نوفمبر 2016

پڕۆژه‌ی زانكۆلاين

پڕۆژه‌ی زانكۆلاين و به‌ ئه‌ليكترۆنی كردنی سيسته‌می وه‌رگرتن؛ لە دەستپێشخەرییەکی نوێدا وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، گۆڕانکاری بەسەر پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان  دەهێنێت، و بۆ يه‌كه‌مجار له‌ هه‌رێم و بگره‌ له‌ عيراقدا ئه‌و پڕۆسه‌يه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئينته‌رنێته‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. 

پێشه‌كی

ده‌مێك بوو شێوازی پێشكه‌ش كردنی قوتابيان بۆ خوێندنی باڵا پێويستی به‌ نوێ كردنه‌وه‌ و گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی هه‌بوو.  ساڵانه‌، سه‌رباری خه‌رج كردنی داراييه‌كی زۆر له‌ ناوه‌ندی وه‌رگرتن، كه‌چی له‌به‌ر سنووردارێتی هونه‌ر و ئه‌زموونی به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆژيای زانياری له‌ سه‌رتاپای هه‌رێمدا دواكه‌وتبوو. له‌ ساڵی 2010 بۆ يه‌كه‌مجار سيسته‌می تيشكيی بۆ سكان كردنی فۆڕمه‌ پڕكراوه‌كان به‌كار هێندرا.   ئه‌گه‌رچی ئه‌و سيسته‌مه‌ تازه‌ داهێنراو بوو كاری پێشكه‌ش كردنی ئاسانتر كرد، به‌ڵام له‌ ڕاستيدا خۆی له‌خۆیدا سيسته‌مێكی دواكه‌وتوو بوو و له‌ جيهانی ئينته‌رنێتدا كاتی ئه‌وجۆره‌ پێشكه‌ش كردنه‌ ده‌مێكه‌ به‌سه‌ر چووه‌.   

مايه‌ی خۆشحاڵيه‌ كه‌  ئيمڕۆ توانا و شاره‌زايی پسپۆڕه‌ خۆماڵيه‌كانی ته‌كنۆلۆژيای زانياری بايی ئه‌وه‌نده‌ زيادی كردووه‌ كه‌ بتوانرێ سيسته‌ميكی سه‌رده‌ميانه‌تر بۆ وه‌رگرتنی خوێندكاران په‌يڕه‌و بكرێ. بۆيه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی هه‌رێم بڕياری دا كه‌ بۆ ساڵی خوێندنی ئيمساڵ، به‌ هاوته‌ريب له‌گه‌ل سيسته‌می تيشكيی، پرۆگرامێكی نوێی ئه‌ليكترۆنی به‌ شێوازی ئۆنلاين (به‌ناوی زانكۆلاين) له‌ ڕێگه‌ی ئينته‌رنێته‌وه‌ په‌يڕه‌‌و بكات.  به‌ هۆی ئه‌و  پرۆگرامه‌وه‌ قوتابيان ده‌توانن له‌ ماڵی خۆيانه‌وه‌ وه‌يان له‌ سه‌نته‌ره‌كانی كۆمپيوته‌ری زانكۆ و په‌يمانگاكانه‌وه‌  بچنه‌ سه‌ر ئينته‌رنێت و فۆڕمی پێشكه‌شكردن پڕ بكه‌نه‌وه‌.   له‌و ڕێگه‌يشه‌وه‌ له‌ جاران زۆر ئاسانتر و خێراتر و به‌ كهمترين ههڵهوه ده‌ره‌نجامه‌كان يه‌كلايی ده‌كرێنه‌وه‌.  شايانی باسه‌ كه‌ سيسته‌مێكی له‌و شێوه‌يه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئيمساڵدا له‌ ئه‌نجامدانی به‌رنامه‌ی تواناسازی مرۆيی هه‌رێم به‌ سه‌ركه‌وتوويی تاقی كرايه‌وه‌.  ئه‌وه‌ش متمانه‌ی زێده‌ی به‌ پسپۆڕه‌كان به‌خشیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سيسته‌مه‌كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ناوه‌ندی وه‌رگرتنيشدا ئه‌نجام بدرێت.      

پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمه‌كان

پرۆسەی پێشکەش کردن به‌ فۆڕمی ئه‌ليكترۆنی زۆر ساكار و لۆژيكيه‌، و ڕێنمایی و وورده‌كاريه‌كان لە ڵاپەڕە‌كانی ماڵپه‌ری وه‌زاره‌ت www.mhe-krg.org  و له‌ ماڵپه‌ڕی (www.gozanko.info) ڕوونکراونەتەوە.  

بۆ خاتری پاراستنی نهێنيه‌كانی هه‌ر قوتابيه‌كی پێشكه‌شكار، پڕۆسه‌كه‌ كراوه‌ته‌ دوو قۆناخی لێكبه‌ستراو.  

  • قۆناخی يه‌كه‌م:  له‌ فۆڕمێكی بچوكدا قوتابی ناو و ناونيشانی خۆی تۆمار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆگرامه‌كه‌ بيناسێته‌وه‌ و به‌ ئيمه‌يل كۆد و پاسوۆردی تايبه‌تی بۆ بنێرێت.
  • قۆناخی دووه‌م: به‌هۆی ئه‌و كۆد و پاسۆورده‌ تايبه‌ته‌وه‌ خوێندكار ده‌چێته‌ ناو زانكۆلاين و فۆڕمه‌كان به‌ پێی ئاره‌زووه‌كانی پڕ ده‌كاته‌وه‌‌

يارمه‌تی

پڕۆگرامی زانكۆلاين بە شێویەک دروست کراوە کە زۆر ئاسان بێ و هاوكات ڕێگە بە کەمترین هەڵە نه‌دات.  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا:

  1. په‌يدا كردنی ئامۆژگاری: 
    • - لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکە لەهەموو قۆناغەکانیدا یارمەتی تەواو له‌ ناو ماڵپه‌ره‌كه‌ بەردەستە
    • - ئەگەر هاتوو قوتابی ڕووبەروی هەر کێشەیەک بووه‌وه‌ ئەوا دەتوانێت پەیوەندی بە مه‌ڵبه‌ندێكی ڕاوێژكاری له‌ شار و شارۆچكه‌كان بكات
  2. چاوپێخشاندنه‌وه‌ و ده‌ستكاری كردن:  هه‌تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ فۆڕمه‌كه‌ ده‌نێردرێت (سه‌بميت ده‌كرێت)‌ ئه‌وا سه‌رجه‌م زانياريه‌كانی ناو فۆڕمه‌كه‌ قابيلی چاوپێخشاندنه‌وه‌ و ده‌ستكاری كردنن. 
    • واته‌ مه‌رج نيه‌ قوتابی له‌ يه‌ك كاتدا ته‌واوی فۆرمه‌كان پڕبكاته‌وه‌، به‌ڵكو ماوه‌ی نزيكه‌ی مانگێكی له‌به‌رده‌ستدايه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بير له‌ پڕكردنه‌وه‌ بكاته‌وه‌ و ده‌مناده‌م بچێته‌ سه‌ر وێبسايته‌كه‌ و هه‌رجاره‌ی به‌شێكی فۆڕمه‌كه‌ پڕبكاته‌وه‌ و بياپارێزێ (سه‌يڤی بكات) به‌بێ ئه‌وه‌ی زانياريه‌كانی وون ببێ.  
    • واته‌ ده‌كرێ به‌ چه‌ندين قۆناخ فۆڕمه‌كان پڕ بكرێنه‌وه‌ و ده‌مناده‌م قوتابی بچێته‌وه‌ سه‌ر فۆڕمه‌كه‌ی بۆ چاوپێخشارندنه‌وه‌ و په‌شيمان بوونه‌وه‌ و گۆڕينی هه‌ڵبژارده‌كان.  ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ هۆی بچڕانی كاره‌با وه‌يان هێڵی ئينته‌رنێت وه‌يان هه‌ر هۆكارێكی تری ته‌كنيكی، قوتابی دڵنيايه‌ كه‌  ئه‌رك و ماندووبوون و زانياريه‌كان به‌فيڕۆ ناچن.  
  3. په‌يدا كردنی كۆمپوته‌ر و ئينته‌رنێت:  له‌وانه‌يه‌ له‌ ئێستادا زۆر له‌ قوتابيانی ده‌رچووی ئاماده‌يی شاره‌زاييان له‌ كۆمپيوته‌ر و ئينته‌رنێتدا نه‌بێت، وه‌يان قوتابيانی دانيشتووی گوند و ناحيه‌كان خزمه‌تگوزاری كۆمپيوته‌ر و ئينته‌رنێتيان له‌ شوێنی نيشته‌جێبوونياندا ده‌ست نه‌كه‌وێت.  به‌لام ئه‌وانه‌ نابنه‌ هۆكار بۆ تاقی نه‌كردنه‌وه‌ی سيسته‌می ئۆنلاين. بۆ هاوكاری كردنی قوتابيان، سه‌نته‌ره‌كانی كۆمپيوته‌ری سه‌ر به‌ ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا و ده‌زگاكانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ مه‌ودای ئه‌و مانگه‌دا ده‌خرێنه‌ خزمه‌تی قوتابيان.  ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ له‌ لايه‌ن فه‌رمانبه‌ر و مامۆستايانی پسپۆڕه‌وه‌ كه‌ ڕاهێنانی تايبه‌تيان له‌ لايه‌ن ناوه‌ندی وه‌رگرتنه‌وه‌ پێ دراوه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌‌كرێن. شايانی باسه‌ كه‌ ئه‌و مامۆستايانه‌ بۆيان نيه‌ و ناتوانن هاوكاری وه‌يان ئامۆژگاری قوتابيان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن چونكه‌ ئه‌وه‌ مه‌سئوليه‌تی خودی قوتابيه‌.

زانياری گرنگ‌

زۆر گرنگە هەڵبژاردنی كۆڕسی خوێندن له‌گه‌ڵ ئارەزووەکان و توانای زانستیی خوێندكار بگونجێت.  بۆيه‌ داوا له‌ قوتابيان ده‌كه‌ين كه‌:

  • بۆ پڕکردنەوەی فۆرمه‌كان ڕێنماییەکانی ڕێبەری ئەمسال ڕەچاو بکەن.  
  • مەرجە یاسایەکانی بەکار هێنانی زانکۆلاین بە ووردی بخوێندرێنەوە و پەسەند بکرن.    
  • پێش تێپەر بوونی دوا مۆڵەت بۆ ناردنی فۆرم (له‌ 30/9/2011) قوتابی فۆڕمه‌كانی پڕكردبێته‌وه‌ و ناردبی.
  • له‌ دوای ناردنی فۆڕمه‌كه‌، پێويسته‌ قوتابی به‌ پی دی ئێف (PDF) كۆپيه‌كی فۆڕمه‌كه‌ هه‌ڵگرێت چاپی بكات.  ئه‌و فايله‌ به‌ ئيمه‌يل بۆ پێشكه‌شدار ده‌نێردرێت و ته‌واوی زانياريه‌ پێشكه‌شكراوه‌كان و هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌خۆی هه‌ڵده‌گرێت و دواتر وه‌ك به‌ڵگه‌ی پێشكه‌شكردن له‌ مه‌ڵبه‌ندی ڕاوێژكاريه‌وه‌ داوای نيشاندانی لێ ده‌كرێت.

سووده‌كانی زانكۆلاين

پێشکەش کردن لەرێگای ئۆنلاین ئەم خاڵە بەسوودانەی خوارەوەی هەیە:

  • زانكۆلاين كاری قوتابی و قوتابخانه‌ و زانكۆ و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا زۆر ئاسان ده‌كات و پڕۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ته‌واوی پڕۆسه‌كه‌ خێرا ده‌كات
  • ڕێگه‌ به‌ خوێندكار نادات كه‌ كۆلیجێك یان په‌یمانگایه‌ك هه‌ڵببژێرێ كه به‌ پێى ڕێنماییه‌كان مافى ئه‌و كۆلیج یان په‌یمانگایه‌ى نه‌بێت، به‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ خوێندكار زۆرترین ده‌رفه‌تی له‌به‌رده‌ستدا بێ و هیچ هه‌ڵبژاردنێكى به‌فيڕۆ نه‌دات.
  • فۆڕمی پێشكه‌ش كردن بەدرێژای رۆژ و شەو بەردەستن و قوتابی ئەتوانێت لە کاتی گونجاو و بە ئارامی فۆرمەکە پربکاتەوە بەبی هێچ پەلەپەلێک. 
  • قوتابی ئەتوانێت لەماڵی خۆیەوە دەست بە پرۆسەی پێشکەش کردن بکات تا دوا قۆناغی.
  • یارمەتی دانی تایبەت بۆ هەر قۆناغێک لەسەر فۆرمەکە هەیە و له‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕيشدا له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری پێويست ده‌ست ده‌كه‌وێ.
  • فۆرمی ئۆنڵاین یەکسانی و شه‌فافيه‌ت و دادوه‌ری كۆمه‌ڵايه‌تی دەپارێزێت 
  • جێبه‌جێ كردنی ئه‌و سيسته‌مه‌ له‌ بارودۆخی ئێستادا ده‌بێته‌ هۆی گۆڕينی كه‌ڵتور و پاڵنانی له‌شكری قوتابيان بۆ فێربوونی به‌كارهێنانی كۆمپيوته‌ر و ئينته‌رنێت.   ئه‌وه‌ش بێ گومان له‌ داهاتوودا له‌ كاتی خوێندن و گه‌ڕان به‌دوای زانياري زانستيدا يارمه‌تيان ده‌دات.

سيسته‌می كۆن

بۆ پاڵپشتێتی سيسته‌می نوێ و ڕێگه‌نه‌دان به‌ ئه‌گه‌ری دروستبوونی كێشه‌، ئيمساڵ سيسته‌می كۆنی تيشكی وه‌ك پارساڵ به‌ هاوته‌ريبی له‌گه‌ڵ زانكۆلاين به‌كار ده‌هێندرێت.  به‌ڵام زۆر گرنگه‌ خوێندكار بزانێ كه‌:

  • ڕێگه‌ی زانكۆلاين به‌ ڕێگه‌ بڕواپێكراو و ڕه‌سه‌نه‌كه‌ داده‌نرێت
  • به‌بێ پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی زانكۆلاين، قوتابی ناتوانێ فۆڕمی كاغه‌ز به‌ سيسته‌می كۆنی تيشكيی پڕبكاته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر پڕيشی كرده‌وه‌ لێی وه‌رناگيردرێت.
  • له‌گه‌ڵ پێشكه‌ش كردنی فۆڕمی كۆنی تيشكيی، له‌ مه‌ڵبه‌ندی ڕاوێژكاريه‌وه‌ داوای پی دی ئێف فايلی فۆڕمه‌ ئه‌ليكترۆنيه‌ نێردراوه‌كه‌ ده‌كات‌ وه‌ك به‌ڵگه‌ی دڵنيابوون ‌له‌ پێشكه‌شكردنی ئۆنلاين.  
  • له‌ ناوه‌ندی وه‌رگرتندا و له‌ كاتی شی كردنه‌وه‌ی داتاكان، كار به‌ پڕۆسه‌ی زانكۆلاين ده‌كرێت و ته‌نيا له‌ كاتی پێويست فۆڕمی سكان كراو به‌ سيسته‌می كۆنی تيشكيی سه‌ير ده‌كرێ
  • ئه‌گه‌ر جياوازی له‌ نێوان زانياريه‌كانی ناو ڕێبه‌ره‌ ئه‌ليكترۆنيه‌كه‌ی سه‌ر ماڵپه‌ڕ و ڕێبه‌ره‌ چاپكراوه‌كه‌ی شێوازی كۆن هه‌بوون، ئه‌وا كار به‌ ڕێبه‌ری ئه‌ليكترۆنی سه‌ر ماڵپه‌ڕ ده‌كرێت چونكه‌ ئه‌وه‌يان دوا كۆپی نوێكراوه‌يه‌، به‌ڵام له‌وانه‌يه‌ زانياريه‌كانی ڕێبه‌ره‌ چاپكراوه‌كه هه‌ندێ دواگۆڕانكاری كه‌ميان به‌سه‌ر داهاتبێ. بۆيه‌ش ده‌بێ قوتابی زۆر به‌ ووردی ڕێبه‌ر بخوێنێته‌وه‌ و پشت به‌ ڕێبه‌ره‌ ئه‌ليكترۆنيه‌كه‌ ببه‌ستێ.‌ 
  • ئه‌گه‌ر له‌ فۆڕمه‌كانی هه‌ر خوێندكارێك جياوازی له‌ نێوان زانياری و ئيختياره‌كانی سه‌ر دوو فۆڕمه‌كه‌ی زانكۆلاين و تيشكيی كۆن هه‌بوو، ئه‌وان كار به‌ زانياری و ئيختياره‌كانی سه‌ر فۆڕمی زانكۆلاين ده‌كرێت به‌بێ ڕه‌چاو كردنی فۆڕمه‌ كاغه‌زه‌كه‌ی كه‌ به‌ شێوازی تيشكيی سكان كراوه‌. 

نرخی پێشكه‌ش كردن

  • پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕم به‌ شێوازه‌ نوێكه‌ به‌بێ به‌رابه‌ره‌
  • دابه‌زاندنی ڕێبه‌ری ئه‌ليكترۆنی به‌بێ به‌رابه‌ره‌
  • پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی كاغه‌ز به‌ سيسته‌می كۆنی تيشكيی به‌بێ به‌رابه‌ره‌‌
  • ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی به‌ كاره‌ی پڕكردنه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستێ، هيچ پاره‌يه‌كی لێ ناسه‌ندرێ

ئايا چی به‌ پاره‌يه‌؟

مه‌ڵبه‌نده‌كانی كۆمپيوته‌ر له‌ زانكۆ و په‌يمانگاكان داوايان لێ ده‌كرێت كه‌ مامۆستای پسپۆڕ و ئامێری كۆمپيوته‌ر و هێلی ئينته‌رنێت بخه‌نه‌ خزمه‌تی قوتابيانه‌وه‌.  هه‌ندێ له‌و زانكۆ و په‌يمانگايانه‌ خه‌رجی ئه‌و خزمه‌تگوزاريه‌ به‌بێ به‌رابه‌ر له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن. به‌ڵام هه‌موو زانكۆ و په‌يمانگا و مه‌ڵبه‌نده‌كانی كۆمپيوته‌ر توانای له‌ ئه‌ستۆ گرتنی ئه‌و خه‌رجيانه‌یان نيه‌ چونكه‌ بودجه‌یان بۆ ته‌رخان نه‌كراوه‌.  بۆيه‌، ئه‌و جۆره‌ مه‌ڵبه‌ندانه‌ بۆيان هه‌يه‌ كرێيه‌كی ڕه‌مزيی (5000 دينار) به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌ركی پسپۆڕ و خه‌رجی ئينته‌رنێت وه‌ربگرن.  

هاوكات، قوتابيان له‌مه‌ودوا پێويستيان به‌ ڕێبه‌ری چاپكراو نيه‌ و چاپكردنيشی خه‌رجيه‌كی زۆری تیده‌چێت.  له‌ حكومه‌تی به‌غدا ساڵانه‌ بڕی 10000 دينار له‌ قوتابيان وه‌رگرن.  پارساڵ وه‌زاره‌تمان ئه‌و خه‌رجيه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرت‌ و پاره‌ی ڕێبه‌ری له‌ قوتابيان وه‌رنه‌گرت چونكه‌ قوتابيان ڕێگه‌ی تريان له‌به‌رده‌م نه‌بوو.  به‌ڵام ئيمساڵ چونكه‌ ئه‌ڵته‌رناتيڤ هه‌يه‌ و ڕێبه‌ری ئه‌ليكترۆنی به‌ ته‌واوی و بێ به‌رابه‌ر له‌ سه‌ر ئينته‌رنێتدا ده‌ستده‌كه‌وێت، ئيتر نرخی 10000 دينار له‌ سه‌ر ڕێبه‌ری چاپكراو دانراوه‌.