وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: خوێندن ڕۆڵێکى باڵا و گەورەى هەیە لە چارەسەرکردنى کێشەکان و نزیکردنەوەى کەلتورى میللەتان.
ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکیدا هات لەگەڵ وەفدێکى تورکیا، کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (٣١/٣/٢٠١٥) سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییان کرد.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا د.یوسف گۆران دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، هیواى خواست له ههولێر و كوردستان ههست بهغهریبی نهكهن.
پاشان (نیعمەت باش) ئەندامى پاڕلەمانى تورکیا کە سەرۆکایەتى وەفدەکەى دەکرد وتى: کە هاتینە کوردستان هەستمان بەغەریبى نەکرد و وا ئەزانین لە وڵاتى خۆمانین، چونكه هەست بەپێکەوە ژیان دەکەین.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئاماژەى بەسیستەمى خوێندن لە زانکۆکانى تورکیا کرد و ڕاگەیاند: ئێمە بەپێیى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کار دەکەین و پەرە بەزانکۆکانمان دەدەین، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین ڕێکەوتنمان لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپادا هەیە، بەهەمان شێوە دەخوازین لەگەڵ وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وڵاتانى دراوسێ پەیوەندییەکانمان پەرە پێبدەین، ههر له قسهكانیدا باسی لهو كێشهو گرفتانه كرد كه له زانكۆكانی وڵاتانی ناوچهكه ههیه.
لە کۆتایى قسەکانیشیدا باسى لە بەستنى کۆنگرەى (لوتکەى خوێندن)ى کرد کە وا بڕیارە لە نێوان (٥-٦) مانگى ئەیلولی ئهمساڵ لە تورکیا بەڕێوەبچێت و زۆرێک لە کەسایەتیە سیاسیەکان و پسپۆڕەکانى بوارە بەشدارى تێیدا دەکەن، بۆ ئەوەش بانگهێشتێکى ڕەسمى پێشکەش به (د.یوسف گۆران) کرد بۆ بەشداریکردن لەو کۆنگرەیە
پاشان د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: لە ڕابردودا کەم تا زۆر پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا هەبوە، تورکیا وڵاتێکى دراوسێ و گەورەیە، هەربۆیە بەشێکى زۆرى خوێندکارانمان ئەوانەى لە وڵاتانى دەرەوە دەخوێنن بەتایبەت لە دو ساڵى ڕابردودا ڕویان لە زانکۆکانى تورکیا کردوە، هەر بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییەکانمان هەفتەى ڕابردو وەفدێکى وەزارەتەکەمان لە وڵاتە گەڕایەوە و بهئەڕێنى هەڵسەنگاندیان بۆ سەردانەکەیان له زانكۆكانی توركیا کرد، بۆیە ئێمەش خوازیارى ئەوەین زیاتر بازنەى پەیوەندییەکانمان لە هەمو ڕوەکانەوە فراوان بکەین بەتایبەت لە بوارى زانستى و ئەکادیمیدا، هەروەک ئارەزوى ئەوەش دەکەین پەیوەندییەکان تەنها چڕ نەکرێتەوە لەسهر ئاستی خویندکارو مامۆستا، بەڵکو دەمانەوێت ئەو پەیوەندیانە پەل بهاوێژێ بۆ بەستنى کۆنفرانسى زانستى و توێژینەوەى هاوبەش بۆ ئەوەى لە ڕێگەى زانست و خوێندن هەوڵ بۆ چارەسەرکردنى کێشە سیاسى و کەلتورى و ئابورییەکانى ناوچەکە بدەین، چونکە خوێندن ڕۆڵێکى باڵا و گەورەى هەیە لە چارەسەرکردنى کێشەکان و نزیکردنەوەى کەلتورى میللەتان بەتایبەت لە نێوان کورد و تورک. لە ئێستاشدا کە ناوچەکە لە دۆخیکى ناسەقامگیردایە پتهوكردنی پهیوهندییهكان بهو ئاڕاستهیه گرنگیهكهی زیاتره.
لە کۆتاى قسەکانیدا وەزیرى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانسى دواى ئەوەى سوپاسیکردن بۆ بانگهێشتکردن لە کۆنگرەى لوتکەى خوێندن، داواشى لە وەفدى میوان كرد هاریکاریان بکەن لە کردنەوەى خول بۆ ئەو مامۆستایانى خاوەن پیداویستى تایبەت، بۆ ئەوەى پەرە بەو بەشانە بدەن لە زانکۆکانى کوردستان بۆ خزمهتكردنی كهسانی خاوهن پێداویستی تایبهت.
لە بەرامبەردا سەرۆکى وەفدەکە پەرەپێدان بە کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بە پڕۆژەیەکى گرنگ نرخاند و پێشوازى لەو داوایەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد و ڕاگەیاند: ئیمە ئەزمونمان لەو بوارەدا هەیە، بۆیە دواى هەڵسانگاندن و دیراسەکردنى تواناى زانکۆکانمان لەو بوارەدا، پڕۆژەیەکتان پێشکەش دەکەین. ئەوەشى ڕاگەیاند وەک هەنگاوى یەکەم بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییە زانستیەکانمان پێشانگەیەکى تایبەت بەزانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیەکانمان لە کوردستان دەکەینەوە.
وەفدەکەى تورکیا، جگە لە کۆنسڵى تورکیا لە هەرێمى کوردستان، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمیەکانیشى ئەو وڵاتەى لەخۆگرتبوە.
ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى