Nov 2016

پەیامى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبارەى چارەنوسى پڕۆسەى ئەمساڵى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان لەهەرێمى کوردستان

وەزیری خوێندنی باڵا

مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیانی ئازیزی زانکۆکانی کوردستان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ...

 

سەرەتا لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانتان لێدەکەم، هیوای تەندروستی باش بۆ هەمو لایەکتان دەخوازم و هەروەها هیوام وایە کوردستانەکەمان بەرەو ئارامی و سەقامگیری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر هەنگاو بنێت، وەک دەزانن بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای گشتگیری کۆرۆنا و لێکەوتەکانی و ڕێککارە خۆپارێزیەکان و گرفت و قەیرانی ئابوری، هەرێمەکەمان بە قۆناغێکی دژواردا تێپەڕ دەبێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەم قۆناغەدا هەوڵی داوە بەڕەچاوکردنی دۆخی ئابوری و سایکۆلۆجی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران و پاراستی بەرژەوەندی گشتی چارەسەری واقیعی و گونجاو بۆ پاراستنی خوێندنی ئەمساڵ بدۆزینەوە، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی تایبەتی مامۆستایانی ئازیز و فەرمانبەرانی زانکۆکانی کوردستان بکەم کە لەم قۆناغەدا سەرباری قەیران و گرفتەکان توانیان بە گیانی لە خۆبردوویی و  هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی هاوکاری پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بکەن.  

 

هەر وەک پێشتر لە ئەنجومەنی وەزارەت بڕیارمان دابو کە ئەگەر دۆخی تەندروستی هەرێمەکەمان لەبار بێت ئەوا لە  ٣١/ ٥/٢٠٢٠ دەرگای کامپەسی زانکۆکان بکەینەوەو بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدەین، بەڵام بەداخەوە دواگۆڕانکاریەکانی دۆخی تەندروستی و ڕێنمایی و ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەکانی وەزارەتی تەندروستی پێمان دەڵێن  کە لە ئێستادا ناتوانین دەرگای کامپەسەکانی خوێندن بکەینەوە، بەتایبەت قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکان لە شار و شارۆچکەو شوێنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانەوە دێن و لە نێو بەشە ناوخۆییەکاندا نیشتەجی دەبن،  هەر بۆیە لەئێستادا گەڕانەوەیان بۆ نێو کامپەس و بەشە ناوخۆییەکان مەترسی بۆ بڵاوبونەوەی زیاتری ئەم پەتایە دروست دەکات، لەم چوارچێوەیەشدا دوای ڕاوێژ و لەسەر ڕاسپاردەی  بەڕێزان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت، لە کۆبونەوەی ژمارە (٨)ی نائاسایی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە ئێوارەى رۆژى سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦/٥/٢٠٢٠ بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامدرا، دوای تاوتوێکردنی دوا گۆڕانکارییەکانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو چارەنوسی پرۆسەی خوێندنی ساڵی (٢٠١٩-٢٠٢٠)، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە درا :

بڕگەی یەکەم: ئەو زانکۆیانەی کە پەیڕەوی بۆڵۆنیا پرۆسێس دەکەن بەم شێوەیەی خوارەوە بڕیاردرا:

  1. ئەژمارکردنی هەمو ئەو کریدیتانەی کە خوێندراوەو تاقیکردنەوەی تێدا ئەنجام دراوە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).
  2. ئەو کریدیتانەی کە نەخوێندراوە ئەوا دابەش دەکرێت بەسەر سیمیستەرەکانی داهاتوو لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) و لە سیمیستەرەکانی ساڵانی داهاتو دەخوێندرێت، چونکە بە گوێرەی سیستمی بۆڵۆنیا ئەم جۆرە گۆڕانکاریانە ڕێگەپێدراوە بە پێی بنەماکانی کۆکردنەوەی کریدیت.

بڕگەی دووەم: سیستەمی ساڵانەو سیستەمی کۆرسات: بەم شێوەی خوارەوە جێبەجێ دەکرێت:

  1. هەمو بەشەکان (زانستییەکان و مرۆڤایەتییەکان) ئەنجامی تێرمی یەکەمیان بۆ ئەژمار دەکرێت بۆ مەبەستی دەرچون یان دەرنەچونی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).
  2. ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە لە ئەنجامەکانی تێرمی یەکەم دەرنەچون یاخود تاقیکردنەوەیان نەکردوە، ئەوا زانکۆکان لە ڕێگەی ڕاپۆرتی زانستی یاخود هەر میکانیزمێکی تری گونجاو هەڵسەنگاندن ئەنجام ئەدەن، بەبێ ئەوەی قوتابیان و خوێندکاران بگەڕێنەوە نێوکامپەسی زانکۆکان.
  3. ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە بەئەنجامەکانی تێرمی یەکەم دەرچون ئەوا سەرپشکن کە دوبارە بەشداربن لەو هەڵسەنگاندنەی کە بە ڕاپۆرت و میکانیزمەکانی تر ئەنجام ئەدرێت، ئەگەر خوێندکارێک بیەوێت نمرەکانی بەرزبکاتەوە لە پێناو پاراستنی کێبڕکێی زانستی.
  4. سەبارەت بە توێژینەوەی دەرچونی قۆناغە کۆتاییەکان ئەوا نمرەکان دابەش دەکرێت لە نێوان مامۆستای سەرپەرشتیار و یەک مامۆستای تری هاوپسپۆر کە هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەکە ئەنجام ئەدات.
  5. سەبارەت بە قوتابیان و خوێندکارانی قۆناغی کۆتایی کۆلیجەکانی پزیشکی گشتی و پزیشکی ددان ئەوا دەنێردرێنە ناو نەخۆشخانەکان بۆ تەواوکردنی لایەنی پراکتیکی وانەکانیان و دواتر هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجام ئەدرێت لەبری تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).

 

بڕگەی سێیەم: بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەی سەرەوە دەسەڵات ئەدرێت بە زانکوکان بۆ دارشتنی وردەکاری جێبەجێکردن لەپێناو ڕەچاوکردن و پاراستنی جیاوازی و تایبەتمەندێتی نێوان زانکۆکان.

 

بڕگەی چوارەم: زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش ئەم بڕیارانەی سەرەوە جێبەجێ دەکەن.

 

بڕگەی پێنجەم: سەبارەت بە قوتابیان و خوێندکارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا ئەوا بەپێی بڕیارەکانی پێشو و پرۆگرامی خوێندنی خۆیان بەردەوام ئەبن.

لە کۆتاییدا هیوای تەندروستی و سەرکەوتن بۆ یەکەبەیەکەی خوێندکاران و قوتابیان دەخوازم و لە ناخەوە سوپاسی دایک و باوک و کەسوکاری بەڕێزیان دەکەم کە لە پێگەیاندنی ڕۆڵەکانیاندا ماندو بون و درێغییان نەکردوە.

 

هەروەها جارێکی تر پڕ بەدڵ سوپاسی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرە بەڕێزەکانی  وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان دەکەم کە هەمیشە لە پێناو خزمەتکردن و پێگەیاندنی ڕۆڵەکانی نیشتیمانەکەماندا درێغیان نەکردوە.

 

ئەمانەى سەرەوە بەشێکن لە خاڵە سەرەکیەکانى بڕیارەکانى کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزارەت، لە نزیکترین دەرفەتدا وردەکارى زیاترى بڕیارەکان کە وردەکارى زیاترى تێدایە بە ڕێنمایى بۆ زانکۆکان دەنێردرێت، بە ڕەچاوکردنى بڕگەى سێیەم.

لەگەڵ هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک.

 

د. ئارام محمد قادر

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

٢٦/٥/٢٠٢٠

 

بۆ بینینی دەقەی پەیامی د.ئارام وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كلیك (لێـــــــــرە) بكە