نوفمبر 2016

كاره‌كانی(100) ڕۆژه‌ی ده‌ست به‌كاروبونی وەزیری خوێندنی باڵا

newsitem-1825-15.10.2014-ku.jpg

د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كاروپلانه‌كانی له‌ ماوه‌ی (100)ی ڕۆژه‌ی ده‌ست به‌كاروبونی بۆ ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی ڕاگه‌یاندن ئاشكرا كرد.

له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌یه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌, ڕێكه‌وتی (15/10/2014) له‌ هۆڵی ڤیدیۆ كۆنفرانسی دیوانی وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه‌چوو, د.یوسف گۆران له‌سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌دۆخی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردو ڕایگه‌یاند: كابینه‌ی هه‌شته‌م له‌ دۆخێكدا دروست بوو كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تێرۆستان و قه‌یرانی دارایی ڕوبه‌ڕوی هه‌رێمی كوردستان بو بوه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و دۆخه‌ تایبه‌ته‌ كاریگه‌ری كرده‌ سه‌ر پلان و پڕۆژه‌كانی حكومه‌ت, به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌ت توانیویه‌تی ئیداره‌ی قه‌یرانه‌ ئابوری و سه‌ربازییه‌كان بدات.

    وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كردن به‌و دۆخه‌ تایبه‌ته‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: كه‌ له‌ماوه‌ی (100) ڕۆژه‌ی ده‌ست به‌كاربونی له‌ وه‌زاره‌ت توانیویه‌تی كۆمه‌ڵێك كاری گرنگه‌ بكات, له‌وانه‌: گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕه‌شنوسی پڕۆژه‌ یاسای خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ وه‌زاره‌ت, وتیشی ئامانج له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌ی یاسایه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا بتوانین به‌دیدێكی نوێ‌ و گونجاو له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌كانی گه‌شه‌پێدانی خوێندنی باڵا سه‌رله‌نوێ‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ دابڕێژینه‌وه‌, ڕاشیگه‌یاند: پڕۆژه‌ی یاسا نوێیه‌كه‌ ده‌بێت زامنی ده‌سته‌به‌ری ئازادی ئه‌كادیمی و زانستیی و كارگێڕی دارایی زانكۆكان بكات و زه‌مینه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی و به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالیتی خوێندن و داهێنان بڕخسێنێت, بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران ووتی: له‌ ئێستا هه‌نگاوه‌كانی پێداوچونه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی یاسای خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیمان ده‌ستپێكردوه‌, ئه‌وه‌ش به‌سود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونی پسپۆڕو شاره‌زایانی ناوخۆی و ده‌ره‌كی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ووتی: پڕۆژه‌ی ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی بۆ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ كاره‌كانمان, مه‌به‌ستیش له‌و پڕۆژه‌یه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستیانه‌ی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی پێوه‌ره‌ زانستی و ئه‌كادیمییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان, د.یوسف گۆران ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتری له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌دا ووتی: له‌م پڕۆسه‌یه‌دا پێشبڕكێ‌ له‌ نێوان زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ڕێك ده‌خرێت و ساڵانه‌ زانكۆ و حكومی و تایبه‌تیه‌كان هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌كرێ‌ ئه‌وه‌ش به‌پێیی پێوره‌ زانستیه‌كان ڕیزبه‌ند ده‌كرێن, پڕۆسه‌كه‌ هانی پێشبڕكێ‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالیتی ده‌دات له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی.
وه‌زیری خوێندنی باڵا ئاشكراشی كرد پڕۆژه‌كه‌ چه‌ندین ته‌وه‌ر له‌ خۆده‌گرێت، له‌ ئێستادا ده‌ستی پێكردوه‌و، پێوه‌ره‌ زانستیه‌كان دیاریكراوه‌و له‌ قۆناغی دروستكردنی سیستمێكی ئه‌لكترۆنی پێشكه‌وتووین تا به‌پێیی ستانداردی جیهانی پڕۆسه‌ی پێشبركێ‌ و ڕیزبه‌ندی ڕێكبخرێت. 

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ كاره‌كانی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ماوه‌ی (100) ڕۆژه‌ی ده‌ستبه‌كاربونی وه‌ك له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌یه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێدا بریتیه‌ له‌ دامه‌زراندنی لێژنه‌ی باڵای توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌رێمی كوردستان, بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران باسی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی كردو ووتی: كار ده‌كات بۆ هاندان و گه‌شه‌پێدان و كاراكردنی چالاكی توێژینه‌وه‌ی زانستیی له‌ بواری پسپۆڕی جیادا, ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ڕۆشنایی پێداویستیه‌ زانستی و ته‌كنه‌لۆژی و ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان, هه‌روه‌ك هه‌وڵ ده‌دات بۆ به‌كارهێنانی به‌رهه‌مه‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستیی بۆ گه‌شه‌پێدانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌رێمی كوردستان, ڕاشگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌رپرس ده‌بێت له‌ داڕشتنی ستراتیژی گشتی توێژینه‌وه‌ی زانستی و ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئاستی نیشتیمانی پێویستیان به‌توێژینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی هه‌یه‌، هه‌روه‌ك ئاڕاسته‌كردن و پشتیوانیكردنی چالاكی توێژینه‌وه‌ی زانستیی له‌ ڕێگه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی گرانتی ساڵانه‌ و به‌خشینی به‌پڕۆپۆزه‌ڵی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ كه‌ ئاستی زانستیان به‌رزه‌ و له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمانی هه‌رێمی كوردستانن، به‌وه‌ش ده‌توانین پێگه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی وه‌ك به‌شێكی گرنگی وه‌زاره‌ت بۆ له‌مه‌ودا به‌هێز بكه‌ینه‌وه‌.

د.یوسف گۆران ڕاگه‌یاند: دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رێتی زانست و ته‌كنه‌لۆژیا له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت یه‌كێكی دیكه‌ بوه‌ له‌ كاره‌كانمان له‌ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربونمان, ڕونیشیكرده‌وه‌ ئامانج له‌ دامه‌زراندنی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ بریتیه‌ له‌ هاندان و چاودێریكردن و كاراكردنی پڕۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی زانست و ته‌كنه‌لۆژیا له‌ هه‌رێمی كوردستان, هه‌روه‌ك داڕشتنی یاساو ڕێنمایی تایبه‌ته‌ به‌داهێنانی ڕه‌سه‌ن و ڕێزلێنان له‌ داهێنه‌ران و به‌هره‌مه‌ندانی كوردستان, چونكه‌ له‌ ڕابردودا هیچ شوێنێك نه‌بوه‌ بۆ هاندان و تۆماركردنی داهێنانی داهێنه‌ران له‌ كوردستان.

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌یه‌كه‌ی ته‌رخان كرد بۆ كاره‌كانیان له‌ بواری پێداچونه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان به‌پڕۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن، بۆ ئه‌وه‌ش ڕایگه‌یاند: له‌ ڕێگه‌ی پڕۆژه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و پێداچونه‌وه‌ به‌ ناوه‌ڕۆكی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندنی باڵادا كاره‌كانمان ده‌ست پێكردوه‌, له‌وه‌شدا ڕه‌چاوی ستاندارده‌ نێوده‌وله‌َتییه‌كان و پێداویستیه‌كانی بازاری كاری ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین و ئاوێته‌ی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ مه‌شق و ڕاهێنانی پراكتیكی به‌پێیی پێداویستیه‌كانی بازاری كار، ئه‌وه‌شی ڕونكردنه‌وه‌ له‌م پێداچونه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات شۆڕ ده‌كرێته‌وه‌ بۆ زانكۆ و كۆلێژه‌كان تا خۆیان گۆڕانكارییه‌كان بكه‌ن، ئاشكراشی كرد كه‌ له‌ ئێستادا لێژنه‌یه‌كی تایبه‌ت پێكهاتوه‌ بۆ كاركردن له‌سه‌ر پێداچونه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان به‌ پڕۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ كۆلێژه‌كانی یاسا و لێژنه‌كه‌ش كاره‌كانی خۆی ده‌ست پێكردوه‌.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌یه‌دا د.یوسف گۆران ڕاگه‌یاند كه‌ پاراستنی كوالیتی خوێندن و فێركردن له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكی دیكه‌ بوه‌ له‌ كاره‌كانمان، وتیشی له‌ ئامانج له‌م  پڕۆژه‌یه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و پێداچونه‌وه‌و كاراكردن و چاكسازییه‌ له‌ سیسته‌می دڵنیایی جۆری له‌ زانكۆكان، هه‌روه‌ك هه‌وڵ ده‌ده‌ین پڕۆسه‌ی متمانه‌ به‌خشین له‌ كه‌لتوری زانستیی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان بچه‌سپێنین.

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌شی ڕونكرده‌وه‌ كه‌ بایه‌خێكی ئیجگار زۆر به‌زمانی ده‌سته‌به‌ركردنی مه‌عریفه‌ ده‌ده‌ن له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ خاڵی پێشكه‌وتنی زانكۆكان بریتیه‌ له‌ فێربونی زمانی دووه‌م، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌وڵی زۆرمانداوه‌ له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ره‌كانی زمان گفتوگۆمان كردوه‌و گه‌یشتوینه‌ته‌ ڕێكه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی زمانی ئینگلیزی بكه‌ینه‌ زمانی ده‌سته‌به‌ركردنی مه‌عریفه‌، ئه‌وه‌ش سودی ده‌بێت بۆ پێشكه‌وتنی ئاستی خوێندن و په‌ره‌پێدانی توێژینه‌وه‌ له‌ زانكۆكانی كوردستان. د.یوسف گۆران ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی نه‌خشه‌ ڕێگه‌یه‌كدا كۆده‌كه‌نه‌وه‌و له‌ بڵاوكرداوه‌یه‌كدا به‌سه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌بڕیاره‌ گرنگه‌كانیشی كه‌ له‌ ماوه‌ی (100) ڕۆژه‌ی ده‌ست به‌كاربونی داویه‌تی، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: له‌م ماوه‌یه‌دا بڕیارماندا به‌كردنه‌وه‌ی ئۆفیسی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ شاری كه‌ركوك، مه‌به‌ستیش له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و ئۆفیسه‌ بریتیه‌ له‌ كارئاسانی بۆ خوێندكارانی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌ نزیكه‌وه‌ هاریكاری و ڕێنوێنیان بكه‌ین، به‌وه‌ش ده‌توانین باشترو له‌ نزیكه‌وه‌ كێشه‌ی خوێندكارانی ئه‌و سنوره‌ چارسه‌ر بكه‌ین.

هه‌ر بۆ هاندان و پشتیوانیكردن له‌ خوێندكارانی كه‌ركوك بۆ خوێندنی ماسته‌ر، وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: ئه‌مساڵ توانیمان (115) كورسی خوێندنی ماسته‌ر له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێشكه‌شكارانی شاری كه‌ركوك دابین بكه‌ین، له‌ قۆناغی دوه‌میشدا له‌ هه‌وڵداین ژماره‌یه‌ك خوێندكار/ قوتابی دیكه‌ بۆ خوێندنی باڵا ماسته‌ر له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرین.

د.یوسف گۆران ووتی: كه‌س و كاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان كه‌ پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ كوردستان، بۆ هاندانیان و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی خوێندنی زیاتر بۆیان، بڕیارماندا به‌به‌خشینی (5) پێنچ نمره‌ به‌مه‌به‌ستی پێشبڕكێی پێشكه‌شكردن بۆ خوێندنی ماسته‌ر له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ك له‌ نێو خۆیاندا كه‌س و كاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان له‌ نێو خۆیاندا پێشبڕكێ‌ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش به‌رچاوكردنی پێوه‌ره‌ زانستیه‌كانه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش كارگه‌ری له‌سه‌ر دابه‌زینی كوالیتی خوێندن نابێت.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونمان بڕیارماندا كه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی یاساو ڕێنماییه‌كان ڕێگه‌یان پێده‌دات له‌ وه‌زیره‌وه‌ بده‌ینه‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ مه‌به‌ستی ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی ئازادی زانستیی و كارگێڕی و دارایی بۆ زانكۆكان، هه‌روه‌ك هه‌وڵیش ده‌ده‌ین له‌ پڕۆژه‌ی یاساكه‌دا جێگه‌ی بكه‌ینه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ خوێندكار/ قوتابیه‌ ئاواره‌كان كه‌ ڕویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردوه‌, د.یوسف گۆران ڕاگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی ڕابردودا ژماره‌یه‌كی زۆری خوێندكار چ ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بون و له‌ زانكۆكانی موسڵ و تكریت و زانكۆكانی دیكه‌ ده‌یانخوێند، چ ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ بون و ڕویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد ئێمه‌ هه‌وڵماندا هاریكاریان بكه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئۆفیسێكی زانكۆی موصڵمان له‌ زانكۆی دهۆك كرده‌وه‌، هه‌روه‌ك ئۆفیسێكی زانكۆی تكریت-یشمان له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین كرده‌وه‌ و له‌ خولی یه‌كه‌میشدا نزیكه‌ی (7,000) هه‌زار خوێندكار/ قوتابی له‌ زانكۆكانی هه‌رێ/ی كوردستان تاقیكردنه‌وه‌یان كردوه‌ و وه‌زاره‌ت كاره‌ئاسانی بۆ كردون و پێداویستیه‌كانی بۆ دابینكردون، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ خوێندكارانی خوێندنی باڵا (ماسته‌ر، دكتۆرا) كارئاسانی ته‌واومان بۆ كردون.

وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌یه‌كه‌یدا باسی خوێندنی تایبه‌تی كردو بۆ ئه‌وه‌ش راِگه‌یاند: خوێندنی تایبه‌ت پێویسته‌ كوالیتی به‌هێز بكرێ‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان كاری جدی ده‌كات بۆ چاودێریكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالیتی خوێندن و فێركردن له‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كان، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت ئه‌نجومه‌نێكی تایبه‌تمان بۆ چاودێریكردنی پڕۆسه‌ی خوێندنی ئه‌هلی پێكهێناوه‌و پڕۆسه‌ی دڵنیایی جۆری زانكۆ تایبه‌تیه‌كانیش به‌وردی چاودێری ده‌كرێت، له‌هه‌مان كاتدا داوامان له‌سه‌رجه‌م زانكۆ تایبه‌تیه‌كان كردوه‌ كه‌ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی دابمه‌زرێنن و چالاكی توێژینه‌وه‌ی زانستیش له‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كان كارا بكه‌ن، د.یوسف ئاشكراشی كرد كه‌ ڕێنمایی تایبه‌تیان ده‌كردوه‌ بۆ به‌خشینی ناونیشانی زانستی و به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی له‌ زانكۆ تایبه‌تیه‌كان.

په‌یوه‌ست به‌وه‌رگرتنی خوێندكاران/ قوتابیان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، د.یوسف گۆران ڕاگه‌یاند: ئه‌مساڵ نزیكه‌ی (51) هه‌زار خوێندنیان ته‌واو كردوه‌و، ژماره‌كیش ساڵی پار ماوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌رچاوكردنی خواستی خوێندكاران و توانای زانكۆكان زۆرترین ژماره‌ی خوێندكار/ قوتابی له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015) وه‌ربگرین، ڕونیشی كرده‌وه‌ پڕۆسه‌ی پێشكه‌شكردنی داواكاری بۆ زانكۆكانی هه‌رێم هه‌ر به‌شێوازی ئه‌لكترۆنی زانكۆ لاین ده‌بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كمان كردوه‌و سیسته‌مه‌كه‌شمان به‌شێوازێكی زانستی و مۆدێرن ئاماده‌كردوه‌، ڕێبه‌ری وه‌رگرتن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌سه‌رجه‌م پڕۆسه‌ی پێشكه‌شكردن و وه‌رگرتنی له‌خۆگرتوه‌، ڕونیشی كرده‌وه‌ كرد كه‌ ژماره‌ی زانكۆ حكومیه‌كان (13) زانكۆیه‌، له‌گه‌ڵ (15) زانكۆی تایبه‌ت و (2) په‌یمانگه‌ی تایبه‌ت, د.یوسف گۆران ئاشكراشی كرد كه‌ بۆ ئه‌مساڵی خوێندن (32)به‌شی تازه‌ له‌ زانكۆ حكومیه‌كان كراوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ (28) به‌شی تازه‌ له‌ زانكۆ تایبه‌تیه‌كان.

سه‌باره‌ت به‌خوێندنی باڵا (ماسته‌ر) وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: پڕۆسه‌ی خوێندنی ماسته‌ر له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015) به‌سه‌ركه‌وتوی به‌ڕێوه‌چوه‌، كه‌ تێیدا (1297) كورسی بۆ خوێندنی باڵا (ماسته‌ر) ڕاگه‌یاندرا، له‌گه‌ڵ (171) كورسی خوێندن بۆ دبلۆمی باڵا، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: هه‌فته‌ی داهاتو ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی خوێندنی باڵا (ماسته‌ر) ڕاده‌گه‌ێندرێ‌.

بۆ دامه‌زراندنی خوێندكاره‌ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆكانیش، د.یوسف گۆران ڕاگه‌یاند: دامه‌زراندن له‌ مانگی (3) و له‌ كابینه‌ی حه‌وته‌م ڕاگیراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی كه‌ ڕوی له‌ هه‌رێمی كوردستان كردوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامین و نوسراومان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌رزكردۆته‌وه‌ بۆ دامه‌زراندنیان.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌یه‌داو له‌ وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێراندا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماژه‌ی به‌ كێشه‌ی تواناسازی كردو ڕاگه‌یاند: قه‌یرانی دارایی به‌هه‌مان شێوه‌ كاریگه‌ری كردۆته‌ سه‌ر به‌رنامه‌ی تواناسازی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانیمان تاڕاده‌یه‌كی زۆر موسته‌حه‌قاتی دارایی كاندیده‌كان دابین بكه‌ین و له‌ ڕۆژانی داهاتوشدا لیستێكی نوێ‌ ڕاده‌گه‌ێنین، بۆیه‌ تا كێشه‌ی دارایی كاندیده‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ین و دۆخی ئابوری هه‌رێمی كوردستان ئاسایی نه‌بێته‌وه‌ ناتوانین خولێكی نوێی توانسازی ڕابگه‌ێنین.

سه‌باره‌ت به‌كردنه‌وه‌ی به‌شی پزیشكی له‌ زانكۆی كوردستان-هه‌ولێر، د.یوسف گۆران ڕاگه‌یاند: ئه‌و زانكۆیه‌ به‌یاسایه‌كی تایبه‌ت له‌ پاڕله‌مان دامه‌زراوه‌ و جۆرێك له‌سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی به‌ش، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ داواكاری و نیگه‌رانیه‌كانی خوێندكاران/ قوتابیانمان گه‌یاندۆته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.