نوفمبر 2016

سيمينارى ڕێزلێنان بۆ پڕۆفیسۆر فاتیمه‌ ڕه‌شید

newsitem-1266-29.02.2012-ku..JPG

ئه‌مڕۆ 29-2-2012 كاتژمێر 10ی سه‌رله‌به‌یانی ، له‌ سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری زانكۆی سه‌لاحه‌دین ،به‌ ئاماده‌بوونی پڕۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیز عه‌لائه‌دین، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و پێشه‌نگانی خوێندنی باڵا له‌ زانكۆكانی كوردستان، بۆ یه‌كه‌مجار سیمینارێكی ڕێزلینان بۆ پڕۆفیسۆری  دكتۆره‌ فاتمه‌ ڕه‌شید باجه‌لان به‌ڕێوه‌ چوو.
له‌ده‌سپێكی سیمیناره‌كه‌دا، دكتۆر ئیبراهیم حه‌مه‌ ڕه‌ش یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ، دوای ئه‌وه‌ی به‌خێرهاتنی وه‌زیری خوێندنی باڵا و میوانانی كرد، وتی " جێگه‌ی شانازییه‌، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ كوردستان، زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، سیمیناری  ڕێزلێنان بۆ پرۆفیسۆرێكی تازه‌ ئه‌نجامبدات و ده‌مانه‌وێت به‌ پشتگیری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، شورشێك له‌زانكۆ بكه‌ین. له‌مێژووی زانكۆكه‌شمان، دكتۆره‌ فاتیمه‌ 49 یه‌مین  كه‌سه‌ كه‌ نازناوی پڕۆفیسۆری پێده‌به‌خشرێت".

دواتر پڕۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیز عه‌لائه‌دین، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ وته‌یه‌كیدا، خۆشحاڵی خۆی به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین ده‌ربڕی. كه‌ سیمینارێكی ڕێزلێنان بۆ كه‌سێك ده‌كات، كه‌ تازه‌ نازناوی پڕۆفیسۆری وه‌رگرتووه‌ و هیواشی خواست، ئه‌مه‌ ببێته‌ كه‌لتور. وتیشی "نازناوی پڕفیسۆری نابه‌خشرێت، به‌ڵكو به‌ده‌ستده‌هێنرێت.دكتۆره‌ فاتیمه‌ش له‌بواری خوێندنی باڵادا، جێ په‌نجه‌ی دیاره‌ و كه‌سێكی ماندوونه‌ناسه‌ و پیرۆزبایی له‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌ونازناوه‌ی لێده‌كه‌م و دڵنییام له‌ گه‌یشتن به‌ دوا په‌یژه‌، مامۆستاكان و كه‌سوكار و كۆمه‌ڵێك لایه‌نی تر فه‌زل و به‌ژدارییان تێدا هه‌یه‌  ".

پاشان له‌ لایه‌ن پڕۆفیسۆر فاتیمه‌وه‌ به‌ كورتی به‌شێك له‌ ژیانی خۆی هه‌ر له‌ مناڵیه‌وه‌ تا به‌ده‌ستهێنانی نازناوی پڕۆفیسۆرییه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ روو گوتییشی" هه‌ر له‌ مناڵیمه‌وه‌ له‌ قوتابییه‌ هه‌ره‌ زیره‌كه‌كان بووم و باوه‌ڕم به‌وه‌ هه‌بوو له‌ هه‌رشوێنێك بم، ده‌بێت جیاواز بم".

پڕۆفیسۆر فاتیمه‌ باجه‌لان، له‌ درێژه‌ی وته‌كه‌یدا، خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی ، كه‌ دوای ماندووبونێكی زۆر، دواجار توانیویه‌تی بگاته‌ پله‌ی پڕۆفیسۆری و گوتی " من قه‌رزاری كۆمه‌ڵێك له‌ مامۆستا و قوتابیانم، چونكه‌ منیش به‌رده‌وام له‌وان فێربوومه‌، باوه‌ڕی ته‌واویشم به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ پڕۆسه‌ی خوێندنی باڵا، پڕۆسه‌ی وه‌رگرتن و به‌خشینی زانسته‌"