نوفمبر 2016

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ بۆ خوێندكارانی دكتۆرا له‌ به‌ریتانیا

رۆژی 2/6/2010 راپۆرته‌ هه‌واڵێك له‌ ماڵپه‌ڕی هه‌فته‌نامه‌ی ئاوێنه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی خوێندكارانی دكتۆرا، كه‌ له‌‌ وڵاتی به‌ریتانیا ده‌خوێنن، به‌پێویستمان زانی ئه‌م روونكردنه‌وه‌ وه‌ك دڵنیاییه‌ك بۆ ئه‌و خوێندكاره‌ به‌ڕێزانه‌ بڵاوبكه‌ینه‌وه‌.

 

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، له‌ یه‌كه‌م ساتی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م گرفته‌وه‌ له‌ خه‌می هه‌رچی زووتره‌ چاره‌سه‌ركردنیدا بووه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌نووسراوی ژماره‌ 5354 له‌ 20/4/2010 داوای له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كرد، كه‌‌ بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ پرۆگرامی تواناسازی مرۆیی ته‌رخان بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زیاتر له‌ 1200 خوێندكاری كورد له‌ زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌.

له 4/5/2010 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی نووسراوه‌كه‌ی ئێمه‌ی به‌ نووسراوی فه‌رمی ژماره‌ 4834، داوه‌ته‌وه‌و وێنه‌یه‌كیشی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كردووه‌ بۆ جێبه‌جێكردن.

وه‌كو له‌كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌دا رامانگه‌یاند و ئێستاش دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ هه‌بێت چاره‌سه‌ركراوه‌. ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ رێنمایی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابورییه، كه‌ پێویسته‌ بیداته‌ وه‌زاره‌تی ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و رێنماییانه‌ مووچه‌و ده‌رماڵه‌ی ئه‌و خوێندكارانه‌ خه‌رج بكه‌ین.

په‌یامی ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بۆ ئه‌و خوێندكاره‌ به‌ڕێزانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌هێڵن ئه‌و گرفته‌، كار له‌ خوێندن و ئاستی زانستی خوێندنه‌كه‌یان بكات. چونكه‌ راسته‌وخۆ وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌وڵی هه‌رچی زووتری چاره‌سه‌ری گرفته‌كه‌دایه‌. 

 

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی

 

3/6/2010