نوفمبر 2016

سەبارەت بە ناوەندی وەرگرتن

newsitem-1212-20.12.2011-ku-01.jpg

 ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیه‌وه‌ ژماره‌ (1215) ی ڕۆژی 18/12/2011 دا هەوالێک بڵاو کراوەتەوە كه‌ گوایه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ناوه‌ندی وه‌رگرتنی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌، لێره‌دا به‌ پێويستی ده‌زانين كه‌ زانياریيه‌کان بۆ ڕای گشتیی روون بکەینەوە. سه‌ره‌تا له‌و نوسراوه‌ ده‌ستپیبكه‌ین، كه‌ گوایه‌ ناوه‌ندی خوێندنی پێ هه‌لوه‌شاوه‌ته‌وه‌. ئه‌م نوسراوه‌ فه‌رمانێكی وه‌زارییه‌ و به‌ ژماره‌ (946) له‌ 12/12/2011 ئاراسته‌ی گشت لایه‌نه مه‌عنییه‌كان كراوه‌و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك فه‌رمانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ناوه‌ندی وه‌رگرتنی تێدا نییه‌ و هیچ ڕسته‌یه‌كی له‌و شێوه‌شی تێدا نییه‌، به‌ڵكو باس له‌وه‌ كراوه‌، كه‌ ناوه‌ندی وه‌رگرتن له‌ ناو په‌يكه‌ری وه‌زاره‌تدا جێگیر ده‌كرێت.

ئێمه‌ لێره‌دا ڕایده‌گه‌یه‌نین، كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی هه‌واڵه‌ نێگه‌تيڤه‌كان‌، له‌ وه‌زاره‌تمانه‌وه‌ ڕۆڵه‌ پيرۆز و گرنگه‌كه‌ی به‌رێوه‌به‌رايه‌تی ناوه‌ندی وه‌رگرتن هه‌رده‌م به‌رز نرخێندراوه‌، و له‌ ئێستا و له‌ ئاينده‌شدا به‌ ته‌كنۆلۆژيای زانياری و به‌ تيمی شاره‌زايان و لێهاتوو و خاوه‌ن ئه‌زموونی سه‌رده‌ميانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كرێت، و له‌ خزمه‌تكردنی قوتابيان و خوێندكاراندا به‌رده‌وام ده‌بێ. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پڕۆسه‌يه‌كی چاكسازی كارگێڕی و لۆجيستی ده‌ستی پێ كراوه‌ به‌و شێوه‌يه‌كی خواره‌وه‌:.

يه‌كه‌م: بڕيار دراوه‌ كه‌ ناوه‌ندی وه‌رگرتن له‌ باڵه‌خانه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ديوانی وه‌زاره‌ت بگوازرێته‌وه‌ ناو ديوان. ئه‌وه‌ چه‌ندين ساڵه‌ ناوه‌ندی وه‌رگرتنی قوتابيان باڵه‌خانه‌يه‌كی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ت به‌ كرێی ساڵانه‌ زياتر له‌ بيستوچوار هه‌زار دۆلار ( 24000 $) بۆ گيراوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ناو ديواندا شوێنی گونجاوی تايبه‌ت به‌و به‌رێوه‌به‌رايه‌تيه‌ دروستكراوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ر هۆيه‌ك بێ نه‌گوازراوه‌ته‌ ناوه‌وه‌. ئيمساڵيش باڵه‌خانه‌ی نوێتريش له‌ ناو وه‌زاره‌ت دروستكراوه‌ و هيچ پاساوێك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون له‌ زێده‌ خه‌رجكردنی كرێی باڵه‌خانه‌ و خه‌رجی حه‌وانه‌وه‌ تێيدا.

دووه‌م: له‌ كۆنه‌وه‌، ناوه‌ندی وه‌رگرتن وه‌ك به‌رێوه‌به‌رايه‌تيیه‌كی سه‌ربه‌خۆ و به‌ ده‌سه‌لات و ئيمتيازاتی به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تيه‌كی گشتيی كاری كردووه‌ و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكی زێده‌ی هه‌بووه‌ بۆ لايه‌نی دارايی، ميلاكات، خۆيه‌تی، شوفێر و به‌رده‌ست و هی تر. به‌ڵام له‌ دوای دروستبوونی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی له‌ ساڵی 2006 ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تيیه‌ پێويستی به‌و فه‌رمانبه‌ره‌ زێدانه‌ نه‌مابوو‌ و ده‌كرا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تيه تايبه‌تمه‌نده‌كان جێگه‌يان بۆ بكرابايه‌‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاری دووپات و خه‌رجی زێده‌ كه‌م بكرێته‌وه‌. ئێستاش له‌ دوای به‌ ئه‌ليكترۆنيكردنی پڕۆسه‌ی ناوه‌ندی وه‌رگرتن، ئيتر كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ زياتر بووه‌ته‌ كارێكی پێويست و هه‌نووكه‌يی.

سێيه‌م: دياره‌ ئامانجی سه‌ره‌كی له‌و گۆڕانكاريه‌ كارگێڕيه‌دا بريتيه‌ له‌ ڕێگرتن له‌ به‌هه‌ده‌ردانی ماڵ و سامانی خه‌لك، وه‌ خه‌رج كردنی ئه‌و بودجه‌يه‌ له‌ نوێ كردنه‌وه‌ی سيسته‌م. له‌ ساڵی ئيمساڵدا، پڕۆژه‌ی زانكۆلاين (پێشكه‌شكردنی ئه‌ليكترۆنی) داهێنرا. به‌ پێچه‌وانه‌ی لێدوانه‌كانی ناو ڕاپۆرته‌كه‌، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ زۆریش سه‌ركه‌وتوو بوو و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و ستافه‌ خۆماڵیه‌ی، كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێكهینرابوو و كار و شه‌ونخونی زۆری بۆكرا، تاكو له‌ كۆتاییدا، توانرا به‌سه‌ر گرفته‌كان زاڵبین و هه‌موو قوتابیان فۆڕمه‌كه‌‌كه‌ پڕ كرده‌وه‌. بۆيه‌ پڕۆژه‌كه نه‌ك ته‌نيا له‌ چه‌ندين ڕووه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو به‌لكو خه‌رجی دارايی به‌ ڕاده‌يه‌كی زۆر كه‌م كرده‌وه‌. خه‌رجی داهێنانی پڕۆگرانی زانكۆلاين له‌ ده‌ هه‌زار (10,000) دۆلار تێنه‌په‌ڕی، كه‌چی ته‌نيا كرێی چاپكردنی ڕێبه‌ر و فۆڕمی تيشكی گه‌يشته‌ سه‌دو چلوپێنج هه‌زار ($145,000) دۆلار، ئه‌وه‌ش جگه‌ له‌ چه‌ندين خه‌رجی تری جۆراوجۆری په‌يوه‌نديدار.

چواره‌م: له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی، كه‌ بڕياره‌كه‌ نهێنی و له‌ ناكاو بووبێ‌، ئێمه‌ هه‌موو لایه‌ك دڵنییا ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئه‌و بڕيارانه‌ی وه‌زاره‌ت به‌ ڕوون و شه‌فافی و له‌ چه‌ندين كۆبوونه‌وه‌ی كراوه‌دا باسيان لێوه‌ كراوه‌ و به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی وه‌رگرتن خۆيشی به‌شدار بووه‌ له‌ پڕۆسه‌ی ڕاوێژ كردن و بڕياردان. ئه‌و گۆڕانكارايانه‌ش به‌شێكن له‌ پڕۆسه‌ی ڕيفۆرمی سيسته‌می كارگێڕی وه‌زاره‌ت و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كواڵيتی خزمه‌تگوزاريه‌كان و به‌ده‌ستهێنانی باشترين به‌رهه‌م به‌ كه‌مترين خه‌رجی دارايی.