نوفمبر 2016

رێوره‌سمى ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆكى نوێى زانكۆى كۆیه

newsitem-1912-27.01.2015-ku.jpg

وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند شارى كۆیه‌ له‌ مێژووى كوردایه‌تیدا رۆڵێكى گرنگى بینیوه‌، دامه‌زراندنى زانكۆى كۆیه‌ش په‌یوه‌ست بووه‌ به‌و گرنگیه‌ى شاره‌كه‌ له‌ مێژوو و بزاوتى رزگارى خوازى گه‌لى كوردستاندا. وتیشى پشتگیرى زیاتر له‌ سه‌ربه‌خۆى و گه‌شه‌پێدانى زانكۆكان ده‌كه‌ین و ده‌بێت زانكۆ رۆڵه‌كه‌ى له‌بوارى ئه‌كادیمییه‌وه‌ فراوانبكرێت بۆ رۆشنبیرى و كۆمه‌ڵایه‌تى و لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ى زانستیش په‌رى پێبدرێت. ئه‌م جه‌ختكردنه‌وه‌ى (د. یوسف گۆران) وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌میانى وتارێكدا هات كه‌ئه‌مڕۆ رێكه‌وتى 27/1/2015 له‌ سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى كۆیه‌ و له‌ رێوره‌سمى ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆكى نوێى زانكۆى كۆیه‌ پێشكه‌شى كرد.
له‌و رێوره‌سمه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ مامۆستایان و خوێندكاران/قوتابیان و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانى سنووره‌كه‌ و قائیمقامى كۆیه‌ ئاماده‌یبوون، رێوره‌سمى ده‌ستبه‌كاربوونى (د. وه‌لى مه‌حمود حه‌مه‌د) وه‌ك سه‌رۆكى نوێى زانكۆى كۆیه‌ به‌ڕێوه‌چوو.
(د. یوسف گۆران) وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌ وته‌یه‌كدا سوپاسى سه‌رۆكى پێشووى زانكۆ و مامۆستایان و سه‌رۆك به‌ش و فه‌رمانبه‌ران و خوێندكاران/قوتابیانى زانكۆى كۆیه‌ كرد بۆ هه‌وڵ و كۆششه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان بۆ پێشخستن و گه‌شه‌پێدانى ئاستى زانستى له‌ زانكۆى كۆیه‌. له‌باره‌ى دامه‌زراندنى زانكۆى كۆیه‌و رۆڵه‌كه‌ى، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى جه‌ختى كرده‌وه‌ دامه‌زراندنى ئه‌م زانكۆیه‌ پرۆژه‌یه‌كى زانستى و ئه‌كادیمى گرنگ بوو كه‌ له‌سه‌ر بیرۆكه‌و پشتیوانى سه‌رۆك مام جه‌لال دامه‌زرا، كه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ست بوو به‌ گرنگى شاره‌كه‌ له‌مێژووى گه‌له‌كه‌مانداو چه‌كه‌ره‌كردنى بیرى كوردایه‌تى و نه‌ته‌وایه‌تى له‌شارى كۆیه‌و هه‌ڵبژاردنى وه‌ك ناوه‌ندێكى ئه‌كادیمى و زانستى.
هه‌روه‌ك وتیشى له‌م بۆنه‌یه‌داو جارێكى تر پشتگیرى زیاتر له‌ سه‌ربه‌خۆ بوونى زانكۆكان و په‌ره‌سه‌ندنى رۆڵه‌كانیان بۆ لایه‌نه‌كانى رۆشنبیرى و كۆمه‌ڵایه‌تى و توێژینه‌وه‌ى زانستى و دۆزینه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى كار و گه‌شه‌پێدانى زانست و زانیارى سه‌رده‌م ده‌كه‌ین. وه‌زیرى خوێندى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى راشیگه‌یاند سه‌رۆكى نوێى زانكۆى كۆیه‌ ئه‌ركێكى گرنگ و چاره‌نوساز ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى بۆ به‌ره‌وپێش بردن و گه‌شه‌پێدانى زانكۆكه‌، به‌و پێیه‌ى سه‌رۆكى نوێى زانكۆ چه‌ندین ساڵ له‌بوارى ئه‌كادیمى و زانستیدا خزمه‌تى به‌ شاره‌كه‌ كرده‌وه‌.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ (د. سه‌عید ساڵح) سه‌رۆكى پێشووى زانكۆى كۆیه‌ هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ سه‌رۆكى نوێى زانكۆى كۆیه‌ خواست و پشتگیرى ته‌واوى خۆى بۆ هه‌وڵه‌كان به‌ئاراسته‌ى به‌ره‌و پێشبردنى بوارى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى دوپاتكرده‌وه‌، هه‌روه‌ك (د. وه‌لى مه‌حمود حه‌مه‌د) سه‌رۆكى نوێى زانكۆى كۆیه‌ش له‌ وته‌یه‌كدا دواى خستنه‌ڕووى به‌رنامه‌و ئه‌ركه‌كانى خۆى له‌ داهاتوو، داواى له‌ راگرو سه‌رۆك به‌ش و مامۆستایان كرد وه‌ك یه‌ك تیم كاربكه‌ن بۆ پێشخستنى زانكۆى كۆیه‌ بۆ ئاستێكى فراوانتر.
جێگه‌ى ئاماژه‌ بۆ كردنه‌ ده‌ستنیشانكردنى سه‌رۆكى نوێى زانكۆى كۆیه‌ به‌پرۆسه‌ى پێشكه‌شكردنىcv. و له‌به‌رچاوگرتنى شاره‌زایى و پسپۆرى بووه‌ له‌لایه‌ن لێژنه‌یه‌كى تایبه‌تمه‌ند له‌سه‌ر ئاستێكى باڵادا. (د. وه‌لى مه‌حمود حه‌مه‌د) سه‌رۆكى نوێى زانكۆى كۆیه‌ له‌ساڵى 1987 بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆسى له‌ كیمیاو له‌ساڵى 1990 بڕوانامه‌ى ماسته‌رى له‌ كیمیاى فیزیاوى و له‌ساڵى 2001 بڕوانامه‌ى دكتۆراى له‌بوارى كیمیاى فیزیاوى به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ساڵى 2004 یش پله‌ى زانستى بۆ پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر به‌رزكراوه‌ته‌وه‌و سه‌رپه‌رشتى چه‌ندین نامه‌ى ماسته‌ر و به‌شدارى له‌ چه‌ندین كۆنگره‌و كۆنفرانسى له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى وڵاتدا كردووه‌.