نوفمبر 2016

وه‌زیری خوێندنی باڵا داموده‌زگا ئه‌كادیمییه‌كانی چه‌مچه‌ماڵ به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌

سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه‌ 9/1/2010 به‌ڕێز پڕۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیز عه‌لائه‌دین وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ هاوڕێیه‌تی شاندێك كه‌ پێك هاتبوو له‌ به‌ڕێزان د. كه‌ریم عه‌بدول ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا بۆ كاروباری خوێندنی باڵا و به‌ڕێز د. محمد سابیر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی خوێندن و پلاندانان و به‌دواداچوون به‌ جیا هه‌ردوو كۆلێژی (په‌ردوه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی و كۆلێژی. زانسته‌ ڕامیارییه‌كان و په‌یمانگای ته‌كنیكی چه‌مچه‌ماڵیان) به‌سه‌ر كرده‌وه‌ له‌لایه‌ن ڕاگران و مامۆستایانی هه‌ردوو كۆلێج و په‌یمانگاوه‌ به‌گه‌رمی پێشوازیان لێكرا.

 

 

له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی بالێ و توێژینه‌وه‌ی زانستی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی له‌گه‌ڵ ته‌واوی ستافی كۆلێجه‌كان و په‌یمانگای ته‌كنیكی ئه‌نجامدا، سه‌ره‌تا له‌ وته‌یه‌كدا پرۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین مێژووی قوربانیدانی شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵی به‌گرنگیه‌وه‌ باس كرد و ڕۆڵی دانیشتوانی ئه‌م شارۆچكه‌یه‌ی له‌ قوناغه‌ جیاجیاكانی خه‌باتی ڕزگاری گه‌لی كوردستاندا به‌رز نرخاند و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌وه‌زاره‌ت پلانی درێژخایه‌نی هه‌یه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی كۆلێج و په‌یمانگاكانی شاری چه‌مچه‌ماڵ.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌ڕێزیان تیشكیان خسته‌ سه‌ر ڕوانگه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ده‌رباره‌ی ئازادی ئه‌كادیمی و كارگێڕی زانكۆ و دام و ده‌زگاكانی خوێنی باڵا و شۆڕكردنه‌ و دابه‌شكردنی ده‌سته‌ڵاته‌كان بۆ كۆلێج و به‌شه‌ زانستییه‌كان, وه‌زیری خوێندنی باڵا ڕایگه‌یاند پلانی وه‌زاره‌ت بریتییه‌ له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی لامه‌ركه‌زی ئیداری بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌موو لایه‌كمان كارده‌كه‌ین له‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتیدا ئه‌م ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نین.

ته‌وه‌رێكی تری باسه‌كان بریتی بوون له‌ تاوتوێكردنی به‌رنامه‌ی دڵنیایی جۆری و به‌ڕێزیان ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌ كه‌ ته‌ركیزی به‌رنامه‌ و ستراتیجه‌كانی وه‌زاره‌ت بریتییه‌ له‌ باش كردنی جۆرایه‌تی پرۆسه‌ی خوێندن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی فێربوون له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان, بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا پلانی دڵنیایی جۆری ئاماده‌ كردووه‌ و به‌ووردی چاودێری جێبه‌جێكردنی ده‌كات و ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش پێویستی به‌كات و هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی مامۆستایان و قوتابییه‌خوێندكاره‌كان و فه‌رمانبه‌ران هه‌یه‌.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا وه‌زیری خوێندنی باڵا به‌رنامه‌ی ته‌رخانكردنی بڕی سه‌د ملێون دۆلار بودجه‌ی ساڵانه‌ی بۆ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی خوێندكاران و قوتابیان بۆ ئاماده‌بووان ڕوونكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی زۆر نزیكدا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت, ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ كه‌ شانبه‌شانی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی قوتابییه‌ خوێندكاره‌كان له‌ به‌رنامه‌ماندایه‌ كه‌ به‌ مه‌به‌ستی ڕاهێنان و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌ل بۆ مامۆستایانیش ڕه‌خسێنین كه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات.

له‌ به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی گواستنه‌وه‌ی ڕاژه‌ و دامه‌زراندن به‌ میكانیزمێكی دیموكراسی و شه‌فاف له‌ ڕێگای ڕاگه‌یاندنی ئاشكرا و له‌سه‌ر بنه‌مای پێشبڕكێ ده‌بێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ چه‌ندین ڕا و سه‌رنج و پێشنیاریان له‌باره‌ی سیستمی كارگێڕی و دارایی كۆلێژ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو، له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ وه‌زیری خوێندنی بالێ و توێژینه‌وه‌ی زانستی پشتگیری ته‌واوی خۆی بۆ دووپاتكردنه‌وه‌.