ئەمڕۆ چوارشەممە 26/5/2010 پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى کۆلێژى پۆلیسى هەولێرى کردو لەلایەن لیوا فەرید سەعید محەمەد ڕاگرى کۆلێژهوه بەگەرمى پێشوازى لێکرا.
لەدانیشتنێکدا لەگەڵ راگرى کۆلێژ و ژمارەیەک لە ئەفسەرانى پلەدار، وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بە ئەرک و ماندووبوونى کادیرانى پۆلیس کرد، بۆ پارێزگاری و سەقامگیرکردنى ئاسایشى وڵات و هەوڵدان بۆ راگرتن و لهدهستنهدانی ئەم ئارامى و ئاسایشەى، کە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانی تێدا دهژین.
لهبهشێكی وتهكانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا تیشکى خستەسەر بەرنامەو کارى ئێستا و ئایندەى وەزارەت و بەرنامەى توانسازى مرۆیى لە بوارى خوێندنى باڵا، کە لەمیانى ئەم بەرنامەیەدا گرنگى بە بەهرە و تواناى خوێندکارانى کورد دەدرێت و بە مەبەستى خوێندن دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات. بۆ ئەم مەبەستە مژدەى ئەوەى پێدان، کە خوێندکارانى کۆلێژى پۆلیس دەتوانن سوود لەم پرۆگرامە ببینن، تا بڕوانامهی دکتۆرا و ماستەر بەگوێرەى پسپۆڕى پێویست لە زانکۆ جیهانییهكان بهدهستبهێنن، ئهوهش بەئامانجى زیاتر خزمەتكردنی ئەزموونى هەرێم..
لە کۆتایی سەردانەکەشدا، راگرى کۆلێژى پۆلیسى هەولێر ستایشی ئهو دهستپێشخهرییه بهبایهخهی كرد و خەڵاتى رێزلێنانی پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد