نوفمبر 2016

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا رێز له‌ مامۆستایانی ئه‌كادیمی هه‌رێم ده‌نێت

newsitem-1198-12.12.2011-ku-01.JPG

 به‌ دیدی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی یه‌كێك له‌ توێژه‌ گرنگه‌كانی دوێنێ و ئه‌مڕۆی نێو بواری زانست، پسپۆڕان و مامۆستایانی ئه‌كادیمیین له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وان‌ له‌سه‌رده‌مه‌كانی نه‌هاتی و چه‌وسانه‌وه‌دا توانیان ئاینده‌ی قوتابیان و ده‌زگاكانی سه‌ر به‌ خوێندنی باڵا مسۆگه‌ر بكه‌ن،وهه‌روه‌ها چاوساغی به‌رده‌وام بن له‌  هه‌مبه‌ر دانه‌به‌زینی ئاستی زانست له‌ وڵاتدا.

ئێستاش هه‌ر ئه‌م مامۆستا ئه‌كادیمییه‌ به‌ڕێزانه‌ن كه‌وا پێشه‌وایه‌تی له‌ ره‌وتی زانست و ئه‌كادیمیا ده‌كه‌ن. بۆیه‌ له‌ هه‌موو كاتێكدا ئه‌ركی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كانه‌ كه‌وا هه‌وaڵ و ماندبوونیان له‌به‌رچاو بگرن و به‌ بایه‌خه‌وه‌ رێزیان لێ بنێن. له‌م ڕوانگه‌یه گرنگه‌‌ هاوكاری و پشتیوانی مامۆستیانی ئه‌كادیمی بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ژاوه‌ی زانست و مه‌عریفه‌ به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی ته‌ندروستدا ببه‌ن و به‌ گیانێكی متمانه‌وه‌ پێشوازی له‌ نه‌وه‌ی نوێی زانستخواز و ئه‌كادمیستانی دوارۆژ بكه‌ن.

 

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پێشوتری ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی دا، بڕیاریدا به‌ رێزلێنانی مامۆستایان و پڕۆفیسۆرانی ئه‌كادیمی له‌ سه‌رانسه‌ری زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ كاتی وه‌رگرتنی پایه‌ی پڕۆفیسۆری، له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خوێندكاران و قوتابیان دا ناویان بهێنرێت، له‌ هه‌مان كاتدا سمینارێكی تایبه‌تییان بۆ رێكبخرێت ئه‌ویش بۆ باسكردن و گێڕانه‌وه‌ی ره‌وتی ژیانی ئه‌كادیمی و به‌رهه‌مه‌كانییان بۆ‌ زانستخوازانی ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان.

هه‌روه‌‌ها له‌ كاتی خانه‌نشینكردنیان هه‌مدیسان سمینارێكیان بۆ رێكبخرێت له‌باره‌ی باسكردن و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌زموونی ژیانی ئه‌كادیمی و كه‌سییه‌كانی خۆیان، به‌ جۆرێك كه‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی تایبه‌ت و پانتاییه‌كی خێزانی وه‌ربگرێت .

له‌ هه‌مان كاتدا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بۆ زیاتر جۆشدانی بواری وانه‌ گوتنه‌وه‌ له‌لایه‌ن مامۆستایانی زانكۆ و ره‌نگدانه‌وه‌ی ره‌وتی گۆڕانكارییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی سیسته‌م و شۆڕكردنه‌وه‌ی بۆناو دیفاكتۆی ده‌زگا ئه‌كادیمییه‌كانی هه‌رێم، پێشنیازكرا به‌ دانانی میكانیزمێكی هاندانی ساڵانه‌ بۆ پاداشتكردن و خه‌ڵاتكردنی ئه‌كادیمییه‌ ناوداره‌كان، ئه‌ویش به‌ دوو فۆڕم، یان خه‌ڵاتی شانازییان پێ بدرێت، یاخود خه‌ڵاتی رێزلێنانه‌كه‌ به‌ ناوی ئه‌و مامۆستا ئه‌كادیمییه‌ بكرێت، كه‌ بۆ داهێنانێك له‌ بواری زانستی و مرۆیی ئه‌نجام ده‌دات.