نوفمبر 2016

گرنگى زیاتر به‌ كوالێتى زانكۆكان و چاودێرى له‌سه‌ر زانكۆكان زیاد ده‌كه‌ین

newsitem-1917-28.01.2015-ku.jpg

وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى هه‌رێم رایگه‌یاند كارده‌كه‌ین بۆ به‌هێزكردنى زمانى ئینگلیزى له‌نێو زانكۆكانى كوردستان و دامه‌زراندنى سه‌نته‌رى زمانى تایبه‌ت به‌ زمانى ئینگلیزى بۆ ئه‌وه‌ى مامۆستایان و خوێندكاران/قوتابیان له‌ڕێگه‌ى زمانى ئینگلیزى ئاشناى نوێترین زانیارى سه‌رده‌م و پێشكه‌وتنه‌كانى جیهان بن. هه‌روه‌ك دوپاتیشیده‌كاته‌وه‌ گرنگى زیاتر به‌ كوالێتى زانكۆكان ده‌ده‌ین و چاودێرى له‌سه‌ر زانكۆكان زیاد ده‌كه‌ین.

دواى ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆكى نوێى زانكۆى كۆیه‌، ئه‌نجومه‌نى زانكۆى كۆیه‌ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ى خۆى به‌سه‌رپه‌رشتى (د. یوسف گۆران) وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و ئاماده‌بوونى راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى وه‌زاره‌ت و سه‌رۆك و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى زانكۆى كۆیه‌ سازكرد. له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا (د. یوسف گۆران) وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌ ستافى زانكۆى كۆیه‌ى راگه‌یاند هه‌مووان وه‌ك یه‌ك تیم كاربكه‌ن بۆ سه‌رخستن و گه‌شه‌پێدانى زانكۆكه‌تان، چونكه‌ ئه‌م زانكۆیه‌ رۆڵێكى كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌ پرۆسه‌ى ناساندنى شاره‌كه‌ هه‌روه‌ك بۆ به‌جیهانیبوون و ناساندن هه‌نگاوى باشى ناوه‌.

له‌باره‌ى كوالێتى زانكۆكان، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى رایگه‌یاند گرنگى زیاتر به‌ كوالێتى زانكۆكان ده‌ده‌ین و چاودێریشیان له‌سه‌ر زیاد ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌م چاودێرى كردنه‌ ده‌بێته‌ هۆى گه‌شه‌پێدانى زانكۆكانى كوردستان. وتیشى گرنگى دان به‌ سه‌نته‌ره‌كانى توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستى له‌ ئه‌وله‌ویاتى كاره‌كانمان دایه‌ به‌وپێیه‌ى له‌ماوى رابردوودا وه‌زاره‌ت ئه‌نجومه‌نى باڵاى لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستى راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئامانجى سه‌ره‌كى له‌ دامه‌زراندنى ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ زانكۆكانیش بریتى ده‌بێت له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى چالاكى زانستى زانكۆكان و پۆلینكردنى ئاستى زانستیان و گه‌شه‌سه‌ندنیان.

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا د. یوسف گۆران دوپاتیكرده‌وه‌، كارده‌كه‌ین بۆ به‌هێزكردنى زمانى ئینگلیزى له‌نێو زانكۆكانى كوردستان و دامه‌زراندنى سه‌نته‌رى زمانى تایبه‌ت به‌ زمانى ئینگلیزى بۆ ئه‌وه‌ى مامۆستایان و خوێندكاران/ قوتابیان له‌ڕێگه‌ى زمانى ئینگلیزى ئاشناى نوێترین زانیارى سه‌رده‌م و پێشكه‌وتنه‌كان بن، بۆ ئه‌مه‌ش وتى ده‌بێت زانكۆى كۆیه‌ گرنگى ته‌واو به‌زمانى ئینگلیزى بدات و له‌ ڕێگه‌ى سه‌نته‌رى زمان ئاستى زمانى ئینگلیزى له‌نێو زانكۆدا فراوانتر بكات.

له‌ به‌شێكى ترى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى زانكۆى كۆیه‌، سه‌رۆكى زانكۆ و راگرى فاكه‌ڵتیه‌كان و راگرى سكوڵى پزیشكى، باسیان له‌ چۆنیه‌تى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى خوێندن و كێشه‌و داواكارییه‌كانیان كرد كه‌ بۆ پێشخستنى بوارى زانستى زانكۆكه‌ پێویستن، له‌ به‌رامبه‌ریشدا هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و راوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى وه‌زاره‌ت سه‌رنج و داواكارییه‌كانیان به‌هه‌ند وه‌رگرت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌ت بڕیارى پێویستیان له‌باره‌وه‌ بدرێت.

جێگه‌ى ئاماژه‌ بۆ كردنه‌ زانكۆى كۆیه‌ له‌ چوار فاكه‌ڵتى ئه‌ندازیارى و زانستى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ى مرۆڤایه‌تى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سكوڵى پزیشكى پێكهاتووه‌ 4 هه‌زار خوێندكار/قوتابى و 356 ستافى ئه‌كادیمى هه‌یه‌