د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى شانبەشانى بوارەکانى دیکە، بایەخى تایبەتیش بە بوارى ئارکۆلۆژى دەدەین, چونکە لە ڕابردودا دوژمنانى گەلەکەمان هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ سڕینەوەو لە ناوبردنى مێژو و کەلەپورو کەلتورى گەل و نیشتیمانەکەمان.
ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو تویژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکیدا هات لەگەڵ وەفدێکى زانکۆى (Eotvos Lorand) ى هەنگارى, کە مێژوى دامەزراندنى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى (١٦٣٥).
لەو دیدارەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە, ڕێکەوتى (٢٨/١٠/٢٠١٥) لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچوو, پێکهاتبون لە ( د. دەژۆ تۆماش) یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆکەو (د.شۆرفژ گابوور)، لەسەرەتادا وەفدى میوان ئامانجى سەردانەکەیان ئاشکرا کرد و وتیان: لە بوارى شوێنەواریدا کە خاوەن ئەزمونێکى دەوڵەمەندین, پڕۆژەمان لەو بوارەدا هەیەو دەمانەوێ لە کوردستان جێبەجێیان بکەین.
لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران دواى بەخێرهێنانیان کورتەیەکى لە بارەى ئەو وێرانکارییە پێشکەش بە وەفدى میوان کرد کە لە ڕابردودا دوژمنانى گەلەکەمان بەسەر تێکڕایى بوارەکانى ژیان و لەناویان بوارى ئارکۆلۆژیدا هێناویانە، وتیشى لە کوردستان ئێمە شوێنەوارى زۆرمان هەیە, بەڵام تا ئێستا ڕوپێوى سەرتاسەریان بۆ نەکراوە، بۆیە ئەخوازین لە بوارى زانستیدا ڕوپێویەکى فراوان بۆ شوێنەوارەکانمان بکرێت، چونکە لە کوردستان شوێنەوارێکى زۆر هەیە کە تا ئێستا کنەو پشکنینیان بۆ نەکراوە، لەو چوارچێوەیەشدا نمونەى بەچەند شوێنەوارێک هێنایەوە بەتایبەت لە ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: گرنگى دانانى نەخەشەیەکى وردى شوێنەوارى بۆ کوردستان لەوەدایە, کە دەتوانین بەشێوەیەکى زانستى لەلایەن شوێنەوارناسان لە زانکۆکانى کوردستان کنەو پشکنینیان بۆ بکرێت و, دواتریش بەدنیاى بناسێنین کە ئێمە خاوەنى چ مێژوییەکى دروشاوین، ئەو کارەشى بەئەرکیکى مێژوى نەتەوەیى و مرۆیى لە قەڵەمدا، لەهەمان کاتدا داواى لە وەفدى میوان کرد هاریکارى بەشەکانى شوێنەوار لە زانکۆکانى (سلێمانى, سەڵاحەددین) بکەن بەتایبەت لە بوارى ڕاهێنان و دابینکردنى زەمالە, هەروەک ئامادەیى وەزارەتیشى پیشاندا بۆ هەر جۆرە هاریکارى و هەماهەنگیەک بۆ سەرخستنى ئەو کارە.
لە کۆتایى وتەکەشیدا دواى نرخانى هەوڵەکانیان، داواى لێکردن پڕۆژپۆزەڵێک ئامادە بکەن بۆ دەستنیشانکردنى شوینى شەڕى مێژوى (گەر گەمێلا) کە لە نێوان (ئەسکەندەرى مەکەدۆنى و دارویشى سێیەم) لە کوردستان ڕویداوە, وتیشى دەستنیشانکردنى ئەو شوێنە گرنگى خۆى بۆ گەلى کورد هەیە.
لە بەرامبەردا وەفدى میوان خۆشحاڵى خۆیان دەربڕى کە هەرێمى کوردستان بەو شێوازە زانستیە پێشکەوتنى بەخۆیەوە بینیوە، هەروەک رۆڵى (د.یوسف گۆران)یان بەرز نرخان لەو بایەخدانە تایبەتەى کە بە بوارى ئارکۆلۆژى دەدات، ڕونیشیان کردەوە کە پەیوەندى بەردەوامیان لەگەڵ بەشەکانى شوێنەوار لە زانکۆکانى (سلێمانى و سەڵاحەددین) و، هەردوو مۆزەخانەى (هەولێر و سلێمانی)دا هەیە، ئەوەشیان ڕاگەیاند: کە هەموو هەوڵێکى خۆیان دەدەن بۆ ئەوەى شوێنەوارەکانى کوردستان بپارێزن و پڕۆژەى گرنگ جێبەجێ بکەن، لەو بوارەشدا ئامادەى خۆیان نیشاندا بۆ ڕاهێنانى پسپۆڕانى بوارى شوێنەوار، لەهەمان کاتدا ئامادەیى ئەوەشیان پیشاندا کە پڕۆژپۆزەڵێک ئامادە بکەن بۆ دۆزینەوەو دەستنیشانکردنى شوێنى شەڕى مێژوى (گەر گەمێلا) ، کە لە نێوان ئەسکەندەرى مەکەدۆنى و دارویشى سێیەم ڕویداوە.