ نێوانیان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستیان، هه‌روه‌ك پێداچونه‌وه‌ به‌ كوالێتی زانكۆكان و پڕۆگرامه‌كانی خوێندن ده‌كه‌ین، لە مانگى ئەیلولى ئەمساڵیش ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان ڕادەگەێنین.
 
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەشێکى دیکەى بەرنامەى وەزارەتەکەى کرد بۆ بەرزکردنەوەى کواڵیتى زانکۆکان و وتی: ئه‌نجومه‌نی باڵای لێكۆڵینه‌وه‌ دروستده‌كه‌ین كه‌ له‌ڕێیه‌وه‌ هه‌وڵی دابینكردنی فەندو سەرچاوەى دارایى بۆ توێژه‌ران و توێژینه‌وه‌كانیان ده‌ده‌ین, ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئێستا كارده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی زانكۆكانی وڵاتانى ئه‌وروپا زانكۆكانی هه‌رێم به‌ پرۆسەى (بۆلۆنیا)وه‌ ببه‌ستین و كار به‌و پرۆسه‌یە دەكه‌ین كه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ سیستم و پڕۆگرام و شێوازی خوێندنی زانكۆكان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ئه‌ورووپا ڕێكده‌خرێت، به‌و رێگه‌یه‌ش چیدیكه‌ پێویست به‌ هاوتاکردنى بڕوانامه‌ی ئێمه‌ ناكات بۆ ئه‌ورووپا و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.
 
هەر لەو کۆڕەدا کە دوێنێ یەک شەممە, ڕێکەوتى (٣/٥/٢٠١٥) لەلایەن كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌كادیمیانی كوردستان به‌ هاوكاری زانكۆی پۆلیته‌كنینكی سلێمانی له‌ هۆلی (پیره‌مێرد)ی هەمان زانکۆ بەڕێوەچو، ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایانى زانکۆش ئامادەیبون، د.ئاسۆ فه‌ره‌یدون پارێزگاری سلێمانی لە وتەیەکیدا ئاماژه‌ی به‌ گرنكی كوالێتی توێژینه‌وه‌ زانستیه‌كان كرد كه‌ پێوسته‌ زانكۆكانی هه‌رێم كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، (د.ئالان فه‌ره‌یدون علی) سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی لە وتەیکیدا  ئه‌م جۆره‌ دیبه‌یته‌ زانستیانه‌ی به‌ گرنگ وه‌سف كرد بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ڕه‌وتی خوێندنی باڵا له‌ زانكۆكانی هه‌رێمى کوردستان.