ڕۆژى 5/2/2011 لە دیوانى وەزارەت پڕۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبونى دکتۆرە بێریڤان خەیلانى ڕاوێژکارى وەزیر و ئارام خان بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکان،پَیشوازیکرد لە سەید جەعفەر حسێن نوێنەرى ڕیکخراوى تەندروستى جیهانى لە عێراق .
لەدانیشتنەکەدا دواى بەخێرهاتنى وەفدى میوان لە لایەن وەزیرى خوێندنى باڵاوە، دکتۆر حسێن ئاماژەى بەوەکرد ، کە بەهۆى ئارامى و ئاسایشى کوردستان، هەوڵدەدەن ئۆفیسى سەرەکى عێراق لە کوردستان بکەنەوە گوتیشى " دەمانەوێت بزانین چۆن دەتوانین یارمەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا بدەین لە بوارى تەندروستیەوە".
وەزیرى خوێندنى باڵا لەلایەن خۆیەوە جەختى لەسەر کاراکردنى زیاتر بۆردى پزیشکى لە کوردستان کردەوە. هەروەک گوتیشى " پێویستمان بەوە هەیە، کە چەند شارەزایەکى ئێوە لە داڕشتنى یاساى خوێندنى باڵا لە بوارە تەندروستییەکەى هاوکاریمان بکات".
پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین داوایکرد، کە ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى هاوکارییان بکات لە زەمینەسازى بۆ ناردنى خوێندکار و کادیرانى تەندروستى بۆ وڵاتانى دەرەوە.
لەوەڵامدا وەفدى میوان ئامادەیى خۆى دەربڕى بۆ دابینکردنى شوێنى خوێندن، بەتایبەتى " لەو وڵاتانەى کە دەبنە هۆى ئەوەى سودێکى زۆر بە کادیرانى بوارى تەندروستى بگەیەنێت".
لە کۆتایی دانیشتنکەدا بڕیاردرا، کە ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى بەردەوام بێت لە لە پەیوەندى لە گەڵ وەزارەت، بۆیە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەى بەیانى دانیشتنێک لە نێوان ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانى وەزارەت لەگەڵ وەفدى میوان بکرێتەوە".