نوفمبر 2016

به‌شی زانستی له‌ مه‌خموور و شه‌قلاوه

newsitem-1183-29.11.2011-ku.jpg

 ڕوونكردنه‌وه‌يه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه ‌سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی به‌شی زانستی له‌ مه‌خموور و شه‌قلاوه‌؛ له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی دواييدا وا بڵاو كرايه‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ڕێگه‌ی له‌ كردنه‌وه‌ی به‌شی زانستی له‌ هه‌ردوو شارۆچكه‌ی مه‌خموور و شه‌قلاوه‌ گرتووه‌. لێره‌دا به‌ پێويستی ده‌زانين كه ئه‌و ڕاستيانه‌ی خواره‌وه‌ بۆ ڕای گشتی ڕوون بكه‌ينه‌وه‌:

هەر له‌ پارساڵه‌وه‌ وەزارەتی خویندنی باڵا پشتیوانی تەواوی لە بیرۆکەی کردنەوەی کۆلێژی نوێ لە شارۆچکەی مه‌خموور و شه‌قلاوه‌ کردووە، و ئاماده‌يی خۆی نيشان داوه‌ بۆ هاوكاری كردنی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دين بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پێی ڕێنماييه‌كان و له‌سه‌ر بنەما زانستییەکانی دڵنیایی جۆری پڕۆسه‌كه‌ ئه‌نجام بدات.

به‌ پێی ڕێنمايه‌كان و پرۆسه‌ی كردنه‌وه‌ی كۆلێژ و به‌شی زانستی نوێ‌، پێويسته‌ زانكۆ پێداويستيه‌ بنه‌ره‌تيه‌كانی وه‌ك بودجه‌ و ژێرخان و مامۆستا و ئامێر و كه‌لوپه‌ل و هۆيه‌كانی گواستنه‌وه‌ دابين بكات و وه‌زاره‌ت ئاگادار بكاته‌وه‌ و به‌ڵگه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی دڵنيايی جۆری بنێرێ.

ئه‌و ڕێنماييانه‌ هی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تن، كه‌ باڵاترين ده‌سه‌لاتی وه‌زاره‌ته‌ و به‌رێز سه‌رۆكی زانكۆش ئه‌ندامی كارای ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌يه‌ و ده‌نگی بۆ خودی ئه‌و ڕێنماييانه‌ داوه‌ و خۆشیان ده‌زانن كه‌ ئه‌گه‌رچی كردنه‌وه‌ی به‌شی زانستی له‌ ده‌سه‌لاتی زانكۆدايه‌ به‌لام پێويستی به‌ ديراسه‌ت كردن و هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ل وه‌زاره‌ت هه‌يه‌.

له‌ سه‌ره‌تای ئيمساڵه‌وه‌ داوا له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین كراوه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام بدات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی خوێندنی ئيمساڵ قوتابيان له‌و دوو شارۆچكه‌يه‌ ده‌ست به‌ خوێندن بكه‌ن. به‌ڵام زانكۆی سه‌لاحه‌دين سه‌رباری چه‌ندين نوسراوی وه‌بيرهێنانه‌وه‌ی فه‌رمی، ئه‌و دۆسيه‌يه‌ی بۆ وه‌زاره‌ت نه‌نارد‌. بۆيه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت له‌ ڕۆژی (١٧/١٠/٢٠١١) جه‌خت كرايه‌وه‌ كه‌ پێش ڕاگه‌ياندنی ناوی وه‌رگيراوان، پێويسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت دڵنيا بكرێته‌وه‌ كه‌ قوتابيان له‌ دوای ده‌ستپێكردنی ده‌وام تووشی كێشه‌ی بێماڵيی و بێ مامۆستايی و بێ كه‌لوپه‌ليی و بێ ده‌رامه‌تی نابن. له‌ هه‌مان كۆبوونه‌وه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت بەڕێز سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدینی ڕاسپارد کە په‌له‌ له‌ ئاماده‌كردنی پڕۆپۆزه‌له‌كه‌ بكات و هه‌تا ڕۆژی (٢٤/١٠/٢٠١١) پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی دڵنيايی جۆری بكات. به‌ڵام هه‌تا ڕۆژی ڕاگه‌ياندنی ده‌ره‌نجامه‌كانی ناوه‌ندی وه‌رگرتن له‌ (١٥/١١/٢٠١١) و بگره‌ هه‌تا ئيمڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێ ئەو دۆسيه‌يه‌ ئامادە نەکرا و هۆكاره‌كانی ئاماده‌نه‌كردنيشی دياری نه‌كرا. به‌وه‌ ده‌رفه‌ت تێپه‌ری و ناوه‌كانی به‌شه‌ زانستيه‌كان نه‌توانرا بخرێنه‌ ناو ليستی ناوه‌ندی وه‌رگرتنه‌وه‌.

لێره‌دا، دانيشتوانی هه‌ردوو شارۆچكه‌ی خۆشه‌ويستی مه‌خموورو شه‌قلاوه‌ دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت خه‌مخۆری ئه‌وانن و پشتگيری له‌ په‌ره‌ پێدان و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌كانیان ده‌كه‌ن. به‌ڵام پێويسته‌ هه‌موومان ئه‌زموونی پێشتر بۆ كردنه‌وه‌ی كۆلێژ له‌ شارۆچكه‌كان له‌به‌رچاو بگرين. جاران به‌ بڕياری سه‌رپێيی و عاتيفی، و به‌بێ دڵنيابوون له‌ كواڵيتی، كۆلێژ له‌ شارۆچكه‌كان ده‌كرانه‌وه‌، و له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كانيشدا قوتابيان و مامۆستايان و فه‌رمانبه‌ران و بگره‌ خه‌لكی شارۆچكه‌كان به‌ره‌و ڕووی قه‌يرانی به‌رده‌وام ده‌بوونه‌وه‌، و ساڵ له‌ دوای ساڵ ده‌نگی ناڕه‌زاييه‌كان به‌رزتر ده‌بوونه‌وه‌. بۆيه‌ش بڕياری هه‌ڵپه‌ساردنی كردنه‌وه‌ی به‌شی زانستی له‌و دوو شارۆچكه‌یه‌ بۆ سالی خوێندنی ٢٠١١\٢٠١٢‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵك و هه‌ردوو شاره‌كه ‌بوو، داواش له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین ده‌كه‌ین كه‌ په‌یڕه‌وی پرۆسه‌ی كردنه‌وه‌ی كۆلێژ و دڵنیای جۆری بكات و دیراسه‌ته‌كه‌ بۆ وه‌زاره‌ت بنێرێت بۆ ئه‌وه‌ی سالی داهاتووش ئه‌م دوو شاره‌ خۆشه‌ویسته‌ بێ به‌ش له‌ پرۆسه‌ی خوێندن نه‌بن.