نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: ئەولەویەتی وەرگرتن لە زانكۆك و پەیمانگەكان بۆ خوێندكارانی هەرێم و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم دەبێت

newsitem-1839-10.11.2014.jpg

وەزیری خوێندنی باڵا پێشوازی لە پارێزگاری موصڵ كرد؛ ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێكەوتی (10/11/2014) د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوازیكرد لە ئەسیل نوجیفی پارێزگاری موصل و د. موزاحم قاسم خەیات سەرۆكی زانكۆی نەینەوا.

لە دیدارێكدا كە بەئامادەبونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتیەكانی وەزارەت بەڕێوەچوو، پارێزگاری موصڵ سوپاسی ئەو هاریكاریانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد كە لە ماوەی ڕابردودا پێشكەشی خوێندكار/ قوتابیە ئاوارەكانی سنوری پارێزگای موصڵی كرد، كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێبون، پاشان سەرۆكی زانكۆی نەینەوا، داوای كرد هاوكاریان بكەن بۆ ئەوەی خوێندكاران/ قوتابیانی زانكۆكانی موصڵ بتوانن لە زانكۆكانی كوردستان درێژە بەخوێندن بدەن.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران دوای ئەوەی هاوسۆزی بۆ خەڵك و خوێندكارانی پارێزگای موصڵ دوپات كردەوە، خواستی وەزارەتەكەشی بۆ هاریكاریكردنی زیاتری قوتابیان/ خوێندكاران دوپات كردەوە، ڕاشیگەیاند: لە ئێستادا فشارێكی زۆر لەسەر زانكۆكان وەزارەت هەیە، بەشێك لەو فشارانە پەیوەندی بەقەیرانی داراییەوە هەیە كە ڕوی لە كوردستان كردوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی زۆری خوێندكار/ قوتابی لە ناوخۆی كوردستان دەخوازن لە زانكۆكان وەربگیرێن، لەهەمان كاتدا ژمارەیەك خوێندكاری دیكە لە زانكۆكانی تكریت و بەغداد و ئەنبار...دەخوازن لێرە درێژە بەخوێندن بدەن، توانای زانكۆكانی هەرێمی كوردستانیش سنوردارە، بەڵام ئەولەویەتی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیانی لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خوێندكاران/ قوتابیانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانە، ڕونیشی كردەوە وەك بنەمایەك دەخوازین هاوكاری خوێندكارانی زانكۆكانی موصڵ بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش داواكارییەكانتان تاوتوێ‌ دەكەین.

لە بەرامبەردا ئەسیل نوجیفی پارێزگاری موصڵ سوپاسی ئەو بەدەنگەوەهاتن و پێشوازییە گەرمەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستانی كرد، ڕاشگەیاند: كە ئەوان لای خۆیانەوە لەگەڵ لێپرسراوانی بەغداد گفتوگۆ دەكەن بۆ ئەوەی تێچوی دارای بگرێتە ئەستو و هاریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان بكەن.

* ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی