بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لەچۆنیەتى بەڕێوەچونى مامەڵەى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تۆمارى گشتى زانکۆى سلێمانى و پەیمانگەى تەکنیکى سلێمانى بەسەرکردەوە.
ئه‌مڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (١٣/١٠/٢٠١٩) د. ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی حکومەتى هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی زانكۆی سلێمانی كرد و، له‌لایه‌ن د. ره‌زا حه‌سه‌ن حسێن سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی پێشوازی لێكرا.
لە سه‌ره‌تادا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی تۆماری گشتی زانكۆی سلێمانی بەسەرکردەوە و، له نزیكه‌وه له چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كان و مامه‌ڵه‌كانی وه‌رگرتنی خوێندكارانى لە زانکۆى سلێمانى كۆڵییه‌وه، لە کۆبونەوەیەکیشدا لەگەڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تۆمارى گشتى زانکۆ گفتوگۆ لەبارەى كێشه و سکاڵاکان و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چونی مامه‌ڵه‌ی خوێندكاران كرا، بۆ ئەمەش د. ئارام محه‌مه‌د قادر دوپاتیکردەوە وه‌ك وه‌زاره‌ت هه‌مو هه‌وڵێكمان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وەى زۆرترین دەرفەتى دادپەروەر بە ڕەچاوکردنى کواڵێتی خوێندن بۆ دەرچوانمان لە زانکۆ وپەیمانگەکان بڕەخسێنین.
وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: ئاگاداری باروگوزه‌رانی هاووڵاتیانین، بۆیه له سۆنگه‌ی هه‌ستكردنمان به به‌رپرسیارییه‌تی و، له پێناو خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانی خۆمان، بڕیارماندا كرێی خوێندنی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان کەم بکەینەوە، ئەمەش بێگومان سودى زۆرى بۆ خوێندکارانمان دەبێت.
لە بەرامبەردا، خوێندكاران و كه‌سوكاره‌كانیان ده‌ستخۆشیان له وه‌زیری خوێندنی باڵا كرد، بۆ ئه‌و ئاسانكارییانه‌ی ئه‌مساڵ له وه‌رگرتنی خوێندكاران له زانكۆ و په‌یمانگەكان كراوه، بەتایبەتتریش دەستخۆشیان لێکرد بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندن له زانكۆ و په‌یمانگە حكومییه‌كاندا.
هه‌روه‌ها وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، لە نزیکەوە سه‌رجه‌م به‌ش و هۆبه‌كانی تۆماری گشتی زانكۆی سلێمانی به‌سه‌ركرده‌وه و، له‌نزیكه‌وه گوێی له كێشه و داواكارییه‌كانیان گرت و به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی پێدان.
لەلایەکى ترەوە، هەر ئەمڕۆ یەکشەممە د. ئارام محمد قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی، په‌یمانگەی ته‌كنیكی سلێمانی به‌سه‌ركرده‌وه و، لەگەڵ د. ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكی زانكۆی پۆڵیته‌كنیكی سلێمانی و، ڕاگر و مامۆستایانی په‌یمانگەی ته‌كنیكی سلێمانی کۆبوەوە.
له‌و سه‌ردانه‌یه‌دا، وه‌زیری خوێندنی باڵا سه‌رجه‌م به‌ش و تاقیگه‌كانی په‌یمانگەی ته‌كنیكی سلێمانی به‌سه‌ركرده‌وه و، ده‌ستخۆشی لێ‌كردن كه توانیویانه له‌ماوه‌ی ڕابردودا كاره‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی باش جێبه‌جێبكه‌ن، وتیشی: په‌یمانگەی ته‌كنیكی سلێمانی له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا توانیویەتی خزمه‌تێكی باش به‌ڕه‌وتی زانست له وڵاته‌كه‌ماندا بكات و، چه‌ندین كادیری ڕاهێنراو و پیشه‌یی ئاماده بكات و پێشكه‌ش به بازاڕی كاری هەرێمەکەمان بكات.