بە ئامادەبوونى هەریەکە لە د.عەلى سندی وەزیرى پلاندانان و رەشید تاهیر بریکارى وەزارەتى دارایى لە حکوومەتى هەرێم و سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین و زانکۆى دهۆک و زانکۆى هەڵەبجە و زانکۆى راپەڕین و زانکۆى زاخۆ، ئێوارەى رۆژى 8/7/2011 پڕۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زنستى بەشدارى کرد لە رێوڕەسمى ئاهەنگى دەرچوانى خولى چواردەیەمى زانکۆى دهۆک.
لەمیانى ئاهەنگەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى ئاراستەکردنى سڵاوى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ئامادەبووان، بەم بۆنەیەوە وتەیەکى پێشکەشى خوێندکاران و دایک و باوکى خوێندکاران و مامۆستایانى خولى چواردەیەمى زانکۆى دهۆک کرد و گوتى "خۆشحاڵم کە دەبینم لە رۆژێکى وەکو ئەمڕۆدا پۆلێک لە خوێندکارانى زانکۆى دهۆکى خۆشەویست دەبینین، بۆیە پیرۆزبایی لە خۆتان و شارەکەتان دەکەم بە بۆنەى بەرهەمهێنانى ئەو لاو و کادیرە پیشەییانە، کە پێمانوایە لە داهاتوودا بەشدارى لە بازاڕى کارى هەرێم دەکەن".
لە درێژەى قسەکانیدا بۆ خوێندکاران و ئامادەبوان گوتى "ئێوە و زانکۆى دهۆک مایەى شانازین بۆ ئێمە و حکومەت کە لە ماوەى تەمەنیدا لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان پێشەنگ بوونە، بەتایبەت لە پڕۆسەى ریفۆرم لە سیستمى خوێندنى باڵا و ستراتیژیەتى حکومەت و وەزارەتى خوێندنى باڵا، بۆیە مافى خۆتانە ئەمشەو شانازى بە بڕوانامەکانتان بکەن".
دواتر لەبارەى کار و چالاکییەکانى ئایندەى وەزارەت، وەزیرى خوێندنى باڵا لە ئاماژەیەکدا گوتى "ئێستا لەسەر ئاستى زانکۆ و دەستە تەکنیکییەکان خەریکى پەرەپێدانى پرۆگرامین، بە تایبەت لە رووى فێرکردنى زمانى عەرەبى و ئینگلیزى بە نوێترین شێواى سەردەمیانە، هەروەها بە هەوڵ و تەقەڵاى هەموولایەک خەریکى ئامادەکردنى پڕۆژە یاسایەکین بۆ خزمەتى کەرتى خوێندنى باڵا و کواڵیتى و سەربەخۆیى زانکۆکان، کە تاکە رێگەى زامنکەرە بۆ گواستنەوەى پڕۆسەى بڕیاردان بۆ خودى سەرکردەکاى دەزگاکانى سەر بە کەرتى خوێندنى باڵا".
سەبارەت بە هەوڵ و تەقەڵاکانى حکوومەت بۆ پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان لە بوارى خوێندنى باڵا، وەزیرى خوێندنى باڵا ئەوەى خستەڕوو " بەرنامەى تواناسازی بە پاڵپشتى حکوومەت تاوەکو ئێستا 2000 خوێندکارى لەسەرجەم زانکۆکانى هەرێم بۆ تەواوکردنى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا بۆ دەرەوەى هەرێم ناردووە، کە لە نێوانیشیاندا 500 خوێندکار سەر بە زانکۆى دهۆکى تێدا بووە. ئەم پڕۆسەیەش نەوەستاوە بەڵکو لە پایزى ئەمساڵ 1000 کورسی تریش بۆ سەرجەم زانکۆکانى هەرێم تەرخان دەکرێت، لەپێناو پێگەیاندن و پەروەردەکردنى بیر و هزرى لاوەکانمان، کە لە نێوانیاندا 250 کورسی بەر خوێندکارانى زانکۆى دهۆک دەکەوێت".
لە کۆتایى مەراسیمى خولى دەرچوانى چواردەیەمى زانکۆى دهۆک وەزیرى خوێندنى باڵا بە ئامادەبوونى وەزیرى پلاندانان خەڵاتى وەزارەت و حکوومەتى هەرێمى کوردستانى بەسەر خوێندکارە یەکەمەکان دابەش کرد.
لەلایەکى تر ئێوارەى رۆژى دواتر 9/7/2011 بە ئامادەبوونى هەریەکە لە د.عەلى سندی وەزیرى پلاندانان و رەشید تاهیر بریکارى وەزارەتى دارایى لە حکوومەتى هەرێم و سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین و زانکۆ دهۆک و زانکۆى هەڵەبجە و زانکۆى راپەڕین و زانکۆى زاخۆ، پڕۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زنستى بەشدارى کرد لە رێوڕەسمى ئاهەنگى دەرچوانى خولى یەکەمى زانکۆى زاخۆ کرد.
رێوڕەسمى خولەکەش لە ژێر دروشمى بە زانست و زانین پێشکەوتن بەردەوام دەبێ دەستى بە کارەکانى کرد، لە سەرەتا وتارى بەرایى ئاهەنگەکە لەلایەن د.لەزگین عەبدى جەمیل سەرۆکى زانکۆى زاخۆوە خوێنرایەوە، کە تیایدا تیشکى خستەسەر کار و بەرنامەکانى ئێستا و ئایندەى زانکۆ. دواتر پڕۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى ئاراستەکردنى سڵاوى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ئامادەبووان، بەم بۆنەیەوە وتەیەکى پێشکەشى خوێندکاران و دایک و باوکى خوێندکاران و مامۆستایانى خولى یەکەمی زانکۆى زاخۆ کرد و گوتى "پیرۆزبای لە ئێوە و پردى دەلالى رەنگین دەکەم، ئەمڕۆ خولى یەکەمى دەرچووانى زانکۆى زاخۆ دەبینین، نەخشە لە سەدان و هەزاران خولى ترى دەرچووانى بێ، تۆوى ئەم زانکۆیە لە کابینەکانى تر چێنرا، ئێستاکە بە چاوی خۆمانەوە دەبینین لە کابینەى شەشەم یەکەمین خولى دەرچووانى خوێندکارانى دەبینرێت، هاوشانى زانکۆکانى ترى هەرێمى کوردستان بەشدارى لە رێوڕەسمى دەرچووانى خوێندکارانى دەکەین".
لە بەشێکى ترى قسەکانیدا گوتیشى "ئەرکى حکوومەتە خزمەتى لاوەکانى ئەم دەڤەرە بکات، بۆ دڵنیابوون لە ژێرخان و توانا مرۆییەکانى ئەم شارە خنجیلانەیە، بە ئامانجى برەودان بە ئاستى بژێوى کۆمەڵانى خەڵک لە زاخۆ. بۆ ئەمەش ئێمە ئاگادارین کە حکوومەت بودجەیەکى بۆ زانکۆى زاخۆ تەرخان کردووە، بۆ بنیاتنانى کامپى زانکۆ لەم شارە، کەوا بڕیاریشە لە بودجەى ئەمساڵدا پارەکە خەرج بکرێ و دەست بە لێدانى بناغەى بکرێت".
هەروەها سەبارەت بە هەوڵەکانى حکوومەتى هەرێم بۆ پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان لە بوارى خوێندنى باڵا، وەزیرى خوێندنى باڵا گوتى "بەرنامەى تواناسازی بە پاڵپشتى حکوومەت تاوەکو ئێستا 2000 خوێندکارى لەسەرجەم زانکۆکانى هەرێم بۆ تەواوکردنى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا بۆ دەرەوەى هەرێم ناردووە، کە لە نێوانیاندا 50 خوێندکارى سەر بە زانکۆى زاخۆ بوون. ئەم پڕۆسەیەش نەوەستاوە بەڵکو لە پایزى ئەمساڵیش 1000 کورسی تریش بۆ سەرجەم زانکۆکانى هەرێم تەرخان دەکرێ".
لە کۆتایى مەراسیمى خولى دەرچوانى یەکەمى زانکۆى زاخۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خەڵاتى وەزارەت و حکوومەتى هەرێمى کوردستانى بەسەر خوێندکارە یەکەمەکان دابەش کرد.