نوفمبر 2016

پێشوازی لە وەفدێكی دامەزراوەی دادی ئاڵمانی

newsitem-1284-19.04.2012-ku.jpg

ئەمرۆ پێنچ شەممە ( 19/4/2012) بەڕێز د.عەلی سەعید وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پێشوازی كرد لە وەفدێكی دامەزراوەی (DAAD)ی ئاڵمانی بەسەرۆكایەتی (د.دۆرۆپیا رۆلاند) سكرتێری گشتی دامەزراوەكە.

لە كۆبونەوەیەكدا كە بەئامادەبوونی كۆنسڵی گشتی ئاڵمانیا لە هەولێری پایتەخت و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی دامەزراوەكە بەڕێوەچوو، داڕشتنی هێڵە گشتیەكانی هاریكاری و هەماهەنگی نێوان دامەزراوەی دادی ئاڵمانی و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی گفتوگۆی چڕی لەبارەوە كرا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا بەگرنگیەوە باس لە كردنەوەی بەشی زمانی ئاڵمانی لە زانكۆی سەڵاحەددین كرا كە ئەمرۆ پێنچ شەممە لە مەراسیمێكی تایبەتدا لە كۆلێژی زمانی زانكۆی سەڵاحەددین بەرەسمی دەكرێتەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا پێشنیاز كرا ئەو پرۆژەیە فراوان بكرێت و لە ئایندەیەكی نزیكدا بەشێكی هاوشێوە لە زانكۆی سلێمانی بكرێتەوە.

بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكە تەرخان كرا بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی پرۆژەی (كورد- داد) كە پرۆژەیەكی هاوبەشی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و دامەزراوەی دادی ئاڵمانیە كە بەهۆیەوە هاریكاری كاندیداكانی تواناسازی دەكرێت بۆ ئەوەی لە زانكۆكانی ئاڵمانیا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماجستێرو دكتۆرا درێژە بەخوێندن بدەن، بۆ ئەوەش باس لە پتەوكردن و بەهێزكردنی پڕۆگرامەكە كرا بەئامانجی پشتیوانی و پاڵپشتیكردنی كاندیداكانی تواناسازی، هەر بۆ ئەو مەبەستەو پێشخستنی زیاتری پرۆژەكە و بە سوود وەرگرتن لە راو پێشنیازەكانی كاندیداكانی تواناسازی كە لە ئاڵمانیا دەخوێنن ئەو رێكەوتنە نوێ‌ كرایەوە  كە پێشتر لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو دامەزراوەی داد ئیمزا كرابوو، بەمەبەستی كارئاسانی و گەشەپێدانی پرۆژەی ( كورد- داد) و سود گەیاندنی زیاتر بەخوێندكاران و قوتابیانی تواناسازی.