نوفمبر 2016

وه‌لامی ڕاپۆرتی گۆڤاری لڤين سه‌باره‌ت به‌ وه‌زيری خوێندنی باڵا و ڕێكه‌وتننامه‌ی نێوان حكومه‌ت و زانكۆی نوتينگهام

newsitem-1271-25.03.2012-ku.jpg

 له‌ ڕاپۆرتێكی گۆڤاری لڤين، ژماره ١۹٢ له‌ ژێر ناونيشانی‌ )وه‌زيری خوێندنی باڵا ساڵانه‌ به‌ بڕی ٧٥ ‌هه‌زارپاوەند كڕڕاوه‌(، به‌ كۆمه‌لێك زانياری ناڕاست و بۆ مه‌رام و ئامانجێكی ناديار، هه‌وڵی ناوزڕاندنی به‌رێز وه‌زيری خوێندنی باڵا دراوه‌، و لێره‌دا به‌ پێويستمان زانی كه‌ به‌ وورده‌كاريه‌وه‌ وه‌لامی سه‌رجه‌م خاڵه‌ زه‌قه‌كانی بده‌ينه‌وه‌.

یەکەم ‌: لە سەرەتای دەستپێکردنی کابینەی شەشەمدا سه‌رۆكايه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران ڕێكه‌وتننامه‌يه‌كی ياسايی و شه‌فافی له‌گه‌ل زانكۆی نۆتينگهام ئه‌نجام داوه‌ بۆ خاتری مۆڵه‌تدان به‌ به‌رێز پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر تاوه‌كو پۆستی وه‌زيری خوێندنی بالا وه‌ربگرێت. ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌يه‌ له‌ لايه‌ن سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك وه‌زيرانی حكومه‌تی هه‌رێم و له‌ لايه‌ن ياساييه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران په‌سه‌ند كراوه‌ و له‌ لايه‌ن و سه‌رۆكايه‌تی ديوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران واژوو كراوه‌، بۆيه‌ ڕێکەوتننامەکە په‌يوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌ خودی به‌رێز وه‌زيره‌وه‌ نيه‌ و خۆيشی تێدا سوودمه‌ند نه‌بووه‌، چونکە پاره‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ بۆ زانكۆی ناوبراو ده‌روات نه‌ك بۆ وه‌زیر. جێگای ئاماژە پێکردنە کە ‌ زانكۆی نۆتينگهام به‌ هۆی هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێز پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر له‌ ساڵی ٢٠٠٤ هه‌تا ئێستا سه‌دان هه‌زار پاوه‌ندی له‌ ڕاهێنانی سه‌‌رۆك زانكۆ و ڕاگر و زه‌مالاتی خوێندكاران ته‌رخان كردووه‌ به‌ خۆڕایی و بێ به‌رامبه‌ر، له‌و كاتانه‌ش زانكۆكه‌ چاوی لە قازانج نه‌بووه‌، به‌لكو ئه‌م هاوكاریانه‌ی پێشكه‌ش به‌ هه‌رێم كردوه‌ بەهۆی كاریگه‌ری به‌رێز پرۆفیسۆر دلاوەر و متمانەی بڕیاردەرانی زانکۆی ناوبراو بە کارەکانی بەڕێزیان.

دووەم: ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ زانكۆی نۆتينگهام بووه‌ نه‌وه‌ك (كۆمپانيايه‌كی فرۆشتنی بواری شاره‌زا). واتا ڕێکەوتننامەیەکی پرۆفێشناڵ لە نێوان دەزگایەکی ئەکادیمی نێودەوڵەتی وەک زانکۆی نۆتینگهام و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم کارەش هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە کۆمپانیای فرۆشتنی شارەزاوە نییە.

سێهەم: به‌رنامه‌ی تواناسازی دەستپێشخەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەلایەن لێژنەیەکی باڵاوە سەرپەرشتی دەکرێت كه‌ ئه‌ويش بە سەرۆکایەتی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامێتی بەڕێزان جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری خوێندنی باڵا و پەروەردە و پلاندانان. بۆیە ئەم بەرنامەیە بەتەنها بەرنامەی پرۆفیسۆر دلاوەر و وەزارەتەکەی نییە وەک ڕاپۆرتەکەی لڤین ئاماژەی پێدەکات.

هەروەها ئەم بەرنامەیە به‌رێكه‌وتن له‌گه‌ل هيچ كۆمپانيايه‌ك وه‌يان زانكۆيه‌كی ده‌ره‌كی ئه‌نجام نه‌دراوه‌، کاندیدەکانی تواناسازی خۆیان ئازادن لەوەی کام زانکۆ لە کام وڵات هەڵدەبژێرن بەمەرجێک ئەو زانکۆیانە لە ناولیستی زانکۆ باوەڕپێکراوەکاندا بن. لە کاتێکدا‌ زۆرينه‌ی کاندیدەکانیش ڕوويان له‌ به‌ريتانيا كردووه‌ له‌به‌ر چه‌ندين هۆكار بووه‌، له‌وانه‌: وڵاتی به‌ريتانيا شوێنێكه‌ خوێندكارانی جيهان به‌ هۆی كواڵتيی به‌رزه‌وه‌ ڕووی تێ ده‌كه‌ن، زانكۆ به‌ريتانيه‌كان ده‌ستپێشكه‌ر بوونه‌ و به‌ چه‌ندين ڕێگه‌ی جياواز ته‌سويقی خوێندن ده‌كه‌ن، ڕه‌وه‌ندی كورده‌واری له‌ به‌ريتانيا زۆرن و مامۆستا و خوێندكاران له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ ئاشناترن، وه‌ به‌لای هه‌موو خوێندكارێكيشه‌وه‌ ئاسانتره‌ كه‌ ئينگليزی فێر ببێ له‌جياتی ئه‌لمانی و فه‌ڕه‌نسی و سويدی و هی تر، هاوكات كونسوڵخانه‌ی به‌ريتانيا كاری په‌يدا كردنی ڤيزای بۆ خوێندكاران له‌ هه‌موو وڵاتێكی تر ئاسانتر كرد،. بۆيه‌ش، له‌گه‌ل ده‌رچوونی خولی يه‌كه‌می تواناسازی، زۆرينه‌ ڕوويان له‌ به‌ريتانيا كرد به‌لام دواتر به‌ هۆی هه‌وڵه‌كانی وه‌زير و هاوكارانی له‌ وه‌زاره‌ت، توانرا له‌ ڕێگه‌ی ڕێكه‌وتننامه‌ی تايبه‌ت، سه‌دان خوێندكار بنێردرێنه‌ ئه‌لمانيا و فه‌ڕه‌نسا و ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانی تر. مه‌رجی زمانی ئينگليزيش بۆ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ خوێندكاران بچنه‌ به‌ريتانيا، به‌لكو ئه‌وه‌ مه‌رجێكی بنه‌ره‌تيه‌ بۆ هه‌موو خوێندكارێكی خوێندنی باڵا له‌ ناوه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.

چواره‌م : له‌ زاری بەڕێز دكتۆر عومەر نورەدینی سەرۆکی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا نوسراوه‌ كه‌وا ئه‌و ده‌نگۆیه‌يان بيستووه به‌ڵام هێشتا به‌ڵگه‌ی ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌. بێگومان بەڕێزی دەتوانێت بەشێوازێکی فەرمی یان نافەرمی داوا لە‌ سه‌رۆكايه‌تی ديوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران یان وه‌زاره‌تی دارایی بكات بۆ ئەوەی وێنەی ئەو گرێبەستەی دەست بکەوێت. وەک لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەمان پێکرد ئەم گرێبەستە شاراوە نییە بەڵکو کارێکی فەرمی و یاسایی پرۆفێشناڵە.

لە پەرەگرافێکی تردا ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە باس لەوە دەکات کە ئەو گرێبەستە نایاساییە بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە هۆکاری نایاسایی بوونی گرێبەستەکە بکات لێره‌دا بۆ ده‌ستكه‌وتنی وه‌لامی ئه‌و به‌رێزه‌، پێويسته‌ ڕووی پرسياره‌كه‌ی‌ له‌ سه‌رۆكايه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران بكرێت.

لە بەشێکی تردا ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە دەڵێت کە (مەرجە وەزیرخۆی ته‌رخان بكات بۆ خزمه‌تی ئه‌و وڵاته‌، مه‌رجه‌ ده‌بێ هاووڵاتی ئه‌و وڵاته‌ بێت) . بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا خۆی بۆ خزمەتکردنی ڕیفۆرم و گەشەپێدانی هەمەلایەنەی خوێندنی باڵا تەرخان کردووە، هەروەها پرۆفیسۆر دلاوەر ڕۆڵەی ئەم وڵاتەیە و ساڵانێکی زۆری تەمەنیشی لە خزمەتکردنی دۆزی کورددا بەڕێکردووە، ئەو بێگانە نییە بەم وڵاتە لە بەر ئەوەی هەڵگری دوو ڕەگەزنامەیە ، لە كاتێكدا هه‌لگرتنی دوو ره‌گه‌زنامه‌ له‌ كوردستان كارێكی دەستووری و یاساییە و نيوه‌ زياتری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران و بگره‌ به‌شێكی به‌رچاوی په‌رله‌مانتارانيش هه‌ڵگری دوو ره‌گه‌زنامه‌ن.

هەروەها ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە وا داده‌نێ كه‌ به‌ڕێز وه‌زيری خوێندنی باڵا له‌ ڕێگه‌ی گرێبه‌سته‌وه‌ پاره‌ وه‌رده‌گرێت، دیسانەوە وه‌ك باسكرا، به‌رێز وه‌زیری خوێندنی بالا گرێبه‌ستی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ هيچ لايه‌نێك نيه‌ و پاره‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی نێوان حكومه‌ت و زانكۆی به‌ريتانيا بۆ ئه‌و نيه‌.

دواجار ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە به‌دووری ده‌زانێت كه‌وا وه‌زيری خوێندنی باڵا له‌ كابينه‌ی حه‌وتدا به‌رده‌وام بێت چونكه‌ به‌ بڕوای ئه‌و، ئه‌و گرێبه‌سته‌ ناياساييه‌. لێرەدا دوو وه‌لام هه‌يه‌، يه‌كه‌ميان به‌ڕێز وه‌زيری خوێندنی باڵا ده‌مێكه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕووداو و پێشتريش له‌ بۆنه‌ی جيادا ڕايگه‌ياندووه‌ كه‌وا به‌ نياز نيه‌ له‌ پۆسته‌‌‌كه‌ی به‌رده‌وام بێ و ئه‌و كه‌مپه‌ينه‌ پشگيريه‌ی کە لە ئێستادا ڕاگەیەنراوە بۆ مانه‌وه‌ی، به‌بێ ئاگاداری و به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و كراوه‌، و دياره‌ هانده‌ری سه‌ره‌كيش بۆ ئه‌و به‌رێزانه‌ی به‌ كامپه‌ینه‌كه‌ هه‌لساون بريتيه‌ له‌و كاره‌ چاكسازی و ڕيفۆرمانه‌ی كه‌ له‌و دوو ساڵ ونيوی ڕابردوودا ئه‌نجامی داوه‌. وه‌ڵامی دووه‌ميش ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا ئه‌گه‌ر به‌لای ئەو په‌رله‌مانتاره‌ بەڕێزەوە ئه‌و گرێبه‌سته‌ ناياساييه‌، ئه‌وا به‌ڕێزی ده‌توانێ پرسیارەکەی ئاراستەی سه‌رۆكايه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران بكات كه خاوه‌نی گرێبه‌سته‌كه‌يه‌.

شایانی باسه‌ كات وساتی بڵاو كردنه‌وه‌ی زنجيره‌ ڕاپۆرت و ‌نامه‌يه‌ك له‌ ماڵپه‌ر و كۆڤاری‌ چاپكراوی لڤین گومان له‌لای زۆر كه‌س دروست ده‌كات. ئه‌م وتارو راپۆرتانه‌ پرن له‌ رق و كینه‌ دژی كه‌سایه‌تی خودی وه‌زیر به‌ بێ هيچ جۆره‌ هه‌لسه‌نگاندێك بۆ دەستپێشخەری و كاره‌ گرنگ و پڕ بایەخەکانی، بە تایبەت شۆڕشی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆکان و پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستیی و چاکسازی سیستەمی خوێندنی باڵا و چەسپاندنی بنەماکانی شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. له‌لامان نادیاره‌ كه‌ ئايا سه‌رچاوه‌ی ئه‌م رق و كینه‌یه‌ له‌كوێیه‌ وهۆكاره‌كه‌ی چیه‌؟ بۆ نمونە دانانی مانشێتی سه‌رنج راكێش و تانه‌دار وەک (بەکارهێنانی وشەی کڕینی وەزیر) بۆ مه‌به‌ستی ناوزراندنی وه‌زیرێك كه‌ زۆرترین كاری چاكسازی و ریفۆرمی ئه‌نجامداوه‌ جێگه‌ی پرسیاره‌، ئایا په‌یامی گۆڤاری لڤین له‌م راپۆرته‌ چیه‌ و كێ سودمه‌نده‌ له‌م كاره‌؟ ئایا گۆڤاری لڤین کام ڕێگای هەڵبژاردووە ، له‌دوای حه‌قیه‌ته‌كان ده‌روات و پشتگیری له‌ ریفۆرم و چاكسازی ده‌كات یان ئه‌جێندای تری هه‌یه‌ كه‌ ناویان نایه‌ت و گۆڤارەکە به‌كارهاتوه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌؟