نوفمبر 2016

د. یوسف گۆران بانگهێشتی كۆنگرەی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی كرا

newsitem-1911-25.01.2015-ku.jpg

د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانەی دیدارێكیدا لەگەڵ (د.سلطان ابو عرابی) ئەمینداری گشتی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی باس لە چۆنێیەتی پتەوكردنی پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمیەكانی نێوان هەردوو لا كرا.


لەو دیدارەدا كە ئەمڕۆ یەك شەممە، ڕێكەوتی (25/1/2015) لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەئامادەبونی د. ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین و نوێنەری زانكۆكانی عێراق لەو یەكێتیە بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و بەتایبەت پڕۆسەی (دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین) لەگەڵ یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی بەگشتی و زانكۆكانی ئوردون بەتایبەتی كرا.
   لەو چوارچێوەیەشدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە وەفدی میوانی ڕاگەیاند: كە دامەزراوەیەكی تایبەت بە بواری دڵنیایی جۆری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا خواستی وەزارەتەكەی بۆ سود وەرگرتن لە ئەزمونی ئوردون لەو بوارە پیشاندا، بەو پێیەیی كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گرنگی زیاتر بەو بوارە دەدات.

هەر لە قسەكانیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لە بایەخی پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ زانكۆ ئوردونیەكان و عەرەبیەكان كردەوە، ئاماژەی بەوەشدا كە فراوانكردنی بازنەی پەیوەندییە هاوبەشەكان گرنگ و پێویستە بۆ هەردولا.

 لە بەرامبەردا ئەمینداری گشتی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی خۆشحاڵی خۆی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمیەكان دوپات كردەوە، هەروەك سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد بۆ هاریكاریكردنی خوێندكارانی زانكۆكانی عێراق بەتایبەت زانكۆكانی (موصل، تكریت، كەركوك...)، كە بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی لە ناوچەكانیان ڕویان لە هەرێمی كوردستان كردوە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا (د.سلطان ابو عرابی) بەرەسمی بانگهێشتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد بۆ ئامادەبون لە یەكێك لە گرنگترین كۆنگرە نێودەوڵەتیەكان، كە لەلایەن یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی لە مانگی ئازاری داهاتو لە بەیروتی پایتەختی لبنان بەڕێوەدەچێت، لەهەمان كاتدا بانگێهشتی ڕەسمی كرد بۆ سەردانیكردن بۆ زانكۆكانی ئوردون.

یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی لە ساڵی (2013) بەئامادەبونی سەرۆكی (200) زانكۆی عەرەبی كۆنگرەی ساڵانەی خۆی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدا و، لەلایەن پسپۆِران و بەشداربوانی كۆبونەوەكە گفتوگۆ لەبارەی دۆخی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و چۆنێتیەتی پێشخستنی لە زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی كرا.