نوفمبر 2016

پڕۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی تۆماری زانكۆكان چووە بواری جێبەجێكردنەوە

newsitem-1826-26.10.2014-ku.jpg

د.یوسف گۆران: جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەبێتە هۆی باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و كەمكردنەوەی رۆتین لە زانكۆكان

 
*ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
 
 
 
لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە پێناو
بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و كەمكردنەوەی رۆتین بۆ توێژی خوێندكاران/ قوتابیانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پڕۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی تۆماری زانكۆكانی هەرێمی كوردستان چووە بواری جێبەجێكردنەوە. 
 
پڕۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی تۆماری زانكۆكانی كە ئەمڕۆ پێنچ شەممە, ڕێكەوتی (23/10/2014) بەئامادەبونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و ژمارەیەك لە یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و مامۆستایان لە كتێبخانەی ناوەندی زانكۆی سلێمانی لە كامپی ناوشار دەست بەجێبەجێكردنی كرا، بەچەند قۆناغێك جێبەجێ‌ دەكرێ‌.
لە قۆناغی یەكەمدا كە لەلایەن ستافی فەرمانبەرانی زانكۆكان بەڕێوەدەچێت تایبەتە بەداخڵكردنی داتای سەرجەم خوێندكارانی زانكۆ لە ساڵی (1968) كە بۆ یەكەمجار زانكۆ لە سلێمانی دامەزراوە تا ئەمڕۆ، وەك هەنگاوی یەكەمیش پڕۆژەكە لە زانكۆی سلێمانی دەستی پێكردوەو لە ئایندەیەكی نزیكدا لە زانكۆی هەولێرو دهۆكیش كە هەموو ئامادەكارییەكیان بۆ كراوە پِرۆژەكە لەو زانكۆیانەش دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەكە بەیەكەوە بڕۆن.
 
قۆناغی دووەمی پڕۆژەكەش كە تایبەتە سیستەمی بەڕێوەبردنی كاروباری خوێندكاران/ قوتابیان، دوای تەوابونی قۆناغی یەكەم دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەم قۆناغەشدا هەموو كاروبارێكی پەیوەست بەخوێندكاران/ قوتابیان لە شێوازی تاقیكردنەوە، پرسیار و وەڵام، پەیوەندی لەگەڵ مامۆستا، بڕوانامە...لەخۆدەگرێ و بەشێوازێكی نوێ‌ و لەسەر ستاندرادی جیهانی دروست دەكرێت.
 
ئەم پڕۆژەیە كە بەیەكێك لە پڕۆژە گرنگەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە كابینەی هەشتەم دادەنرێت وا بڕیارە لە ماوەی (4) ساڵی داهاتودا بەتەواوەتی جێبەجێ‌ بكرێ‌، چونكە دەبێتە بنەمایەك بۆ بەئەلیكرۆنیكردنی سەرجەم كاروبارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەستنەوەی زانكۆكان بەیەكتر.
 
لە بەرامبەر دەستپێكردنی ئەو پڕۆژە گرنگە د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستخۆشی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی كردو پیرۆزبای لە خوێندكارانیش كرد، چونكە بەهۆی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەوە خزمەتگوزارییەكانیان باشتر بەدەست دەكات و رۆتین-یش بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە، هەروەك پاڵپشتی و پشتیوانی وەزارەتیش بۆ سەركەوتنی پڕۆژەكە دوپات كردەوە, ڕاشگەیاند: یەكێك لە بنەماكانی پێشكەوتنی زانكۆ بەناوبانگەكان نەبونی ڕۆتین و ڕایكردنی كارەكانە لە كەمترین ماوەدا.