وەزیرى خوێندنى باڵا:
" هانى وەبەرهێنانى بیانى لە بوارى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەدەین، چونکە هەست بە رادەى پێویستى و گرنگى ئەو لایەنە دەکەین".
بۆ یەکەمجار لە هەرێمى کوردستان، کۆنفراسێکى فراوان بە ئامادە بوونى دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە بەشدارى نوێنەرى 18 وڵاتى بیانى، کە لە نێوانییاندا وەزیرى پەروەردەو فێرکردنى باڵاى تورکیا و جێگرى وەزیرى خوێندنى باڵاى وڵاتى مالیزیا ئامادە ببوون، هەروەها بە سەدان کەسى پڕۆفشناڵ لە بوارى خوێندنى باڵاو و توێژینەوەى زانستى لە ئاستى پڕۆفسۆر و دکتۆرا، کە لە وڵاتانى جیا جیا هاتبوون، بەژدارییان کرد و بەشێکیش لەوانە وتاریان خوێندەوە.
کۆنفراسەکە، لە ژێر ناوى "بەرەوە چالاکردنى توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان".رۆِژى 14/12/2010 دەستى پێکرد و وابڕیارە سێ ڕۆژ بخایەنێت. لە دەسپێکى کۆنفراسەکەدا، دکتۆر بەرهەم ، سەرۆکى حکومەتى هەرێم گوتى " گرنگى ئەو کۆنفراسى لەوە چڕ دەبێتەوە، کە هەلێکى باش بۆ دروستکردنى پەیوەندى لە نێوان زانکۆکانى کوردستان و زانکۆکانى جیهان دەڕەخسێنێ، کە ئەمەش خۆى لە خۆیدا لە خزمەتى ئەو بەرنامەدایە، کە لە بوارى خوێندنى باڵا، بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندکاران دەستمان پێکردووە". هەروەک گوتیشى " گرنگیدان بە بوارى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، گرنگیدانە بە داهاتووى وڵات".
پڕۆفیسۆر دلاوەرە عەبدولعەزیز عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵاً و توێژینەوەى زانستى ، لە وتەیەکیدا ، بە وردى باسى لە ئەجنداى کۆنفراسەکە کرد و ئامانج و مەبەستەکانى بۆ ئامادە بوان خستە ڕوو. د. دلاوەر ئاماژەى بە ستراتیجیەتى کارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، کە هەموو هەولێکیان بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستە لە هەرێمى کوردستان ، بۆ ئاستێکى زانستى بە کوالیتیەکى ئەوتۆ، کە هاوشانى ئاستى زانکۆکانى جیهان بێت ، هەروەک گوتیشى " یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانى ئێمە لەو کۆنگرەیە، دروستکردنى پردێکى پەیوەندییە لە بوارى زانست و خوێندنى باڵا، کە بوونى ئەم پردە بەلاى ئێمەوە زۆر گرنگە. ئێمە لەو کۆنفراسە نزیکەى 100 پسپۆڕى بوارى توێژینەوەى زانستییمان لە وڵاتانى بیانى داوەت کردوە. بۆیە ئەم کۆنفراسە، کۆنفراسێکى ئاسایى نییە و هیوادرام بە ئەنجامێکى باش کۆتایى بێت و لە خزمەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بێت لە هەرێمى کوردستان".
نوفمبر 2016