له دوا لاپه‌ڕه‌ی ژماره 130 رۆژی 20/6/2010 گۆڤاری لڤین، سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره‌كه نوسینێكی بڵاوكردۆته‌وه‌و له‌به‌ر چه‌ندین هۆ ناچارین وه‌ڵامێك به‌و نوسینه بده‌ینه‌وه.
به‌و پێیه‌ی لڤین هه‌میشه شانازی به‌وه‌وه ده‌كات، كه (خاوه‌نی یه‌كه‌مین به‌ڵێننامه‌ی شه‌ره‌فی رۆژنامه‌وانیی كوردییه) ئێمه چاوه‌ڕێی كاری جیاواز‌و پرۆفێشناڵمان لێده‌كردن نه‌ك ئه‌وه‌ی وێڕای هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن و زانیاری ناڕاست و بێبنه‌ما، چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌ی ناشیاو و زمانێكی بارگاوی به ریتمێكی گاڵته‌جاڕانه‌و دوور له ئیتیكی رۆژنامه‌نووسی بڵاوبكه‌نه‌وه‌و له بایه‌خی ئه‌و شانازییه‌یان كه‌مبكه‌نه‌وه.
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بڵێین، كه سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی لڤین و زۆرێكی تریش له‌و به‌ڕێزانه‌ی هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌رن، تووشی جۆرێك له هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن بوون سه‌باره‌ت به رێنمایی نوێی خوێندنی دكتۆرا، ئه‌مه جگه له‌وانه‌ی كه پێشوه‌خت بڕیاریان داوه تێنه‌گه‌ن و هه‌موو گۆڕانكارییه‌ك ره‌تبكه‌نه‌وه.
- وه‌زیری خوێندنی باڵا به‌وه تۆمه‌تبار كراوه، كه بێ پلان و راوێژ بڕیاری نوێ ده‌گشتێنێت، كه ئه‌مه بوختانێكی گه‌وره‌یه، چونكه ئه‌وه‌ی له‌و رێنماییانه‌دا هاتووه، هیچ بڕگه‌یه‌كی به میزاج و حه‌زی كه‌سیی دانه‌نراوه. به‌ڵكو دوای پرس و را به ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت و سه‌ركرده ئه‌كادیمییه‌كانی زانكۆكان و كه‌سانی پسپۆڕ‌و خاوه‌ن ئه‌زموون، رێنماییه‌كان تاوتوێكراوهو تائێستاش به‌رده‌وامین له‌وه‌رگرتنی راو سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازی ئه‌كادیمیستان و زانستخوازان. ئه‌مه‌ش له‌پێناو داڕشتهكردنی رێناماییهكان به‌باشترین شێوه‌و بڕیاردانی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ته‌وه. هه‌ربۆیه هێشتا دوا داڕشته‌ی رێنماییه‌كان بۆ فه‌رمانی وه‌زاری و بڵاوكردنه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتره.
- بۆ زیاتر به‌رچاوڕوونی هه‌موو لایه‌ك و ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ترسه‌ی لای هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر دروستبووه، ئه‌وه دووپات ده‌كه‌ینه‌وه، كه مه‌رج نییه هه‌موو خوێندكارێكی دكتۆرا پێویستی به فێربوون و توانستی زمانی ئینگلیزی هه‌بێت، به‌ڵكو خوێندنی دكتۆرا له‌و وڵاتانه‌ی زمانی خوێندنیان ئینگلیزی نییه ئه‌و مه‌رجه نایانگرێته‌وه. بۆ نموونه گه‌ر خوێندكارێك بیه‌وێت له وڵاتی ئه‌ڵمانیا بڕوانامه‌ی دكتۆرا له بواری زمان و كو‌لتور و مێژووی ئه‌ڵمانیدا به‌ده‌ست بهێنێ، پێویسته زمانی ئه‌ڵمانی به‌باشی فێرببێت نه‌ك ئینگلیزی. به‌هه‌مان شێوه گه‌ر كه‌سێك بچێته وڵاتێكی عه‌ره‌بی وه‌ك میسر بۆ خوێندنی شه‌ریعه و فیقهی ئیسلامی پێویسته شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له زمانی عه‌ره‌بی هه‌بێت. یاخود خوێندكارێك بچێته وڵاتی ئێران و لێكۆڵینه‌وه له كولتوور‌و ئه‌ده‌بیاتی فارسی بكات پێویسته فارسیزانێكی باش بێت. هه‌روه‌ك ئه‌و خوێندكاره‌ی ده‌یه‌ویت له وڵاتی توركیا ئه‌ده‌بیات و كولتوور و زمانی توركی بخوێنێت پێویسته ئه‌و زمانه بزانێت نه‌ك ئینگلیزی. به‌ڵام له‌كاتێكدا خوێندكارێك بیه‌وێت بڕوانامه‌ی دكتۆرا له زمانی كوردی به‌ده‌ستبێنێت ره‌نگه پێویست بكات زمانی دووه‌م و هه‌ندێجار سێیه‌میش فێرببێت، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌وه‌ی له دۆسێی پرۆپۆزه‌ڵی دكتۆراكه‌یدا هاتووه، چونكه ره‌نگه پێویستی به هه‌ندێ سه‌رچاوه هه‌بێت، كه له كتێبخانه‌ی وڵاتێكی وه‌كو رووسیا، یان فه‌ره‌نسادا هه‌بێت. به‌ڵام گه‌ر خوێندكارێك بیه‌وێت له وڵاتێكی ئینگلیزی زمانی وه‌كو ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، یان ئوسترالیا بڕوانامه‌ی دكتۆرا به‌ده‌ستبھێنێت و زمانی ئینگلیزیش نه‌زانێت ئه‌وه كاره‌ساتێكه، كه ئێمه رێگا له سه‌رهه‌ڵدانی ده‌گرین.
- به‌داخه‌وه له به‌شێكی نووسینه‌كه‌دا دوور له هه‌ر ده‌روه‌ستی و به‌رپرسیارێتییه‌ك سیسته‌می ئێستای وه‌زاره‌ت و چۆنێتی بڕیاروه‌رگرتن، به سه‌رده‌می رژێمی به‌عس ده‌چوێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری كه‌مترین راستییه‌كانی چۆنێتی بڕیاروه‌رگرتن بێت له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، كه دوای تاوتوێكردن و راوێژی كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌ت بڕیاره‌كان وه‌رده‌گیرێن.
- گۆڤاری لڤین، به‌و ناوه‌ی، كه چاودێری ده‌سه‌ڵاته، له‌ماوه‌ی هه‌شت مانگی رابردوودا چ به‌چاك، چ به‌خراپ له‌سه‌ر ره‌وتی ریفۆرمی خوێندنی باڵای نه‌نوسیوه، وه‌ك بڵێی له‌و ماوه‌یه‌دا هیچ نه‌كرابێ شایانی باس بێت، یاخود ئێمه له دوو هه‌ساره‌ی لێكدابڕاوبین، كه‌چی له‌یه‌كه‌م وتاریدا هێرشێكی بێ به‌زه‌ییانه‌ی سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی ده‌بینین.
راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی