نوفمبر 2016

ده‌رماڵه‌ی هاوسه‌رگيری بۆ كانديده‌كانی تواناسازی

newsitem-1209-19.12.2011-ku.jpg.jpg

مايه‌ی خۆشحاڵيمانه‌ كه‌ ژماره‌يه‌كی زۆر له‌ كانديده‌كانی تواناسازی به‌ ئاوات گه‌يشتوون و ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات خه‌ريكی خوێندنن. دياره‌ كه‌ پڕۆسه‌ی ناردنی خوێندكاران بۆ ده‌ره‌وه‌ به‌و ژماره‌ زۆره‌ و به‌ گروپی يه‌ك له‌دوای يه‌كتر و بۆ وڵاتانی جياجيا پڕۆسه‌يه‌كی ئاڵۆزه‌ و هەمەلایەنە. له‌  لایەنی وه‌زاره‌ته‌وه‌ پێويستی به‌ كاری بێ وچان و كارا كردنی ده‌زگای ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ و داڕێژتنی ڕێنمايی نوێ هه‌يه‌.  له‌ لايه‌نی كانديده‌كانيشه‌وه‌ پێويستيشی به‌ پشووی درێژ و هاوكاری به‌رده‌وام هه‌يه‌. ‌ بێ گومان ئامانجی هه‌موو لايه‌كيش بريتيه‌ لە ‌پشتگيری كردنی خوێندكاران بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی خوێندنياندا به‌بێ كێشه‌ و گرفت خوێندن ته‌واو بكه‌ن و به‌ سه‌ركه‌وتوويی بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵات.

دياره‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ دابين كردنی بودجه‌ی خوازراو و دابين كردنی مافی كانديده‌كان درێخی نه‌كردووه‌ و ده‌رماڵه‌ی شايسته‌ی بۆ خوێندكاران خه‌رج كردووه‌، ئه‌وه‌ش سه‌رباری مووچه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمدا مووچه‌خۆرن.  هاوكات، به‌شێكی به‌رچاوی كانديده‌كان هاوسه‌ريان هه‌يه‌ و مه‌به‌ستيانه‌ كه‌ له‌ كاتی خوێندنياندا هاوسه‌ره‌كانيان هاوڕێی سه‌فه‌ريان بن و هه‌ندێك له‌ هاوسه‌ره‌كان كارمه‌ندی حكومه‌ت و مووچه‌خۆرن.

 لێره‌دا جۆرێك ناڕوونی هه‌يه‌ له‌وه‌ی ئايا هاوسه‌ره‌كان مووچه‌كانيان بۆ خه‌رج بكرێت يان نه‌كرێت، ئه‌گه‌ر مووچەیان بۆ سەرف نه‌كرێت ئايا ماوه‌ی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌يان به‌ خزمه‌ت بۆ حيساب دەکرێت یان ناکرێت. هەر بۆیە هه‌ندێ له‌ پسپۆر و ڕاوێژكاره‌ داراييه‌كانی هه‌رێم لێكدانه‌وه‌ی یاسایی و کارگێڕی جياوازيان بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌يه‌.  بڕياردانيش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ تەنیا له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيرانه‌ و پێويستی به‌ ديراسه‌تكردن هه‌يه‌.  واته‌، بڕياره‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ به‌ته‌نيا نادرێ، بۆيه‌ش له‌ وه‌زاره‌تمانه‌وه ئەم هەنگاوانەی خوارەوە نراوە‌:

  1.  به‌ نوسراوێکی فه‌رمی (ن/٤١٠ لە ٩/٦/٢٠١١ ) داوای به‌رچاو ڕوونی و داڕێژتنی ڕێنمايی تايبه‌ت به‌ كانديده‌كانی تواناسازی له‌ سه‌رۆكايه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران کراوە.

  2. له‌و نێوه‌شدا بۆ خاتری هاوكاری كردنی كانديده‌كان وه‌زاره‌تمان به‌ پێی ده‌سه‌لاته‌كانی بە فەرمانی وەزاری (ژمارە ن/٦٤٢ لە ٥/٩/٢٠١١) بڕياری داوه‌ كه‌ هه‌رچی زووتره‌ هاوسه‌ری كانديده‌كان به‌ مۆڵه‌تی بێ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ی $900 ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات. ئەم فەرمانەش گشتاندن کراوە بۆ هەموو دامودەزگاکانی حکومەت.


هەوڵیش دەدەین ئەو کاندیدانەی هاوسەرەکانیان بە مۆڵەتی بێ مووچە دەچنە دەرەوە کارئاسانییان بۆ بکریت و مەترسی لەدەستدانی کارەکانیان نەبێت. واته‌، ئێستا هه‌ر كانديدێكی خاوه‌ن هاوسه‌ر به‌ لانی كه‌مه‌وه‌ بڕی سێ هه‌زار دۆلاری پێ ده‌درێت (کە پێک دێت لە ١٨٠٠ دۆلار دەرماڵەی قوتابی + ٩٠٠ دۆلار دەرماڵەی هاوڕێیەتی هاوسەریی + لانی کەم ٥٠٠ دۆلار موچەی قوتابی نێردراو) كه‌ ئەمەش بە دڵنیاییەوە به‌شی ژيان و گوزه‌رانێكی تێروته‌سه‌ل ده‌كات له‌ هه‌ر شارێكی دەرەوەی وڵات بن . ئەمە جگە لەوەی بۆ هەرکاندیدێک تەواوی کرێی کۆرسی ئەکادیمی و کرێی کۆرسی زمان و بیمەی تەندروستی و پارەی سەفەر خەرج دەکرێت. جێگای ئاماژە پێکردنە کە هەموو  زانکۆکانی بەریتانیا کاتێک بڕی پێویست بۆ بژێوی ژیانی قوتابی دەخەمڵێنن تەنها ٧٠٠ پاوەند (کە دەکاتە ١١٣٠ دۆلار) بە ستاندارد دادەنێن بۆ ژیان، بەم پێیە بڕی پارەی دیاریکراو بۆ  کاندیدەکانی تواناسازی مانگانە ١٠٠٠ دۆلار زیاترە لە بڕی خەمڵێنراو.

 

پرسی دارایی کاندیدەکانی تواناسازی لایەنی یاسایی ئاڵۆزی هەیە و بە ساکاری و بە بەراورد لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناکرێت. بێ گومان، ئه‌و باره‌ی ئێستا كاتييه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی ڕێنمايی دارايی نوێ ئه‌و پرسانە يه‌كلايی ده‌بنه‌وه‌.  له‌و نێوه‌شدا كانديده‌كان سه‌رپشكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كانيان هاوڕێی سه‌فه‌ريان بن وه‌يان چاوه‌رێی ڕێنمايی نوێ بكه‌ن.