نوفمبر 2016

وه‌زیرى خوێندنى باڵا به‌شدارى له‌ ئاهه‌نگى ده‌رچووانى زانكۆى هه‌ولێرى پزیشكى ده‌كات

رۆژى دووشه‌مه‌ كاتژمێر 6:30ى ئێواره‌ 28/6/2010 له‌سه‌ر گۆرِه‌پانى كۆلێژى هه‌ولێرى پزیشكى پرِۆفیسۆر د.دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیز عه‌لائه‌ددین وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و به‌ئاماده‌بوونى هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیرانى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ و پلاندانانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌شداری له‌ ئاهه‌نگى پێنجه‌می ده‌رچووانى زانكۆى هه‌ولێرى پزیشكى كرد.

 

له‌ وته‌یه‌كیدا، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌ بۆنه‌ى خولى پێنجه‌می ده‌رچووانى زانكۆى هه‌ولێرى پزیشكى بۆ ساڵى 2010-2009 په‌یامى پیرۆزبایى سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى ئاراسته‌ى مامۆستایان و خوێندكاران كرد و له‌ ئاماژه‌یه‌كیشدا گوتى ئه‌مرِۆ رۆژێكى مێژووییه‌، كه‌ مایه‌ى سه‌ربه‌رزى و سه‌رفرازییه‌ بۆ ئێمه‌ و ته‌واوى خانه‌واده‌كانتان، زۆر گرنگه‌ ئێوه‌ دواى دروێنه‌ى به‌رهه‌مى ره‌نجى بازووتان، كه‌ ئه‌ویش ئه‌و برِوانامه‌ پیرۆزه‌یه‌ كه‌ ئه‌مرِۆ پێتان ده‌به‌خشرێت، پێموایه‌ له‌مرِۆوه‌ ته‌حدیاته‌كانى دروست كردن و بنیاتنانه‌وه‌ى بنه‌ماكانى شار و وڵات ده‌ست پێ ده‌كات".

له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا وه‌زیرى خوێندنى باڵا راى گه‌یاند به‌ پاڵپشتى حكوومه‌ت پرۆسه‌یه‌كمان له‌به‌رده‌سته‌ بۆ دڵنیابوون له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى برِوانامه‌كان و گه‌رِاندنه‌وه‌ى هه‌یبه‌ت بۆ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان و پیاده‌كردنى به‌رنامه‌ى زانستخوازى به‌رده‌وام و هاوتاكردنى ئاستى وانه‌ و راهێنانه‌كان له‌گه‌ڵ دنیاى پێشكه‌وتوودا".