وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی بە توندی تاوانی رفاندن و تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان، خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی ئینگلیزی لە کۆلێجی زمانی زانکۆی سەڵاحەدین شەرمەزار دەکات و داوا لە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش دەکات بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ترسناکە بدۆزنەوە تاوەکو رابکێشرێنە بەر دادگا بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەیەنرێن .
لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە یەکەم ساتی رفاندنی ئەو خوێندکارەوە لە پەیوەندیدا بووین لە گەل هەموو لایەنە پەیوەندارەکان بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێ بەگەر بخرێ بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگەرێتەوە نێو کەس و کار و هاورێ و مامۆستایەکانی، مخابن دەستی رەشی تاوانکاران دژ بە هەول و هیواکانی ئێمە و کەس و کار و دۆست و هەڤاڵانی لە کاردا بوو و بەشێوازێکی دوور لە هەموو بەها مرۆڤییەکان کۆتاییان بە ژیانی گەنجێکی بێگوناهی ئەم وڵاتە هێنا .
لە کاتێکدا بە توندی ئەو تاوانە ریسوا دەکەین ، سەرەخۆشی و هاوسۆزی خۆمان بۆ کەس و کار و دۆست و هاورێیانی کاکە سەردەشت عوسمان دەردەبرین .
وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی
6 . 5. 2010
نوفمبر 2016