نوفمبر 2016

لە وۆرکشۆپێکدا دۆخى گۆڤارە زانستیەکان تاوتوێ کراو نەخشەڕێگەى کارى داهاتویان دیاریکرا

workshop

هەفتەى داهاتو ڕاگەیاندن بۆ بەدەستهێنانى گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى دەکرێ

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە هەفتەى داهاتوە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یەکەم بانگهێشت بۆ پێشکەشکردنى پرۆپۆزەڵ بەمەبەستى بەدەستهێنانى گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى ڕادەگەێنین، ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکی لە وۆکشۆپى تایبەت بەگۆڤارى زانستى هات.

پێداچونەوە بەگۆڤارە زانستیەکان دەکرێ

لەو وۆرکشۆپەدا، کە ئەمڕۆ یەک شەممە، ڕێکەوتى (٢٠/٨/٢٠١٧) بەئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و،  ڕاوێژکاران و، سەرۆک سەرجەم زانکۆ حکومیەکان و، سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکیەکان و، سەرۆکى دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیجی و توێژینەوەى زانستى و، بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت و، یاریدەدەرى سەرۆک زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و، سکرتێرى نووسینى گۆڤارە زانستیەکانتان بەڕێوەچو گفتوگۆ لەبارەى گۆڤارە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان کرا.

ئەو وۆرکشۆپە، کە لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی  بەناونیشانى ((دۆخى گۆڤاری زانستی لە كوردستان – بەرزكردنەوەی ئاست و خۆگونجاندن لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەكان)) لە هۆڵی كۆنگرێس كەمپی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچو، لە مەراسیمى کردنەوەیەدا چەند وتەیەک پێشکەشکرا.

لە سەرەتادا ئامادەبوان خولەكێک بێدەنگیان بۆ گیانی پاكی شەهیدان نواند، پاشان وتارى بەخێرهاتن لەلایەن د.ڕەزا حەسەن سەرۆکى سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پێشکەشکرا، لەوتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان بەگرنگیەوە باسى لە ڕۆڵى گۆڤارە زانستیەکان کرد و، هیواى خواست ئەم وۆرشۆپە ببێتە هەنگاوێکى گرنگ بۆ دانانى نەخشە ڕێى کارى داهاتوى گۆڤارە زانستیەکان.

گۆڤارە زانستیەکان ئاوینەى واقیعى بەشداریکردنى توێژەرانە لە بەرهەمهێنانى مەعریفە

پاشان د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد و، لە وتارەکەیدا چەندین بابەتى گرنگى پەیوەست بە گۆڤارە زانستیەکان و دۆخى توێژینەوەى زانستى لە کوردستان خستەڕو، لەو چوارچێوەیەدا و لە سەرەتایى وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى زانکۆى سلێمانى کرد بۆ میوانداریکردنى وۆرکشۆپەکە، هەروەک سوپاسى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدانى لە دیوانى وەزارەت کرد بۆ ڕێکخستن و داڕشتنى پلان و ئەجنداى وۆرکشۆپەکە.

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئەمڕۆ گفتوگۆ لەبارەى گۆڤارە زانستیەکانى زانکۆکانمان دەکەین، کە لە ڕێگەیانەوە بەرهەمى توێژینەوەى زانستى مامۆستایان و تویژەران و خوێندکارانى خوێندنى باڵا بڵاودەکەنەوە و، لەگەڵ کۆمەڵگەى ئەکادیمى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى هاوبەش دەکرێن، واتا گۆڤارەکانمان ئاوینەى واقیعى بەشداریکردنمانە لە بەرهەمهێنانى مەعریفە و دیاریکردنى پێگەى زاانکۆکانمانە لە داهێنانى زانستى و گەیشتن بە وەڵامى پرسیارە زانستیەکان، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران وتى: جێیى خۆیەتى لەم وۆرکشۆپەداا بەوردى و بێ دودڵى هەڵوەستەیەک بکەین و، بەتێڕوانینێکى زانستى و ڕەخنەیى پۆزەتیڤەوە هەڵسەنگاندنێکى ئۆبجێکتیڤ بۆ دۆخى ئێستاى گۆڤارە زانستیەکانمان بکەین.

گۆڤارى زانستیەکان بەژمارە

هەر لە وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران بەداتا و ژمارە باسى لە گۆڤارە زانستیەکانى کوردستان کرد و لەو بارەیەوە وتى: لە ئێستادا بەگشتى (٤٤) گۆڤارى زانستى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەردەکرێن، لەو ژمارەیەشدا (٣٣) گۆڤاریان لە زانکۆ حکومیەکان و (١٠) گۆڤاریشیان لە زانکۆ تایبەتەکان دەردەکرێن، هەروەک یەک گۆڤاریش لە دەرەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و لەلایەن ئەکادیمیاى کوردییەوە دەردەکرێت، ڕونیشیکردەوە لەو گۆڤارانەدا (١١)یان تایبەتن بە بوارە زانستە پەتى و سروشتى و کردارەکییەکان و(١٥)یان تایبەتن بە بوارەکانى زانستە مرۆڤایەتیەکان و (١١)ى دیکەیان گۆڤارى گشتین، هەروەک (٧) گۆڤارى دیکەشیان تایبەتن بە بوارە پزیشکیەکان.

لە ئێستادا چەندین پرسیار لەبارەى گۆڤارە زانستیەکان دەکرێن

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ خستنەڕوى چەند پرسیارێک و لەو بارەوە پرسى:

  • ئایا گۆڤارەکانى زانکۆکانمان بەشێوەیەکى زانستى و ستاندارد و بەشێوەى ئنلاین دەخرێنە بەردەم کۆمەڵگەى ئەکادیمى ناوخۆى و نێودەوڵەتى؟
  • ئایا گۆفارەکانمان بەشێوازێکى زانستى و بەپێى پرانسیپەکانى (Open Access Journal) لە نێو داتابەیسە جیهانیەکاندا ئیندیکس کراون؟
  • ئایا هیچ کام لە گۆڤارەکانمان کاریگەرى نێودەوڵەتیان هەیە، یان هیچ کام لەم گۆڤارەکانمان فاکتەرى کاریگەرى هەیە؟
  • ئایا ئاستى (سایتەیشن)ى گۆڤارەکانمان لە چ دۆخێکدایە، تا چەەند بەرهەمەکانى توێژینەوە زانستیەکانمان لەلایەن تویژەرانى ناوخۆیى و نێودەوڵەتیەوە بەکاردەهێنرێن، ئەگەر بەکاردەهێنرێن ئایا پێوەرەکان چین بۆ بینینى کاریگەرى ئەو توێژینەوە بڵاوکراوانە؟
  • تا چەند پرۆسەى پێداچونەوەى هاوەڵان (peer review) بەشێوازێکى زانستى و ئۆبجێکتیڤ لە پرۆسەى بڵاوکردنەوەى توێژینەوەکان لە زانکۆکانى ئێمە پەیڕەو دەکرێت؟
  • ئایا گۆڤارەکانمان و پرۆسەى بڵاوکردنەوە لەسەر شاڕێى زانستى و ئیتیک و پرانسیپ لایان نەداوە، هۆکارێک نین تەنها بۆ مەبەستى بەرزکردنەوەى پلەى زانستى؟
  • ئایا لە واقیعدا هەمو زانکۆیەک پێوییستى بەدەرکردنى گۆڤارێک هەیە، یان بەمانایەکى دیکە دەرکردنى گۆڤارى زانستى وەزیفەى زانکۆکانە؟

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئەمانە و پرسیارى دیکەش کە دەبێت بەوپەڕى بەئاگاییەوە لەلایەن کۆمەڵگەی ئەکادیمى هەرێمى کوردستانەوە وەڵام بدرێنەوە، وتیشى ئێمەش خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین بۆ هاوکاریکردنى هەمو زانکۆکان و هەمو توێژەران بۆ ئەوەى بتوانن پێکەوە چارەسەرى ئەو گرفتانە بکەین، کە لە ئێستادا لە بەردەمى گۆڤارەکان و بابەتى بڵاوکردنەوەى توێژینەوە زانستیەکاندان.

بابەتى سایتشن و کارایى توێژەر و توێژینەوە زانستیەکان لە ئێستادا زیاتر کارى لەسەر دەکرێت

د.یوسف گۆران بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ کاروچالاکیەکانى وەزارەتەکەى لە بوارى توێژینەوەى زانستى و لەو بارەیەوە ڕونکردنەوەى زیاترى داو وتى: ئێمە لەماوەى سێ ساڵى ڕابردودا تەرکیزى تەواومان لەسەر توێژینەوەى زانستى و بڵاوکردنەوە و هاوبەشیکردنى بەرهەمەکانى توێژینەوەى زانستى هەبوە، ڕاشیگەیاند: کە گەشەپێدانى توێژینەوەى زانستى خاڵى سەرەکى و لە پیشینەى وەزارەتەکەمان و کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، ئەو ڕاستیەش لە پرۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانى و ئەجێنداى ڕیفۆرمى وەزارەتەکەمان بەتەواوەتى ڕەنگى داوەتەوە، زیاتر لەو بارەیەوە ڕونکردنەوەى داو وتى: ئێمە لە رێگەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانەوە توانیمان گرنگى تەواو بەتوێژینەوەى زانستى بدەین و بیکەینە خاڵى سەرەکى گەشەکردنى خوێندنى باڵا لە هەرێمەکەمان، کولتورى گرنگى بڵاوکردنەوەى نێودەوڵەتى و گەیاندنى توێژینەوە زانستیەکانمان بەگۆڤارە ئاستبەرزەکان و، خاوەن فاکتەرە کاریگەرییەکان بەهۆى ڕیزبەندى نیشتیمانیەوە زیاتر لەناو سیستمى خوێندنى باڵا-ى هەررێمەکەمان چەسپى، بابەتى سایتشن و کارایى توێژەر و توێژینەوە زانستیەکان لە ئێستادا زیاتر لە هەمو کاتێک کارى لەسەر دەکرێت.

توێژینەوەکان بۆ گەشەپێدانى هەمەلایەنەى هەرێمى کوردستان بەکاردەهێنرێن

هەر لەو چوارچێوەیەدا، د.یوسف گۆران ئاماژەى بەگرنگى ئەنجومەنى توێژینەوەى  زانستى کرد و ڕایگەیاند: توانیمان دامەزراندنى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى بکەینە هەنگاوێکى گرنگ بۆ چاودێریکردن و پەیداکردنى فەند و گرانتى تایبەت بەتوێژینەوە، وتیشى ئەم ئەنجومەنە دەبێتە بەرپرس لە دارشتنى ستراتیژى گەشەپێدانى توێژینەوە و هاندان و کاراکردنى چالاکى توێژینەوەى زانستى لە بوارى پسپۆرى جیا لەبەر ڕۆشنایى پێداویستیە زانستى، تەکنەلۆژى، ئابورى، سیاسى و کۆمەڵایەتیەکانى هەرێمى کوردستان، وتیشى هەوڵ دەدەین بۆ بەکارهێنانى بەرهەمەکانى توێژینەوەى زانستى زانکۆکانمان بۆ مەبەستى گەشەپێدانى هەمەلایەنەى هەرێمى کوردستان، ئەوەشى ڕاگەیاند: کە لە هەفتەى داهاتوەوە یەکەم بانگهێشت بۆ پێشکەشکردنى پرۆپۆزەڵ بەمەبەستى بەدەستهێنانى گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى ڕادەگەێنین، کە بڕى (٢٥٠) میلۆن دینار وەک گرانتى یەکەم تەرخانکراوە و، لە چوارچێوەى پێشبڕکێییەکى زانستى شەفافدا دەدرێتە پرۆپۆزەلى ئەو تویژینەوانەى کە خزمەتى چارەسەرکردنى پرسەکانى ههەرێمى کوردستان دەکەن، د.یوسف گۆران توێژەرانى هەرێمى کوردستانى دڵنیاکردەوە کە لەسەرەتاى خوێندنى ئەمساڵەوە هەمو مامۆستایان ئەکسێسیان دەبێت بۆ داتابەیسى جیهانى (EBSCO) بۆ مەبەستى گەیشتن بە کتێب و گۆڤار و سەرچاوە زانستیە ئاستبەرزەکانى دونیا و، وەزارەتەکەشمان گرێبەستى لەگەڵ ئەو دامەزراوەیەدا کردوە و ئەرکە داراییەکانیشى لە ئەستۆ دەگرێت.

کەرتى ئابورى کوردستان پێویستى بەڕێنوێنى توێژەرەکانە

هەر لەو وتارەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: دەبێت هەمیشە ئەو ڕاستیەمان لەپێش چاو بێ کە توێژینەوەى زانستى سەرچاوەى گەشەپێدانى هەمەلایەنەى وڵاتەکەمانە، گەشەکردنى ئابورى، سیاسى و کۆمەڵایەتى وڵاتەکەمان ددەبێت پشت بەتوێژینەوەى زانستى ببەستێت، بۆیە ئێستا لە هەمو کات زیاتر کەرتى ئابورى پێویستى بەڕێنوێنى توێژەرەکانمانە، زانکۆکان و توێژەرەکانمان دەبێت هاوکار بن لە دارشتنى نەخشە ڕیگەى هەمەچەشنەکردنى ئابورى وڵاتەکەمان، وتیشى کەرتى خوێندن و پەروەردەکردن و ئامادەکردنى نەوەى نوێ لە ئاستى سەرەتایى، ئامادەیى و زانکۆ پێویستى بەتوێژینەوە و هەڵوەستە لەسەرکردن و ڕیفۆرمە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا بانگهێشتى توێژەران دەکات بۆ پێکهێنانى دو گروپ

د.یوسف گۆران لە وتارەکەیدا بانگهێشتى هەمو توێژەرانى کوردستانى کرد بۆ بەشداریکردن لە پێکهێنانى دو گروپى کارکردن (Interest Group)، کە یەکەمیان تایبەت دەبێت بەتوێژینەوە دەربارەى گەشەپێدانى ئابورى، هەروەک دوەمیشیان تایبەت دەبێت بەتوێژینەوە دەربارەى ڕیفۆرمى پەروەردە و خوێندن لە هەرێمەکەمان، ڕاشیگەیاند: کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پشتیوانى دارایى ئەو دو گروپە دەستەبەر دەکات بۆ ئەوەى تەرکیزى توێژینەوەکانیان بەئاراستەى ڕیفۆرمى پەروەردەیى و ئابورى هەرێمى کوردستان و، بونیادنانى تاکى کوردستانى لە ڕوى هزرى و کۆمەلایەتیەوە بێ.

 

سەرکەوتنى زانکۆکان سەرکەوتنى کۆمەڵگەیە

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕو لە ئامادەبوانى وۆرکشۆپەکەدا وتى: ئەمرۆ ئەرکى خوێندن و خوێندنى باڵا هەمەلایەنە و فرە چەشنە، ئەگەر پشت بە دەستى کارەکانمان ببەستین و بۆ کۆمەڵگە دەستى کار ئامادە بکەین، دەبێ پشت بە توێژینەوەى زانستى ببەستین، چونکە کۆمەڵگەى ئابورى میللەتان گەورە و فراوانتر بوە، هەربۆیە لە ئێستادا ناتوانین باسى گەلێکى زیندو بکەین بێ هەبونى زانکۆیەکى زیندو و ئاستەبەرز، وتیشى زانکۆکان چونکە ئەرکیان ئامادەکردنى نەوەکانى داهاتوە بۆ بەڕێوەبردنى وڵات، سەرکەوتنیان لەو ئەرکەدا زامنى ئانیدەى گەنجان و میللەتەکەمانە، بەپێچەوانەوە شکستهێنانیان، شکستهێنانە لە دابینکردنى ئایندەیەکى ڕۆشن بۆ گەلەکەمان، وتیشى لێردا دەبێ جەخت لەسەر ئەوەش بکەینەوە کە لە وڵاتان شانبەشانى زانکۆى حکومى و زانکۆى تایبەت جۆرێکى دیکەى زانکۆ هەیە، کە پێى دەوترێت (زانکۆى قازانج نەویست) بۆیە دەبێ توێژینەوە لەبارەى دۆخى زانکۆکان بکەین و، پاشان چۆن بتوانین زانکۆ و حکومى و تایبەتەکان پێکەوە کارى هاوبەش بکەن.

لە کۆتای وتارەکەشیدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى سەرکەوتنى بۆ تەواوى کارنامەى وۆرکشۆپەکە و ئامانجەکانى خواست و، وتیشى بەشدارى لە تەواوى دانیشتن و گفتوگۆکان دەکەم بۆ ئەوەى هەموان پێکەوە بتوانین وەڵامى هەمو پرسیارەکانى تایبەت بەگۆڤارە و بڵاوکراوە زانستیەکان بدەینەوە و، نەخشەڕێگەیەکى زانستى و واقعى بۆ داهاتوى گۆڤارى زانستى لە زانکۆکان دابنێین.

لایەنەکانى دیکەى وۆرکشۆپ

لە بەشێکى دیکەى وۆرشۆپەکەدا (پ.د.كریم صالح) سەرۆكی لێژنەی هەمیشەیی دەركردنی گۆڤاری زانستی لە وەزارەت وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا باسى لە وردەکارییەکانى چۆنیتى دەرکردنى گۆڤارى زانستى و ڕێکخستنەوەیان کرا، هیواشى خواست ئەم وۆرکشۆپە تەکانێکى دیکە بداتە پێشخستنى زیاترى کواڵیتى زانکۆکان و، ناساندنیان بەدنیاى دەرەوە.

ڕوەو گۆڤاری زانستی ئاست بەرز

دوا بەدواى پێشکەشکردنى وتارەکان و لە دانیشتى یەکەمدا سێ پریزێنتەیشن پێشکەشکرا، لە  پریزێنتەیشن  یەکەمدا کە تایبەت بو بە(فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان) لە دیوانى وەزارەت بە ناونیشانی (داتا و زانیاری لەسەر گۆڤارە زانستیەكانی كوردستان) لە لایەن (م.سەرتیپ خالص- بریاردەری لیژنەی گۆڤاری زانستی) پیشکەشکرا، لە پریزێنتەیشنەکەیدا وردەکارى گۆڤارەکان و جۆرى گۆڤارەکان لە زانکۆکان پێشکەشکرد، هەروەک پریزێنتەیشنى دوەم بە ناونیشانی (ڕوەو گۆڤاری زانستی ئاست بەرز –Towards high quality journal) لەلایەن (پ.ی.د.خالد محمد عمر- مامۆستا لە كۆلێژی زانست / زانكۆی سلێمانی)    پێشکەشکرا، لەو پریزێنتەیشنەشدا باسى لە هەنگاوەکانى چۆنیەتى دەرکردنى گۆڤارى ئاستى بەرز کرا، دواتریش د.بڕیار ئەحمەد حەسەن لە دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیژى و توێژینەوەى زانستى توێژینەوەیەکى پێشکەشکرد.

چۆنیەتی خۆگونجاندن لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەكان

لە دانیشتنی دوەمدا، گفتوگۆ لەبارەى  رێنمایی ژمارە (3)ی ساڵی (2015)ی تایبەت بە دەركردنی گۆڤاری زانستی لە زانكۆكان کرا، هەروەک باسى چۆنیەتی خۆگونجاندن لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەكان و دروستكردنی بیبلۆگرافیای ساڵانەی گۆڤاری زانستی کرا.

پێشنیاز و راسپاردەکان

لە کۆتایشدا، بەشداربوانى وۆرکشۆپە دیدو بۆچونەکانیان لەو بارەیەوە خستەڕو، هەروەک بەخستنەڕو و گەڵاڵەکردنى کۆمەڵێک پێشنیاز و راسپاردە نەخشەڕێگەى کارى داهاتوى گۆڤارى زانستى زانکۆکان داڕێژرا، بۆ ئەوەش پێشنیاز کرا دەزگایەکى ئەکادیمى بەهێز و پێشکەوتو دابمەزرێ بۆ هەڵسەنگاندنى گۆڤارە زانستیەکان لە دەرەوەو ناوەوەى وڵات، هەروەها پێشنیاز کرا بەدواداچونى بەردەوام بۆ گۆڤارە زانستیەکان بکرێ، لەهەمان کاتدا پێشنیازى دروستکردنى گۆڤارى پیسپۆڕ لە بوارە زانستیە جیاوازەکان کرا، هەروەک جەخت لە زیاتر مەرجدارکردنى گۆڤارە زانستیەکان کرایەوە، پێشنیازێشکرا ئاسۆیەکى فراوان لە دەرەوەى وەزارەت بۆ بابەتى گۆڤارى زانستى بڕخسێندرێ، هەروەها چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردەى دیکەش خرایەڕو، بەوەش کۆتای بە وۆرکشۆپەکە هات.