نوفمبر 2016

وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازى لە سەرۆکى ئەنیستیتووتى کورد لە پاریس ده‌كات


كاتژمێر 10 سه‌رله‌به‌یانی رۆژى یەکشەممە 11/4/2010  پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دیوانى وەزارەت پێشوازیکرد لە د.کەنداڵ نەزان سەرۆکى ئه‌نیستیتووتى کورد لە پاریس و خاتوو خەمان زرار پەرلەمانتارى خولی پێشووی پەرلەمانى کوردستان.


لەدیدارێكدا ئەزموونى ئێستاى هەرێمى کوردستان و وڵاتى فرەنسایان تاوتوێکرد و لەلایەن خۆیەوە سەرۆکى ئەنیستیتووتى کورد لە پاریس ئامادەیی خۆى پیشاندا بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى ئەکادمیستانى کورد لە وڵاتى فرەنسا و زانکۆکانى هەرێم، بەتایبەت لە بوارى ناردنەدەرەوەى خوێندکاران و پته‌وکردنى پەیوەندى زانکۆکانى کوردستان له‌گه‌ڵ زانکۆکانى فرەنسا هه‌روه‌ك وەزیرى خوێندنى باڵا هیواى خواست مامۆستایانى کورد لە زانکۆکانى فرەنسا سوود بە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بگەیەنن و بۆ ئەم مەبەستەش گوتى دەرگاى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەڕووی هه‌موواندا ئاوه‌ڵایه‌و ئێمه‌ سه‌ربه‌رزین، كه‌ بتوانین سوود له‌توانای زانستی و ئه‌كایمی رۆڵه‌كانی خۆمان وه‌رگرین.

دواتر د.دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین تیشکى خستەسەر ستراتیژو روانگەى وەزارەت و پیادەکردنى بەشێکى روانگەکە لە دام و دەزگاکانى سەر بە وەزارەت، بەمەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى کوالیتى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.


هاوکات بیروڕا لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە پڕۆسەى سەربەخۆکردنى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و داڕشتنەوەى هەیکەلى ئیدارى زانکۆکان، لەو ڕوانگەیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا گوتى "لەم قوناغەدا بیر لە دروستکردنى سەناتێکى ئیدارى دەکەینەوە بۆئەوەى سەرکردەکانى خوێندنى باڵا لە (راگر و سەرۆک بەشەوە تا دەگاتە سەرۆک زانکۆ) لەلایەن کەسانى ناو زانکۆکانەوە هەڵبژێردرێن"، لەلایەن خۆشیەوە د.کەنداڵ نەزان ئەم هەنگاوەى بە بەشێکى گرنگ لەمێژوویى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا وەسف کرد.