نوفمبر 2016

ڕونكردنەوەیەك لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی-یەوە

logo1.jpg

 سەبارەت بە بابەتی ئاڵای كوردستان لە زانكۆی حەیات بۆ تەكنەلۆژیاو زانیاری لە شاری هەولێر، هەندێك لە سایتەكان هەواڵێكیان بڵاوكردۆتەوە كە لە بەرامبەر هەڵوێستی قوتابیان/خوێندكاران "وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیارێك دژی خوێندكارە كوردەكان دەردەكات".

ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، خوێندكاران و قوتابیان و مامۆستایان و ڕای گشتی كوردستان دڵنیا دەكەین، كە سەرلەبەری ئەو هەواڵە ناڕاستەو بەهیچ شێوەیەك جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیارێكی لەو شێوەیەی دەرنەكردوە، بێگومان دەركردنی بڕیار لەكاتی دەوامی فەرمی دەبێت، ئەمڕۆش كە ڕۆژی شەممەیە، پشوی فەرمییە و دەوامی وەزارەت نییە، هەر كەس و لایەن و دامەزراوەیەكی ڕاگەیاندن هەر بەڵگەیەكی لەو بارەیەوە لەبەردەستە سوپاسی دەكەین ئەگەر بڵاوی بكاتەوە.
 
داواش لە سەرجەم ڕێكخراوە و دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن دەكەین، ئاڵای كوردستان كە ڕەمزێكی پیرۆزە لەلای هەمو تاكێكی كورد، نەیكەن بە موزایەدەیەكی سیاسی و، لە پێناو بەرژەوەندی تەسكی ڕێكخراوەیی و سیاسیەكان وەك كارتێك بۆ بەدەستهێنانی دەسكەوت بەكاری بهێنن.
 
بۆیە وەزارەتەكەمان بەمافی یاسایی و ئاسایی خۆی ئەزانێت كە لە دادگا ڕێوشوێنی یاسای بەرامبەر هەر دامەزراوەیەكی ڕاگەیاندن بگرێتەبەر كە هەواڵی چەواشەكاری لەو شێوەیە بەناوی وەزارەتەكەمان بڵاودەكەنەوە.