نوفمبر 2016

به‌ریتانیا ستایشی ریفۆرمی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێم ده‌كات

newsitem-1275-08.04.2012-ku_01.jpg

رۆژی 4/4/2012 له‌ هوتێل رۆتانا له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌خت پرۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیز عه‌لائه‌ددین وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌شداریكرد له‌ سمینارێك له‌باره‌ی ئاڵوگۆڕكردنی زانست له‌گه‌ڵ زانكۆكانی وڵاتی به‌ریتانیا، كه‌ له‌لایه‌ن كۆنسوڵگه‌ری گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر رێكخرابوو.

به‌ ئاماده‌بوونی داڤید ویلتس وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ زانست و زانكۆكان له‌ وڵاتی به‌ریتانیا و هه‌روه‌ها به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و وه‌زیری كارو و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌زیری شه‌هیدان و كاروباری ئه‌نفالكراوان و چه‌ند وه‌زیرێكی كاندیدكراو بۆ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سمیناره‌كه‌ ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد.

له‌ میانی سمیناره‌كه‌دا، پڕۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیز عه‌لائه‌ددین وته‌یه‌كی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد، له‌ ئاماژه‌یه‌كیشدا تیشكی خسته‌سه‌ر سیستمی كۆنی خوێندنی باڵا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و گیروگاز و ئاسته‌نگانه‌ی ‌به‌رده‌م پێشكه‌وتن بواری زانست و ته‌كنه‌لۆژیا. هه‌روه‌ها دواتر تیشكی خسته‌سه‌ر ماوه‌ی 2 ساڵ كار و چالاكییه‌كانی وه‌زاره‌ت و ئه‌و شۆڕشه‌ گه‌وره‌ی بواری ریفۆرمی خوێندنی باڵا و جۆشدانی بواری توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانكردنی نه‌خشه‌ رێگایه‌ك به‌ره‌ و هه‌نگاونان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كواڵیتی زانكۆ و بڕوانامه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌یبه‌ت و شانازی مه‌زن له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و جیهان بۆ زانكۆكانی هه‌رێم .

هه‌ر له‌ درێژه‌ی سمیناره‌كه‌دا داڤید ویلتس وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ زانست و زانكۆكان له‌ وڵاتی به‌ریتانیا ستایشی ئه‌و گۆڕان و ریفۆرمانه‌ی كه‌ له‌ كه‌رتی خوێندنی باڵادا كردوو‌ و به‌ ریڤلوشنێكی مه‌زنی دایه‌ قه‌ڵه‌م به‌ درێژایی مێژووی حكومڕانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌م نێوه‌نده‌ش رۆڵی پڕۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیزی به‌رز نرخاند و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌ستخۆشی لێ كرد و پاڵپشتی خۆی و وڵاته‌كه‌ی بۆ دووپاتكردنه‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی ئه‌و نه‌خشه‌ رێگایه‌ی كه‌ له‌ دووتوێی كتێبێكدا ئاماده‌كراوه‌ و خراوه‌ته‌وه‌ به‌رده‌ست، به‌ میتۆدێكی زانستی و ئه‌كادیمی باشی ده‌زانم بۆ ئێستا و ئاینده‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ ئێمه‌ش وه‌كو وڵاتی به‌ریتانیا له‌ پێناو سوودی گشتی ئه‌م كتێبه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی ئه‌مه‌زۆنی جیهانی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه، كه‌ تایبه‌ت به‌ گه‌ڕان و كڕینی كتێبی گرنگ و فیلم و مۆزیكی به‌ناوبانگی جیهانی ‌.

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان گوتی، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ 21 زانكۆی به‌ریتانی هاتووین، تا بتوانین خزمه‌ت بگه‌یه‌نین به‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، له‌مه‌ڕ گرنگیدان به‌ كاندیداكانی به‌رنامه‌ی تواناسازی و خوێندكارانی ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ هه‌رێم.

هه‌ر له‌ كاتی سمیناره‌كه‌ د.عه‌لی سه‌عید سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی و وه‌زیری كاندیدكراو بۆ‌ كابینه‌ی تازه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد. له‌ میانیدا، تیشكی خسته‌سه‌ر گرنگی سه‌ردانیكردنی شاندێكی وا گه‌وره‌ و ئاماده‌كردنی سمیناری له‌م جۆر له‌پێناو گرنگیدانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ ریفۆرمی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها ئه‌و هاوكارییه‌ مه‌زنه‌ی كه‌ زانكۆكانی وڵاتی به‌ریتانیا پێشكه‌شی ره‌وتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌كات.

جێگه‌ی باسكردنه‌ له‌ میانی سمیناره‌كه‌دا، چه‌ندان وتار له‌ رێگه‌ی سكرین و داتاشۆوه‌ پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرا، كه‌ ئه‌وانیش له‌لایه‌ن‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ نوێنه‌رانی زانكۆی سۆران و زانكۆی كوردستان و زانكۆی سلێمانی و زانكۆی تاشقه‌ندی ئۆزبه‌كی و نوێنه‌ری 21 زانكۆی به‌ریتانی.