نوفمبر 2016

وه‌زیری خوێندنی باڵا پێشوازی له‌ كۆنسڵی گشتی ئه‌مریكا كرد

newsitem-1744-02.07.2014-ku.JPG

 د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت پێشوازیكرد له‌ (جۆزیف پنتن كۆنسڵی گشتی ئه‌مریكا) له‌ هه‌رێمی كوردستان.
له‌ دیدارێكدا كۆنسڵی ئه‌مریكا دوای پیرۆزبایكردن له‌ د.یوسف گۆران كه‌ وه‌ك وه‌زیری نوێی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌ست به‌كاربوه‌، پێكه‌وه‌ باسیان له‌ بارودۆخی خوێندنی باڵاو له‌ هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌ زانستیه‌كانی نێوان ئه‌مریكاو هه‌رێمی كوردستان كرا، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا جه‌خت له‌ سه‌ر پته‌وه‌كردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان كرایه‌وه‌ به‌تایبه‌ت په‌ره‌پێدان به‌ به‌رنامه‌ی (فولبرایت).
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسی ئه‌مرۆی عێراق و به‌تایبه‌ت ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان كرا، بۆ ئه‌وه‌ش كۆنسڵی ئه‌مریكا جه‌ختی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كرده‌وه‌ تا له‌ رێگه‌ی جێبه‌جێكردنی ده‌ستورو پێكهێنانی حكومه‌تێكی فره‌یی و دیموكراسی له‌ عێراقدا، له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌زیری خوێندنی باڵا وتی: ئێمه‌ پێمان باشه‌ له‌ چوارچێوه‌ی حكومه‌تێكی فره‌یی دیموكراسی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئه‌مڕۆی عێراق بكرێ‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش به‌دی نه‌هات ێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین خۆمان چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان بكه‌ین.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا د. یوسف گۆران ئاماژه‌ی به‌هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی خوێندكارانی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان, به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ زانكۆكانی تكریت و موصڵ و ناوچه‌كانی دیكه‌ ده‌خوێنن, ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: كه‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامه‌ بۆ دارشتنی پلانێك تا چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و خوێندكارانه‌ی پێ‌ بكه‌ن.