نوفمبر 2016

وەزیری خوێندنی باڵا وپلانی داهاتووی وەزارەت

IMG_2705.jpg

بەمەبەستی تیشك خستنە سەر چەند تەوەرێكی گرنك سەبارەت بە بڕیارو ڕاسپاردەو قۆناغەكانی داهاتووی كاركردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ پێنج شەمە ڕێكەوتی 8/1/2015 (د. یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەیدا باسی لە پلانی داهاتووی وەزارەت و پلانی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان  خستەڕوو، هەروەك  پرۆژەی بۆردی باڵای لێكۆڵینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی باڵا/ دكتۆرای ڕاگەیاند.


لەو چوارچێوەیەداو لەسەرەتای قسەكانیدا د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەدەرئەنجامەكانی پلانی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆو پەیمانگەكان كرد و ڕایگەیاند: لە ساڵی خوێندنی (2014-2015) زیاتر لە (34) هەزار خوێندكار/قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگەكاندا وەرگیراون، ڕونیشی كردەوە پرۆسەی یەكەمی وەرگرتن بە (زانكۆ لاین) دەستی پێكرد، دواتر ئەو خوێندكار/ قوتابیانەی كە لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لە زانكۆكانی (موسڵ و بەغداو تكریت و بەسرا) دەیانخوێند و بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و ناهەمواری ئەو ناوچانە نەیاندەتوانی درێژە بەخوێندن بدەن، بۆیە بە بڕیاری وەزارەت ئەو خوێندكارانە لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران. بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: سەرەڕای ئەو بارودۆخە ئابوریەی كە ڕوی لە هەرێمی كوردستان كرد، بارگرانیەكی زۆری كردە سەر زانكۆكانیش، لەهەمان كاتدا زۆری ژمارەی خوێندكار/ قوتابیانی هەرێم فشارێكی دیكە بوو لەسەر زانكۆو پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا زانكۆكان هاریكاری وەزارەت بون لە وەرگرتنی ئەو ژمارە خوێندكار/ قوتابیانە لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش د. یوسف گۆران بەناوی وەزارەتەوە سوپاسی ئەو بەدەنگەوەهاتنەی سەرجەم زانكۆكانی كوردستانی كرد لە وەرگرتنی ئەو خوێندكارانە، ئاشكراشیكرد زانكۆ ئەهلییەكان لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015) لەسەر پێشنیازی وەزارەت بەسوپاسەوە (100) كورسی خوێندنیان بۆ خوێندكار/ قوتابیانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم تەرخان كرد كە زانكۆی جیهان بەلقەكانیەوە هاریكاری سەرەكی بوون.

لە بەشێكی تری كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆردی باڵای لێكۆڵینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، ئاشكراشی كرد ئامانج لە دامەزراندنی ئەم بۆردە بۆ زیاتر هاندانی لێكۆڵینەوەی زانستە لە كوردستان تا بەشێوەیەكی زانستی ڕوبەڕوی ئەو كێشانە ببینەوە كە ڕۆژانە دێنە پێش بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستیەكانی رۆژانەی كۆمەڵگە، لەهەمان كاتدا  بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو بۆردە كۆمیتەیەكی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ بواری توێژینەوەو گەشەپێدان پێك دەهێنرێت. ئاشكراشی كرد ئەندامەكانی بۆردەكە بەپێیی تواناو لێهاتوی دادەنرێن، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بانگەوازی لە گشت پسپۆران و شارەزایانی بوارەكە كرد ئەوانەی كە ئارەزو دەكەن لەو بۆردە ببنە ئەندام و كار بكەن، لەڕیگەی پێشكەشكردنی (cv)یەوە داواكارییەكانیان وەردەگرێت و دوای هەڵسەنگاندن و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت.

هەر لەو كۆنگرەیەدا (د. یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان ڕاگەیاند، وتیشی بۆ ئەو مەبەستە پڕۆسەی دڵنیای جۆری و متمانە بەخشین نوێ‌ دەكەینەوە. بەشێوەیەك لێژنەیەكی باڵای متمانە بەخشین پێك دەهێنرێت تا بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی كاربكەن، هەر لەو چوارچێوەیەدا د.یوسف گۆران بانگەوازی بۆ سەرجەم ئەو كەسانە كرد لە  لەدەرەوە و ناوەوەی زانكۆكان و لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنین پسپۆریان لە بوارەكە هەیە و، دەیانەوێت لەباری دڵنیای جۆری كاربكەن ئەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن بۆ كاركردن لە پڕۆژەكە، ئامانج لەو پڕۆژەیەش بەرزكردنەوەی ئاستی كوالیتی خوێندنە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، چونكە سیاسەتی ئەمساڵی وەزارەتەكەمان جەختكردنەوەیە لەسەر كوالیتی، چونكە تەنها بەو ڕێگەیە دەتوانین زانكۆكان زیاتر پێش بخەین.

لەبارەی خوێندنی دكتۆرا لەهەرێمی كوردستان، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بەهۆی بەرنامەی تواناسازی و سیستەمی سپلی سایت، خوێندنی باڵا/دكتۆرا ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە تاڕادەیەك وەستابوو، بەشێك لە خوێندكارانیش نەیاندەتوانی گەشە بەخوێندنەكانیان بدەن، بۆیە بۆ ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانست بڕیاریدا پڕۆژەی نوێ‌ خوێندنی باڵا/ دكتۆرا دەست پێ بكاتەوە، بۆ ئەوەش ڕەچاوی پاراستنی كوالیتی خوێندن لە زانكۆكان كراوە، لەهەمان كاتدا لە خوێندنی دكتۆرادا گرنگی بەهەندێ‌ بوار دەدرێ‌ كە پێشتر بایەخیان پێ‌ نەدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخساندنی دەرفەتی زیاترە بەخوێندكاران ناوخۆ تا لە زانكۆكانی كوردستان درێژە بەخوێندنی باڵا بدەن، ئاشكراشی كرد كە پڕۆژەكە ئێستا تەواو بوە و، دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزارەت تاوتوێ‌ دەكرێت بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدرێت و ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
 
لەبەشێكی تری كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەداو لەبارەی دواكەوتنی دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆكاكان،  د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێم و بارودۆخی ناوچەكە بەگشتی دامەزراندن لە مانگی (3)سێی ساڵی ڕابردوەوە ڕاگیراوە، دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆكان بەهۆی ئەوە داواكەیان ڕەوایە ئێمە بەنوسراوی ڕەسمی بەرزمان كردەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام بەهۆی ئەم بارودۆخە وەڵامەكە ئەرێنی نەبووە.

لە پرسیارێكی تری رۆژنامەنووساندا لەبارەی كەسوكاری شەهیدان لە ناوەندەكانی خوێندن، د. ی وسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا وتی شەهیدان رەمزی نەتەوەیی و نیشتیمانی نەتەوەكەمانن و كەسوكارەكانیان ئاسانكار یان بۆ كراوە بۆ یەكەم جاریش لە كوردستان كورسی خوێندنی تایبەت بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر تەرخانكرا.