Nov 2016

به‌ئاماده‌بونی د.یوسف گۆران دیدارى ڕۆڵی زانکۆکان لە بونیادنان و بڵاوکردنەوەی هزری ئاشتیی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتی دەستى بەکارەکانى کرد

دیداری ئاشته‌وایی

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: شانازی دەکەین کە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەشی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان پێشکەش بکات، وتیشى: لەم هەرێمەی ئێمە نەتەوەو پێکهاتە جیاکان پێکەوە توانیویانە لەسایەی ئارامی و سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیدا ژیانی ئاسوودە بەسەر ببەن.

ئەم وتانەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى پێشکەش کردنى وتەیەکدا هات کە لەیەکەم دیدارى رۆڵی زانکۆکان لە بونیادنان و بڵاوکردنەوەی هزری ئاشتیی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتی پێشكه‌شیكرد.

له‌و كۆنفرانسه‌دا، كه‌ بە ئامادەبونى د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانۆكی سه‌ڵاحه‌ددین و، نوێنەرى سەرۆکى پاڕلەمان و نوێنەرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایانى زانکۆ و پسپۆڕانى زانستى لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و ئێراق ده‌ستیپێكرد، لەلایەن زانکۆی سەڵاحەددین و جوڵانەوەی ئاشتەواویی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان و (رابطە النجف الاشرف الخدمیة) رێكخراوه‌، ئەمڕۆ چوارشەممە 10/10/2018 لەهۆڵى سێنته‌ری کۆمەڵایەتى و ڕۆشەنبیرى زانکۆى سەڵاحەددین به‌پێشكه‌شكردنی چه‌ند وتاریك ده‌ستی به‌چالاكیه‌كانی خۆیی كرد.

لەو چوارچێوه‌یه‌دا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی پێشكه‌شكرد و، له‌سه‌ره‌تای وته‌كه‌یدا، وتى: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم دیدارەدا لەگەڵتاندام، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ڕۆڵی زانکۆکان لە بنیادنان و بڵاوکردنەوەی بیری ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ناوەخۆیی، کە یەکێکە لەبابەتە گرنگەکان نەک تەنها بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و ئیراق بەڵکو گرنگ و پێویستە بۆ تەواوى خەڵک و لایەنەکان.

وتیشى:دەستخۆشی لە زانکۆی سەڵاحەددین و جوڵانەوەی ئاشتەواویی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان و ( رابطە النجف الاشرف الخدمیة) دەکەم بۆ ڕێكخستنی ئەم دیدارە, سوپاستان دەکەم بۆ کۆکردنەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ لەسەرتاسەری ئێراق، ئەوەی بتوانین گفوگۆیەکی بنیاتنەرانە و زانستیانە ئەنجام بدەین دەربارەی بەشداری زانکۆکان لە چەسپاندنی بیرو هزری لێبوردەیی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ناوخۆیی لەسەر ئاستی ئێراق و کوردستان، بۆ ئەوەش ڕونیکردەوە: بنەماى ئاشتى یەکێکە هەرەگرنگەکان بۆ ناساندنى تاک لەنێوان تاکەکان و دواتریش لەسەر ئاستى نەتەوەیى و ئاینى، لەو چوارچێوەیەشدا، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ئێمە شانازی دەکەین کە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەشی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان پێشکەش بکات، لەم هەرێمەی ئێمە نەتەوەو پێکهاتە جیاکان پێکەوە توانیویانە لەسایەی ئارامی و سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیدا ژیانی ئاسوودە بەسەر ببەن. زیاتر وتیشى:شانازی دەکەین کە کۆمەڵگه‌ی کوردستان فرە ڕەنگ و فرە کەلتورە و لێبوردەیی و قبوڵکردنی جیاوازییەکان خەسڵەتی هەرە دیاری کۆمەڵگه‌کەمانە.

هەر لە وتەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: لەسەرەتاکانى دروستبونى دەوڵەتى ئێراق بەهەموو قۆناخەکانى پاداشایه‌تی و دواى پادشایه‌تیش کێشەیى نەتەوەیى هەبووە و کار بۆ لێکترازانى نەتەوەکان کراوە ، بەتایبەتى لە هەشتاکانى سەدەى ڕابردو، وتیشى: بەداخەوە لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابردوودا، ئێراق بە قۆناخێکی دژواردا تێپەڕی، ناکۆکیە ناوخۆیی و تائیفیەکان بە ئاقاری توندوتژیدا بران و جەنگی نەگریسی داعش زیاتر برینەکانی ئەم وڵاتەی قوڵتر کردەوە. ڕاشیگەیاند: ئەم جەنگانە نەخوازراو بوونە هۆی لێکترازانی کۆمەڵایەتی و پەکخستنی هەموو کایەکی ژیان کۆمەڵگه‌ی ئێراقی، لە ئێستاشدا کۆمەڵگه‌ی ئێراقی لە ژێر کاریگەری و ئاسەوارەکانی جەنگ و توندوتیژیدا کۆمەڵگه‌یەکی شەتەک و لێکترازاوە، پێویستی بە ژیانەوەو دوبارە بنیادنانەوە هەیە، لەم سۆنگەیەوە زانکۆکان و کۆمەڵگه‌ی ئەکادیمی دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن.

بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: دەبێت زانکۆکان جگە لە ئەرکەکانی فێرکردن و توێژینەوە و بەرهەمهێنانی مەعریفە دەبێت زیاتر ئاوێتەی کۆمەڵگه‌ ببن و بەشداری کارایان هەبێت لە چارەسەرکردنی پرس و گرفتەکانی کۆمەڵگه‌، دەبێت بەشدار لە زەمینەسازی بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی بنەماکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، وتیشى: هەروەها زانکۆکان دەتوانن لە ڕێگه‌ی دەسپێشخەری داهێنەرانەوە بەشداری گەشەپێدانی ئابوری و رەخساندنی هەلی کار بکەن بە تایبەت لە ڕێگه‌ی هەماهەنگیی لەگەڵ بازاری کارو کەرتی پیشەسازی.

لە کۆتایى وتەکانیشیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: هیوام وایە ئەم کۆنفراسە سەرکەوتوو بێت، ئێمە چاوەڕوانی پێشنیاز و بڕیار و راسپاردەکانتان دەکەین، وتیشى: هەمومان پێکەوە کار بۆ ئارامی سەقامگیری ئێراق بکەن، بە جۆرێک نەتەوە و کەلتورو ئاین و رەنگە جیاوازەکان بتوانن بە ئارامی پێکەوە بژین و لە سایەی ئابووریەکی فرە رەنگ و گەشەکردودا دەرفەتی یەکسان بۆ هەلی کار و پشکەوتنی تاکەکانی کۆمەڵگه‌ برەخسێنن.

لەلایەن خۆشیەوە د.ئەحمەد دزەیی، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین ڕایگەیاند: ئێمە لە کوردستان بزووتنەوەیەکمان هەیە، کە پێیدەڵێن بزووتنەوەی ئاشتی نێوخۆیی، کە لە مامۆستایانی زانکۆ لەسەرتاسەری کوردستان پیکهاتوون، لەگەڵ رێکخراوێکی خزمەتگوزاری لە نەجەف، کە هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتی دەدەن، هاتوون بۆ ئەوەی بە یەکەوە ڕۆڵمان هەبێت لە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییەی لەنێوان پێکهاتەکانی ئێراق لە ماوەی رابردوودا هەبووە، وەکو رۆڵی زانکۆکان.

پاشانیش هەریەک لە د.موسا محەمەد سەرۆکى بزافى ئاشتى ناوخۆیى و حسین حیدرى سەرۆکى رابیتەى نەجەفى پیرۆز بۆ خزمەتگوزراى وتەى جیایان پێشکەش کرد.

لەماوەى دوو ڕۆژى کارەکانى کۆنفرانس نزیکەى 60 توێژینەوەى زانستى پێشکەش دەکرێن، ناوەڕۆکەکانیان ئەوە دەخەنەڕو، کە چۆن بتوانین کۆمەڵگه‌یەکی ئاشتەوایی بونیادبنێین و چارەسەری کێشەکانمان بکەین. لەو کۆنفرانسەدا، زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشدارن بە توێژینەوە، جیا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیش، زانکۆکاکانی موسڵ، حەمدانیە، تکریت، سامەرا، کەرکووک، نەجەف، کەربەلا، قادسیە و بەغدا، چەند توێژینەوەیەکیشمان لە دەرەوە بۆ هاتووە، لە لیبیا و جەزائیر.